ئەگەر ئەمڕۆ دابنیشم و بەشانەیەكی دار لەبەر ئاوێنە نەخشدارەكەی دیواری سەر سەكۆكەی ماڵی (سۆفی كەریم) گۆرانی (هەر چەن ئەكەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم.. بۆم ناخرێتە ناو چوار چێوەی هەڵبەستم) وەك جارانت بۆ بلێم .. خوا بم گرێ سلێمانی!!
چونكە بەخۆم نییە ئەو خەیاڵانە ئەوەندە تۆراون لەهیچ نووسین و گۆرانی و تابلۆیەكدا شوێنی خۆیان ناگرنەوە…
تۆ ئەمڕۆ برینداری لەبەر ئەوەی (كۆبانی) ی دەستە خوشكت لەژێر دەستی دوژمنانی وڵاتەكەدا خوێنی لێدەچۆرێ، تۆش هەنسكی بۆ هەڵدەدەی بەو هەموو خەمەشەوە بیر لەڕۆژانی سەختی كۆڵ نەدانت دەكەیتەوەو دەفتەری پڕ لەهەڵمەتی ساڵانی خۆت كە هەڵ دەدەیتەوە لێوان لێو بوە لەخەبات و كۆڵ نەدان و جوانی و لێبوردەی و میوانداری و كاسە دراوسیێەتی.. كە تۆ ئێستا ئەمانەت هەموو پێ نەمابێت!؟؟
ئەرێ ئەمڕۆ بۆ ئەم یادە ئیدی چیت بۆ بنووسم تا بۆنی خۆڵی بەردەرگای ماڵە قوڕینەكەی (فاتمە خانی دەس) بەكوپە شینە پڕ سركەكەی نێو جامە فافۆنەكەی لیبێت؟
ئەمرۆ چیت بۆ بنووسم شارە پڕ لەغەریبەكەم تۆ سفرەیەكت بۆ هەمو میوانەكانت ڕاخستوەوەو ئەهلی شارەكەت بەپێوە وەستاندوەو ناتوانن نە بەدڵی خۆیان دانیشن و نە دەس ڕاكێشن.
ئێستا ناچارم كە پێت بڵێم چیت بۆ بنووسم تا بۆنی دەستە چرچ و قوڕاویەكانی (سمە بولبولی) لێیبێت تا كۆترێكم بەقوڕ بۆ دروست كات و لەسەر كەناری مێزی دوكانەكەی داینێت، بەڵكو خودایا! شنە بایەك هەڵكات و منیش لەگەڵ ڕۆحی ئەو كۆترە قوڕینەیە بفڕم… بفڕم تا ئەوئاسمانەی پڕ پڕە لەڕۆحی سپی و جا بە هێواشی و بەخشكەیی دەنیشمەوە بۆ بەر دەرگای (باخچەی گەل) جارێكی تر بە پێیەكانم خۆم هەڵدەواسم بەمحاجەرەكانی ئەو باخچەیەدا بەینی پەنجەكانم توند توند شیشی ئاسنینەكە دەگرێت و جار جار سەری شیشەكە دڵۆپێ خوێن دەڕژینێتە سەر كراسە خامەكەم و هیچ گوێ نادەمێ، بەڵكو بە دزی مامەو (ڕەحمانی باخەوانەوە) خۆم هەڵدەمە ئەو دیوەوە گوڵێكی بچكۆلانە بقرتێنم و بەشەقامی سابونكەرانا بەهەناسە بڕكێ ڕاكەم….. ڕاكەم… تا دەگەمە ماڵەوەو بیخەمە سەر مێزەكەی (عومەری عەلی ئەمینی) باوكم تا بە بۆنی ئەو گوڵە ڕۆحی ئارام بێت قەڵەمەكەی دەستی بخاتە كار شانۆگەریەكی پڕ لەخۆشەویستی نیشتمانم بۆ بنووسێت.
ئەرێ چیت بۆ بنووسم سلێمانی دەستە خوشكی كۆبانی بریندار،، هەموو ساڵێك قەڵەمەكەم هەڵدەگرم و دەستی نزام بەرز دەكەمەو دەڵێم (تۆ بڵێی خودایە كە دەستم بەم نووسینە كرد بگەمە دێڕێك؟ وشەیەك، ڕستەیەك پێم بڵێ دە بنووسە ((ئەم شارە ڕۆژانە دەبێ زیندو بێتەوە)،، دەبنووسە ئەی گەورەكان.. كار بەدەستەكان ((خەندەی لێوی دایكانی ئەم شارە مەتۆرێنن.. هەر گەڕەكێك!.. هەر كوچەیەك ماڵێك نیە پرسەی شەهیدێكی تێدا نەگیرابێت!!!)) دەی بنووسەو بنووسەو قەڵەمەكەت مەلەرزێنە بنووسە ((ئێرە لانەی شێران بوەو كوڕان و كچانی هەمیشەو بێ جیاوازی بەخوێن شوێنی پەڕینەوەی شەقامەكانیان سوركردوە))..
ئەی لاپەڕەكانی ئەو مێژوە چی لێهاتوە؟
بنووسە ((ئێرە جاران پڕ بوو لەهونەرمەندو شاعیرو گۆرانی و هەڵپەڕكێ و شانۆ))، كەچی ئێستا ئێوارانی خامۆشەو بەیانیانی كزۆڵەو هەفتانەشی هەر پرسەیە…
ئەی بۆ نانووسی ئێوارانی هۆڵەكانمان هەر مەراسیمی چلەیەو پڕی تەنەكەی خۆڵەكانیشمان هەمووی لاپەڕەی دڕاوی پرۆژەیە…
بۆچی سلێمانی ئەوانەی كە جاران دەس لەملان و شەو چەرەی ماڵان و دەس بەسەراهێنانی منداڵان و گۆرانی و قاقای پێكەنینی هاوڕێیانم بوو ئێستا بۆتە مۆڕەو چاو سوركردنەوەو تانە لێدان و چاڵ هەڵكەندن بۆ یەكتری!!
من بۆ ئەم یادە هەنەسەم لێ بڕاوەو چاوم ڕواو سەبرم سواوە سلێمانی خۆ هەرلایەك دەرۆم وێنەیەكی جارانت نابینمەوە هەر باڵە خانەیەوە خەریكە باوەش بەهەوری چڵكنا دەكەن! شار گەورە دەبێ و گەورە دەبێ و جاریك دڵ خۆشم دەكاو جارێكیش كە وێنە كۆنەكانت دەدڕێنن دەم گریەنێت …
ئەبینم هەربازاڕ و ئوتێل و ئاپارتمانێك ناوێكی غەیرە كوردی لێ نراوە! شەقامەكان دار خورمای گەورەی لێ نێژراوە…!! لەگەل خۆم نامۆ دەبمەوەو دەپرسم ئەمە شارەكەی منە!؟؟
بازاڕەكان هەموو جۆرە كەل و پەلێكی بێگانەی پێ ڕازاوەتەوە!!
ئیتر بۆ كوێ بڕۆم تا بۆنی جارانت بكەم؟.. بەرەو كوێ هەنگاو بنێم و بچمە گۆڕەپانی چ قوتابخانەیەك تا منداڵەكانی بەیانیان بەسرودی ((پیرەمەگرون موقەسدەی ڕابینم))؟
بچمە بەردەرگای چ ماڵێك بە دڵ فەرمووم لێ بكەن و چایەكی قۆری بە كوژەكە شین لەسەر سەماوەر لەپیاڵەیەكی زەڕلیداو ژیر پیاڵە بە وێنەی خەیام بخۆمەوە؟
لەسەر سفرەی چ خێزانێك دانیشم تا نیوەڕۆیەك لەگەڵیاندا