دوای هێرشو پەلامارەكانی داعش بۆ خوارووی عیراقو بەتایبەتیش دوای دەست بەسەرداگرتنی شاری موسڵ لەلایەن ئەو گرووپەوە، قەیرانێكی گەورە رووی لەخوارووی عیراق كردووە بەتایبەتی شاری موسڵ، ئەو قەیرانانە چەند شتێك دەگرێتەوە، یەكێ لەو قەیرانانە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراكە بەتایبەتی ئارد، قەیرانێكی تر نەمانی تۆڕەكانی مۆبایلو ئینتەرنێتو پەیوەندیكردنە كە بەتەواوەتی لەو ناوچانە پەكیكەوتووە، ئەم تۆڕانە لەچەند گەڕەكێكدا بەتەواوەتی كز بووەو نەماون، تەنها لە(گەڕەكی تەحریرو دیجلە ستیو پردی پێنجەم نزیك شەلالات) تەلەفون كاردەكات، بۆیە هاووڵاتیانی گەڕەكەكانی تر بۆ پەیوەندی گرتن بەناچاری روو لەو گەڕەكانە دەكەن كە لەپێشەوە ئاماژەم پێدا، قەیرانێكی تر نەبوونی ئاوی خواردنەوەیە ئەوەتا سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە زیاتر لە 10 رۆژە قەیرانی ئاوی خواردنەوە لەلای راستی شاری موسڵ دروستبووەو هاووڵاتیان بێزاریی تەواویان پێوە دیارەو ناتوانن بەبێ ئاو ژیان بگوزەرێنن، هەروەها قەیرانێكی تر كە لەو شارەدا دروستبووە بریتییە لەبەرزبوونەوەی نرخی پێداویستیو شتومەكەكانی رۆژانە، نرخی ئەو شتانە بەشێوەیەك بەرزبۆتەوە كە هەندێك خێزان توانای كڕینی ئەو شتومەكانەیان نییە، بۆ نموونە لەچەند رۆژی رابردوودا نرخی یەك بتڵ غاز لەشاری موسڵ گەیشتۆتە 100 دۆلارو نەوتیش هەر دەست ناكەوێت، دەكرێ بڵێین گرانی غاز وایكردووە هاووڵاتیان بەناچاری بۆ ئامادەكردنی خواردن سوود لەسووتاندنی دارو پەرەمێز ببینن.
ئەوانەی لەسەرەوە باسمكردن پەیوەندی بەنووسینی بابەتەكەی منەوە نییە، تەنها خاڵێكیان كە زیاتر دەمەوێ لەسەری بدوێم ئەویش بەرزبوونەوەی نرخی بتڵی غازە بۆ 100 دۆلار، هەر ئەوەش سەرنجی منی بەلای خۆیدا راكێشاوە، ئەویش ئەوەیە كە هەندێك خێزان لەبەر خراپی بارودۆخی ژیانیانو كەمدەرامەتییان، هەروەها لەترسی ئەوەی نەوەكو كچەكانیان لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی داعشەوە ببرێنو دەستدرێژی بكرێتە سەریان وایان پێ باشترە كە كچەكانیان بدەن بەشوو، بەڵام بزانن چ بەشوودانێك؟!، ئەوەتا سەرچاوەكانی هەواڵ ئاماژە بەوە دەكەن كە لەچەند رۆژی رابردوودا چەند خێزانێك كچەكانیان داوە بەشوو لەبەرامبەر وەرگرتنو دەستكەوتنی سوتەمەنی بەتایبەتی غازی پڕ، باوكێك كچەكەی خۆی داوە بەشوو لەبەرامبەردا داوای 15 بتڵ غازی لەزاوا كردووە، واتا ئەگەر ههر بتڵه غازێك بە 100 دۆلار بێت، كچەكە بدرێت بەزاوا لەبەرامبەر 15 بتڵە غاز، ئەوا دەردەكەوێت كە كچێك بە(1500 دۆلار) بەشوو دراوە، كاتێكیش كە پرسیار لەباوكی كراوە كە بۆچی كچەكەی لەبەرامبەر وەرگرتنی بتڵی غازدا بەزاوا فرۆشتووە، وتویەتی «پێم باشترە كچەكەم شوو بكات نەوەكو چەكدارانی داعش بێنو بە بەرچاوی خۆمەوە بیبەنو دواتریش دەستدرێژی بكەنەسەری، من ئەم شێوە شووكردنەم پێ باشترە، چونكە لەلایەكەوە من لەنەهامەتیو نەبوونی سووتەمەنی رزگار دەكاتو تا ماوەیەك بۆ خۆم دەحەسێمەوەو گیرۆدەی ئەوە نابم كە كاربكەمو بەدوای سوتەمەنیدا بگەڕێم، لەلایەكی تریشەوە لەو ناوچانەی كە لەژێر دەسەڵاتی داعشدان ئەو خێزانانە بێ سەرئێشەترن كە كچیان نییە، چونكە هەمیشە لەچاوەڕوانی هەڕەشەو دەستدرێژی ئەو گرووپەدا ژیان دەگوزەرێنن».
لەكۆتاییدا دەمەوێت بڵێم لەهەموو كاتو ساتو سەردەمێكدا فرۆشتنی كچانو مامەڵەكردن پێیانەوە شتێكی نەخوازراو و نەویستراو بووەو لەلایەن مافی مرۆڤەوە قەدەغە كراوەو سزای یاسایی بۆ دانراوە، بەڵام ئەوەتا دەبینین لەو ناوچانەی كە لەژێر دەسەڵاتی داعشدان كچەكان بەبێ خواستی خۆیانو بەناچاری لەلایەن خێزانو كەسوكاریانەوە لەبەرامبەر دەستكەوتنی چەند بەرمیلێك نەوتو چەند بتڵە غازێكدا دەفرۆشرێنو مامەڵەیان پێوە دەكرێت، پێویستیشە ئەوە بڵێم كە لەو مەسەلەیەدا نە هیچ كەسێك لێپێچینەوەو بەدواداچوونی بۆ دەكاتو نە یاسایەكیش هەیە رێگریی لێبكات، ئەگەر بەمشێوەیەی ئێستا هەیە بەردەوام بێت، ئەوا داهاتوویەكی مەترسیدار چاوەڕێی كچانو ئەو ناوچانەش دەكات.
له كوردستانی نوێ وهرگیراوه