لە گۆڤاری بازرگانی و پیشەسازیدا لەژێر تایتڵێکی بێلەزەتا مژدەیەکی بەلەزەتمان بڵاو کردەوە پاش ئەوەی دوسێ جارێ بە چاوی مشتەری خوێندمەوە بینیم قسەو باسێک هەڵ ئەگرێت ، ئەویش ئەو چاوپێکەوتنەیە کە گۆڤارەکە لە گەڵ بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانیدا ئەنجامی داوە ، ئەوەی لە تایتڵەکەدا هاتوە بەڕێزیان لە قسەکانیانا تەئکید ئەکەن ، بێ پێچوپەنا بەکوردی و کرمانجی ئەڵێن سایلۆمان نیە ، ئەمە ئەو نەهامەتیەیە کە لە پاش ٢٢ ساڵ حوکمڕانی حکومەتی کوردیدا ئەدرێ بەگوێماندا .
نەمانتوانی لە بنیات نانی ئەم مەملەکەتەدا چاو لە ئەڵمانەکان بکەین ،،کە لە ساڵی ١٩٧٠ قسەیەکیان ئەکرد و ئەیان وت ئیشە زەروریەکانمان تەواو کردوە ، لەمەولا خەریکی کەمالیاتو ڕازاندنەوەی وڵاتو خۆش گوزەرانیو پێشخستنی ئابوریمان ئەبین ، بە مەرجێک ئەو ماوەیەی ئەوانیش هەر ٢٢ ساڵ ئەکات لەدوای جەنگی جیهانی دوهەمەوە ،کەواتە ئەڵمان دەستان خۆشو وڵاتتان خۆش ،
ڕەنگە بۆ تایتڵە بێلەزەتەکە ئەوەندە بەس بێت ، با باسی بەلەزەتەکە بکەین ، بەڕێز بەڕیوەبەری سایلۆ ئاماژەیەکی داوە کە لای من زۆر بەلەزەتە ، ئەویش ئەوەیە کە ئەڵێت ئەمساڵ سلێمانی ٢٠٠ هەزار تۆن گەنمی بەرهه م هێناوە ، جارێ نەک هەر دەست خۆشی لە جوتیاران ئەکەم ، بەڵکو حەزئەکەم بڵێم دەستتان ماچ ئەکەم ، هەزار جار دەستان خۆشو ماندونەبن ، بەم بەرهەمەتان ئەی سەلمێنن هەمیشە ئێوە پشتو پەنای خڵکی ئەم وڵاتەن .
ئەگەر بە میوانو ئاوارەوە ژمارەی دانیشتوانی کوردستان شەش ملێۆنیش بێت ،هەر لە بەرهەمی سلێمانی بە سێ کەس ١٠٠ کێلۆ گەنمان بەر ئەکەوێت بۆ ساڵێک خۆ ئەگەر بە کۆی مەملەکەت دوهێندەی تر بەرهەم هاتبێ ئەوە هەر کەسەو ١٠٠ کێلۆمان بەر ئەکەوێت ، ئەوە نانی ئەمساڵمان مسۆگەر کردو ترسی بێنانیمان نابێت کوردواتەنی موحتاجی دەستی هین نابین ، ئەگەر بە فەلسەفەو خۆ بادانیشەوە قسەبکەین ئەوە ئاسایشی خۆراکمان لە گەنم لە خەم ڕەخساوە .
جا کاک حوکمەت ، با ئەمە ببێت بە دەرسو عیبرەت بۆمان .
دیکتاتۆرە گەوجەکەی تکریت ئەم خاکەی کردە سوتماک ، ئەوا ئەلحوکمولیلا ، ئەو گۆڕ بەگۆڕە دوژمن بو ، ئەی خۆمان بۆ بەزەییمان پەم خاکی گەوهەرو ئاوی کەوسەرەدا نایەتەوە بەجۆرێک تەلبەندو ڤێلا تەنگیان بە کشتو کال هەڵچنیوە ،پیاو ترسی ئەپژی بەشی دوکوپە شەراب جێی ڕەزو باخ نەمێنێ ، کە ڕەنگە مرۆڤ سوێندی خراپ بە دەمیا بێت نیوەیشی چاولێکەریە .
هەرچەندە ماوەیەکە لەگەڵ سەرەتاتکێی ئەم دیاردەیە لە چەندەها لاوەو لە لای دوسێ کابینەی حوکمەتەکەی لەمەڕ خۆمان دادو بێداد کراوە تەنانەت سەرۆکی هەرێمیش بۆرە وەعدێکی دا کە لێکۆڵینەوە لەو پرسە بکرێت . هەر بەندە لەڕۆژنامەی ئاوێنەدا باسێکم لەسەر ئەو بابەتە نوسی بە بۆنەی سەردانی وەزیری شارەوانی بۆ پارێزگای سڵیمانی کۆبونەوەی لەگەڵ پارێزگاردا و بەڵێن دانیان بۆ بەدواداچونو چارەسەرکردنی ئەو زیادەڕەویانە بۆسەر موڵکێ گشتی ، تەنانەت بە غەیبەت نەبێ وتیان سزای سەرپێچیکەرانیش ئەدەین بەڵام وەک بێتەوە یادم پێش ئینتیخاباتێ بو بۆیە ئەو بەڵێنەش بەدەردی هەندێ بەڵێنی تر چو.
تا ئێستە هەرچیمان وتوە ئاسنی ساردمان کوتاوە گوێزمان بە گومەزا هەڵداوە ، ئەوا میلەت بێدەنگەی لێکردەوە و دەستەوەسانە لەئاست دەستداراندا ، دە داواکاری گشتی گێان دەسمان دامێنتان خۆ جەنابتان نوێنەری ئەم ڕەشو ڕوتەن ، دیفاعێ لەم خەڵکە بکەن ، ئەی ڕۆژنامەنوسان کەمپینێ کورە موسوڵمانێ داوای هەقی ئەم خاڵکە بهروژێنێ دنیا هەر وانابێی و ڕۆژان ڕۆژی لەدوایە کاکە وەڵا ئەو زەویانە بۆ کشتو کاڵ باشترە .
ئەوە لەهێمەتی جوتیاران بەزیاد بێت گەنم مسۆگەر بو ، چەند خۆش ئەبێت برنجیش مسۆگەر ببێت جا ئەفەنم ساڵێکی تر ئەم حەلانە برنجی کوردی مسۆگەر بوبێت لە سایەی حکومەتی کوردیا بە ڕۆنی خۆماڵییەوە بەم بامێو گۆشتەوە نەک هەر ئاسایشی خۆراک تەمامە ، ئیتر شاو سوڵتان بەسەپان نازانین .
کەواتە چوتیاران ماندونەبن بەتەمای برنجو بەروبومەکانی ترتانین بۆ گەنمەکەش خەرمان بەرەکەت