لەدوای رێكەوتنەكەی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی، پۆستەكەكانی دیكەی شاری سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە، هەڵپەی وەرگرتنی پۆست لای هەریەك لەلایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی گەرمەو وەك شوان محمد دەڵێت هەردوولا جمەی دێت.
سەرەڕای بۆڵەبۆڵەكانی لیستی خزمەت هەموو لایەك رێكەوتنەكەو یەكلاییبوونەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی پێخۆشەو بەگەشبینیەوە دەڕواننە ئایندەی رێكەوتنەكە بۆ شاری سلێمانی.
ئەوەی لەم وتارە كورتەدا دەمەوێت ئاماژەی پێبدەم ئاڵۆگۆڕی سەرجەمی پۆستە ئیدارییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانیە، لەم كاتەدا كە هەرێمی كوردستان لە خراپترین دۆخی ئابوریدایە تەنانەی ماوەی 10 مانگە هەموو پرۆژەكانی راگرتووەو خەرجیەكانیشی بۆ كەمترین ئاست دابەزاندووە، ئیتر نازانم ئەو بەڕێوەبەرە نوێیانە چی دەكان؟
حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە كە ساڵی داهاتوو چاكسازیی گەورە دەكات و سیاسەتێكی توندی سكهەڵگوشین پەیڕەودەكات بۆ كەمكردنەوەی خەرجیەكان، كەچی لەملاوە بەگوێرەی رێكەوتنەكە دەیان بەڕێوەبەری گشتی و قائیمقام و بەرێوەبەری ناحیە دادەنێت كە ئەم رێكەوتنە رێك پێچەوانەی ئەو پلانەیە كە حكومەت دایناوە بۆ كەمكردنەوەی خەرجیەكان.
ئەوەی مایەی سەرنجە، ئەم ئاڵوگۆڕەی كە لەپۆستە كارگێرییەكاندا دەكرێت، هیچ پەیوەندیییەكی بەباشی و خراپیو ئەداو كارایی بەرێوەبەرو قائیمقامو بەڕێوەبەری ناحیەكانەوە نیە، بەڵكو ئاڵۆگۆڕێكی سیاسیە، وەك دەگوترێت وەك (كێك)ی پۆستە دابەشكرێت، تەنانەت لایەنەكانیش بۆ هەندێك پۆست و بەرێوەبەر نازانن كێ دابنێن.
پرسیاری جەوهەری لای من ئەوەی ئایا ئاڵۆگۆڕی ئەو بەرێوەبەرانە لەم بارودخە دژوارە ئابوورییەیەدا چ سوودێكی هەیە؟ دەتوانێت چی بكات؟ چارەنووسی ئەو بەرێوەبەرانەی لادەبرین چیە؟ ئایا وەك ئەوانەی پێشوو دەچنە لیستی خانەنشیانەوەو خانەنشین دەكرێن؟ یان پۆستی بەرزتریان پێدەدرێت؟ كە دیسان ئەوەش لەگەڵ پلانی كەمكردنەوەی خەرجیەكان یەك ناگرێتەوە، من تێناگەم زۆربەی ئەو وەزیرو بەرێوەبەرە گشتی و راوێژكارانەی بەدەر لەیاسای خانەنشینی خانەنیش دەكرێن لەماوەی كاری وەزیفیاندا دەیان هەزار دۆلاریان تێدا خەرجكراوە لەئیفادو بەشداریكردنی خولی راهێنان و كۆنفراسی جۆراو جۆر، بۆئەوەی ئەزموون فێربن كەچی كتوپڕ دەنێردرێنە ماڵەوەو كەسێكی دیكە لەشوێنیان دادەنرێت.
بۆیە دووبارەی دەكەمەوە ئەم ئاڵوگۆڕی پۆستانە رێك پێچەوانەی پلانی كەمكردنەوەی خەرجیەكانی حكومەتی هەرێمەو بارگرانیەیەكی زیاتر دەخاتە سەر باری گرانی بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە بەگوێرەی توێژینەوە ئابوورییەكان ساڵی داهاتوو ساڵێكی زۆر دژوار دەبێت بۆ ئابووری كوردستان بەوپێیەی پێشبینی دەكرێت نرخی نەوت بۆ 40 دۆلار دادەبەزێت.
سەبارەت بەپارێزگای هەڵەبجەش كەمافێكی رەوایە ببێت بەپارێزگا، بەڵام لەم بارودۆخە ئابوورییە خراپەدا دروستكردنی ئەو هەموو پۆستە نوێیانە ئەركێكی قورس دەبێت، خەرجیەكی زۆری دەوێت، كە بەناچاری دەبێت لەپارە پرۆژە خزمەتگوزارییەكان ببڕدرێت پۆستە ئیدارییەكانی پێدامەزرێت.
لێرەوە پێشنیازدەكەم بەتایبەت بۆ بزووتنەوەی گۆڕان كە ئومێدەواربوین نمونەیەكی جیازازتر پێشكەش بكات ، زۆر بەوریایەوە مامەڵە لەگەڵا ئاڵوگۆڕی پۆستە ئیدراییەكان بكات، بەوپۆستە نوێیانەی بەتەمایە وەریان بگرێت، خۆی بارگرانی زیاتر نەخاتە سەر بودجەی حكومەت، چونكە ئەو دروشمی چاكیازیی بەرزكردۆتەوە، ئەزموونی هەڵەی لایەنەكانی دیكە دووبارەنەكاتەوە.
پێویستە بەهەموویان هەوڵ بدەن كە بەڕێوەبەرەكان لەدەرەوەی حكومەت نەهێنن، بۆ رازیكردن پۆست بەكەس نەدەن، بەڵكو ئەو كەسانە جێگۆڕكێ پێبكەن كە لەپۆستی حكومیدان و مووچەیان هەیە، ئەوەش بۆئەوەی بارگرانی سەر حكومەت زیاد نەكرێت.
ئەگەر لەئاڵوگۆڕكرنی (حیزبیانەی) پۆستە ئیدارییەكاندا رەچاوی رەهەندی ئابووری نەكرێت، گۆڕانگارییانەو دابەشكرنی پۆستەكان تەنها سوودی بۆ ئەو كەسانە دەبێت كە پۆستەكانیان وەرگرتووە ئەوا ئەو تەنها پارووییەكی چەور دەبێت بۆ ئەوان.
خاڵێك لەكۆتاییدا دەمەوێت ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە كەپێویستە حكومەتی هەرێم واز لەخانشینكردنی ئەو كەسانە بهێنێت، كە بەهەر هۆیەك لەپۆستەكانیان لادەبرێت و ماوەی خزمەتكردنی وەزیفەیان ماوە، هەندێكیان توانای باشن و دەكرێت سوودیان لێوەریگرێت، ئەگەر پۆستیشیان پێنەدرێت وەك مالیزیا لەدەستیەكی راوێژكاریدا كۆبكرێنەوە سوودیان لێوەربگیرێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر بنێرێنە ماڵەوە، ئەوا بەفیڕۆدانێكی ناڕەوای سامانی مادی و مرۆیی ئەم وڵاتەیە.
Serw