زۆربەی دەوڵەتانی جیهان بەتایبەتیش دەوڵەتانی گەشندە، پێداگیری لەسەر بایەخدان بەسازدانو داڕشتنی سیاسەتی گەشەپێدان دەكەن بەئامانجی رەخساندنی بواری فراوان بۆ خوێندنی بنەڕەتیو پیشەیی بۆ دڵنیابوون لەگەشەپێدانی بەردەوام، كە ئامانجی سەرەكی زۆرینەی دەوڵەتانو كۆمەڵگەكانە بۆ ئەوەی لەهەر بارگۆڕانو لاسەنگییەكی ئابووریو كۆمەڵایەتی بەدووریان بگرێت.
هەر دەوڵەتێك لەكاتی داڕشتنی هەر پلانێكی گەشەپێدانیدا، یەكەم كار كە خۆی بۆ سازدەكاتو پلانی بۆ دادەڕێژێت پێویستییەكانیەتی لەهێزی مرۆیی راهێنراوە، بۆ ئەوەی رۆڵی خۆی لەبەدیهێنانی پێداویستییەكانی گەشەپێداندا بگێڕێت، كە گرنگترینیان پەرەپێدانی هێزی كاری راهێنراوو مەشقپێكراوە بۆ ئەوەی ئەركی بونیاتنانو ئەندیكەیتەرو پلانو بەرنامەو پڕۆژەكان بەدی بهێنن، كە پلانە داراییو ئابووریو كۆمەڵایەتییەكە كردبوونیە ئامانج.
پارێزگاریكردن لەئاستی نزمی بێكاری
واتە هەر پلانێكی گشتیریی گەشەپێدان، پێوستە لەسەر بنەمای توێژینەوەی ماهیەتی جۆری ئەو خوێندنەی بەتایبەتی پیشەیی دابمەزرێت كە لەپلانی گەشەی ئابووریو كۆمەڵایەتیدا پشتی پێ دەبەستێت. خوێندنی پیشەیی، جۆرێكی خوێندنە كە راهێنانی پەروەردەییو بەدەستهێنانی شارەزایی دەستیو مەعریفیو پیشەیی لەخۆدەگرێت، لەپێناوی ئامادەكردنی نەوەیەك لەهێزی كاری شارەزا بۆ پسپۆڕییە جیاوازەكانی پیشەسازیو كشتوكاڵو بازرگانیو كۆمپیوتەرو ئیدارەو تەندروستیو بەشەكانی تر.
بایەخی دەوڵەتان بەڕاهێنانو خوێندنی پیشەیی بەتایبەتی لەم بیست ساڵەی دواییدا، بەئامانجی خوێندنو راهێنانو سازكردنی ژمارەیەكی زۆری لاوانی ناوچە جیاجیاكانو ئاستە زانستیو كۆمەڵایەتییە جیاوازەكان بووە، بۆئەوەی یەك لەگرنگترین پێكهاتەكانی سیستمی گەشەپێدانی مرۆییو ئابووریو كۆمەڵایەتی ئەو پلانە پێكبهێنن كە دەوڵەتان كار بەئامادەكردنو پراكتیزەكردنی دەكەن، پێكبهێنن.
گومانی تێدا نییە، یەك لەگرنگترین ئەو ئامانجەی كە دەوڵەتان كاری بۆ دەكەن پارێزگاری كردنە لەئاستی نزمی بێكاری، وەك پێوەرێكی سەرەكی توانای دەوڵەتان لەسەر دۆزینەوەو رەخساندنی دەرفەتی كاری هەمەجۆر بۆ لاوان كە تازە دێنە ناو بازاڕی كارەوە. بۆ دەرخستنی بایەخی رۆڵی گەورەی هێزی مرۆیی راهێنراو بەتایبەتی خوێندنی پیشەیی لەگەشەپێدانی ئابوورییدا، زۆرێكی دەوڵەتان سەنتەرو پەیمانگاو تەنانەت زانكۆی پیشەیی پسپۆڕ لەخوێندنی پیشەیی دامەزراندووە، بۆئەوەی بتوانن لەڕێیانەوە ژمارەیەكی زۆری لاوانی رانەهێنراو بگرنەخۆ، تامەشقو راهێنانیان پێبكرێتو بتوانن رۆڵێكی كارایان لەناو كۆمەڵگەی خۆیاندا هەبێتو ئەو بۆشاییەی لەپێداویستییەكانی بازاڕی كاردا چ لەڕووی ژمارەو چ لەڕووی جۆرەی كارەوە پڕ بكەنەوە.
پەرەسەندنو پێشكەوتنی پیشەسازی
خوێندنی پیشەیی بایەخێكی گەورەی هەیە، ئەویش لەڕێی كاریگەری لەسەر زۆرێكی سیاسەتو رێوشوێنو رێنماییەكانی تایبەت بەبازاڕی كارو كاریگەریی لەسەر جێگیركردنی وەزیفە پیشەییو پسپۆڕییەكانو رێگرتن لەبەرزبوونی رێژەی ئەوانەی بەدوای كاردا وێڵن.
بنەمای پێشكەوتنی دەوڵەتە پیشەسازییەكان لەماوەی پەنجا ساڵی رابردوودا، پەرەسەندنو پێشكەوتنی پیشەسازی، بایەخدان بەخوێندنو راهێنانی پیشەیی بووە، زۆرێكی ئەو دەوڵەتانە بەتایبەتی پێشكەوتووەكان بایەخێكی ئێجگار گەورەیان بەخوێندنی پیشەیی داوە، ئەوەش رەنگی لەسەر پێشكەوتنیان داوەتەوە، بەتایبەتی ئەڵمانیا، كە بایەخێكی ئێجگار گەورەی پێداوە، تاوەك یەك لەهۆكارە سەرەكییەكانی بووژانەوەی ئەڵمانیای دوای دووەمین جەنگی جیهانی دابنرێت. لەئەڵمانیا، خوێندنی پیشەییو راهێنان وەك بەشێكی تەواوكەری ژیان تەماشا دەكرێت، بەڵكو وەك ئامرازێكی سەرەكی باشتركردنو بەرزكردنەوەی ئاستی كۆمەڵگە دادەنرێت.
لەسەر بنەمای خوێندنو راهێنانی پیشەیی پلانی گەشەپێدانی گشتگیر دادەنرێت بۆ ئەوەی بەكۆمەڵگەیەكی پەرەسەندووی بەرهەمهێن بگەن، هەروەها وەك بزوێنەری سەرەكی پڕۆسەی گەشەپێدانی ئابووریو یەك لەگرنگترین ئامرازەكانی جێگیریو ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی دادەنرێت. بەوەی رۆڵێكی دیاری لەبەگژداچوونەوەی هەژاریو گەڕان بەدوای كاردا دەگێڕێت، ئاستی داهات باش دەكات، هەروەها رۆڵی بەرچاوی لەپڕۆسەی جێگیریی كۆمەڵایەتیو سیاسیو ئاسایشدا دەگێڕێت.
دەركردنی یاسایەك لەپەرلەمانەوە
باشتروایە پەرلەمان یاسایەك لەمبارەیەوە دەربكات، بۆئەوەی كەرتی تایبەت بەتایبەتیش دامەزراوەو كۆمپانیا گەورەكان پەیمانگاو سەنتەری پیشەیی پسپۆڕی دابمەزرێنن، بۆ ئەوەی ببنە یارمەتیدەری گواستنەو