ئاسەوارەكانی پاشەكشێی نرخەكانی نەوت ‌

نرخەكانی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان، لەمانگی حوزەیرانی ٢٠١٤وە دەستی بەپاشەكشێ كرد، بەجۆرێك كەنرخی نەوتی خاوی برنت نزیكەی ٣٠ دۆلار دابەزی دوای ئەوەی لە ٢٠/٦/٢٠١٤ لەبەرزترین ئاستیدا بوو. ئەوكات نرخی نەوتی خاوی برنت نزیكە ١١٥ دۆلار بوو، دوای چوار مانگ لەو رێكەوتە دابەزی بۆ نزیكەی ٨٥ دۆلار بۆ بەرمیلێك. بەهۆی گرنگیی‌و بایەخی نەوت لەسەر ئابووریی دەوڵەتان‌و بازاڕی نێودەوڵەتی، گۆڕینی نرخەكانی كاریگەریی دیاری لەسەر ئابووریی نێودەوڵەتی دانا. دەكرێ لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا ئاسەوارەكانی ئەم پاشەكشێی دواییەی نرخەكانی نەوت لەسەر ئابووریی نێودەوڵەتی روون بكرێتەوە. كەدیارترینیان ئەمانەن:
چین گەورەترین سوودمەندە
یەك: زۆرێكی چاودێران پێیان وایە پاشەكشێی نرخەكانی نەوت‌و بەرهەمە نەوتییەكان دەبێتە هۆكاری بەرزبوونی تێكڕای گەشەی ئابووریی جیهان، بەكاربەران چ وەك تاك یان كۆمپانیاكان لەو پاشەكشێیە سوودمەند دەبن، ئەوەی بۆیان دەمێنێتەوە لەكاڵاو خزمەتگوزاریی تردا خەرجی دەكەن، واتە خواست لەسەر كاڵاو خزمەتگوزارییەكانی تر زیاد دەبێت‌و تێكڕای گەشەی جیهانی بەرزدەكاتەوە. رەنگە پاشەكشێی نرخەكانی نەوت كاریگەریی لەسەر نرخی جۆرەكانی تری وزە دابنێت، ئەمەش پاڵپشتێكی تری گەشەی ئابووریی جیهانە. پێشبینی دەكرێت، پاشەكشێی نرخەكانی نەوت بەنزیكەی ٢٠ دۆلار لەبەرمیلێكدا تێكڕای گەشەی ئابووریی جیهانی بەنیو خاڵی سەدی بەرزبكاتەوە. بەدیوەكەی تریشیدا، پاشەكشێی نرخەكانی نەوت كاریگەریی نەرێنی لەسەر تێكڕای گەشەی ئابووریی نێودەوڵەتی دەبێت، چونكە كاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنەرانی وزە دەبێت‌و داهات‌و سەرمایەگوزارییەكانیان پاشەكشێ دەكات، بەڵام پێشبینی دەكرێت ئەو كاریگەرییە كەمتر بێت.
دوو: بەشێوەیەكی هەنوكەیی بەرهەمی ناوخۆیی بەنرخی رەوانی دەوڵەتانی هاوردەی نەوت زیاد دەبێت، بەو بڕەی كە لەبەهای هاوردەكردنی نەوت بۆی دەمێنێتەوە، لەكاتێكدا كۆی بەرهەمی ناوخۆیی بەنرخی رەوانی دەوڵەتانی هەناردەی نەوت پاشەكشێ دەكات. ئەو پاشەكشێیە بەئاستی جیاواز كاریگەریی لەسەر دەوڵەتان دەبێت، چین گەورەترین سوودمەندی پاشەكشێی نرخەكانی نەوتە، لەكاتێكدا كاریگەریی درێژخایەنی لەسەر ئەمریكا دەبێت، بەهۆی مەترسییەكانی پاشەكشێی سەرمایەگوزاریی لەنەوتی بەردین، كە لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا نزیكەی دوو ملیۆن وەزیفەی نوێی بۆ ئابووریی ئەمریكا رەخساندبوو.
تێچووی كاڵاو خزمەتگوزارییەكان دادەبەزێت
سێ: پاشەكشێی نرخەكانی نەوت پاشەكشێ بەقەبارەو بەهای بازرگانیی نێودەوڵەتی دەكات. نەوت‌و بەرهەمە نەوتییەكان یەك لەگرنگترین كاڵا ئاڵۆگۆڕ پێكراوەكانە لەسەر ئاستی جیهان كەڕۆژانە زیاتر لە ٥٠ ملیۆن بەرمیل تێدەپەڕێنێت، واتە بەهای بازرگانیی نێودەوڵەتی بەنزیكەی یەك ملیار دۆلار لەڕۆژێكدا دادەبەزێنیت ئەگەر هاتوو نرخی نەوت ٢٠ دۆلار بۆ یەك بەرمیل پاشەكشێ بكات. پاشەكشێی نرخەكانی نەوت تەرازووی بارزگانی دەرەكی دەوڵەتانی هاوردە باش دەكات‌و لەبەرامبەریشدا زیان بەهی دەوڵەتانی هەناردە دەگەیەنێت. چین‌و ئەمریكا دوو گەورە سوودمەندنن كە تەرازووەكانیان باش دەبێت، روسیاو سعودیەش دوو گەورە زەرەرمەندی ئەو حاڵەتە دەبن.
چوار: تێچووی پاڵپشتی بەرهەمە نەوتیەكان لەو دەوڵەتانەی پشتیوانی نرخەكانی سوتەمەنی دەكەن كەم دەكات، ئەوەش پشتیوانی دارایی بۆ بودجەی دەوڵەتە هاوردەكانی نەوت فەراهەم دەكات. لەبەرامبەردا دەوڵەتانی هەناردەی نەوت هەمان بەهای دابەزینی نرخەكان لەدەست دەدەن. داهاتی حكومەتەكانی دەوڵەتانی هاوردەی نەوت لەباجی سوتەمی دادەبەزێت، بەڵام ئەو دەوڵەتانە هەوڵ دەدەن ئەو زیانە بە بەرزكردنەوەی باجی سەر نەوت‌و سوتەمەنی هاوردە قەرەبوو بكەنەوە. پێنج: ئاستی بەرهەمداریی ئەو كەرتانەی نەوت بەكاردەهێنن زیاد دەكات بەهۆی پاشەكشێی تێچوونەوە. بەجۆرێك كەتێچووی بەرهەمهێنانی كاڵاو خزمەتگوزارییەكان دادەبەزێت، ئەوەش یارمەتی داشكانی نرخەكانیان دەدات یان كرێ‌و قازانجی ئەو كاڵاو خزمەتگوزارییانە بەرزدەكاتەوە. كەرتی كشتوكاڵ بەهۆی پاشەكشی نرخی سوتەمەنی‌و ئالیك‌و مادە قڕكەرەكان كە دەرئەنجامی پاشەكشێی نرخەكانی نەوتەوە دروست دەبێت، ئەوەش پاڵپشتی بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی دەكات‌و بڕی خستنەڕووی كاڵای كشتوكاڵی زیاد دەكات‌و نرخی ژمارەیەك مادەی خۆراكی‌و ئالیك پاشەكشێ پێدەكات. لەبەرامبەردا دەبێتە هۆكاری دابەزاندنی قازانجی زیندەوزە، قەبارەی سەرمایەگوزاری لەبەرهەمهێنانیدا كەم دەكات‌و بڕێكی زیاتری خۆراك بۆ بەكارهێنانی مرۆیی‌و ئاژەڵ فەراهەم دەكات، كە پێشتر ئاراستەی بەرهەمهێنانی زیندەوزە دەكران.
پیشەسازییەكانی وزە نوێبووەكان