كەرتی تایبەت بەشێكە لەئابووری گشتیو لەلایەن كەسێك یان گروپێكی خاوەن سەرمایەوە بەڕێوەدەچێتو موڵكی خۆیانەو خۆشیان كارو چالاكیەكانیان بەڕێوەدەبەنو لەژێر دەستی حكومەتدا نییە، هاوكات رۆڵیكی زۆری هەیە لەپڕۆسەی بەرهەمهێنانو بەردەوامی گەشەی ئابووری كۆمەڵگەگان. لەكۆمەڵگە پیشەسازییو سەرمایەدارو پێشكەوتووەكاندا كەرتی تایبەت رۆڵێكی گەورە دەبینێت بۆ پتەوكردنی ژێرخانی ئابووریو تا وایلێهاتووە لەهەموو بوارەكاندا كاردەكەنو لێهاتووییو شارەزاییان لەكارەكانیاندا رەنگی داوەتەوە. كەرتی گشتیو كەرتی تایبەت دەتوانرێت كێشەو گرفتەكانی كۆمەڵگە چارەسەربكرێنو ئەمەش كاتێ روودەدات كە بەدڵسۆزیو پیشەییانە كارەكانیان بەئەنجام بگەیەنن.
دەرفەتی زیاتر بەكەرتی تایبەت
بوونی كەرتی تایبەت لەهەموو كۆمەڵگەكان پێویستە، بەڵام بۆ ئەو كۆمەڵگایانە گرنگیەكەی زیاتر بەدیار دەكەوێت كە بەكۆمەڵگە تازە پێگەیشتووەكان دادەنرێنو لەپڕۆسەی ئابووریدا نەگەیشتونەتە قۆناغێك، كە حكومەت بتوانن تەنیا پشت بەخۆی ببەستێتو لاوازە لەڕووی داراییو ئابوورییەوە. بۆیە بوونی كەرتی تایبەت یارمەتیدەرێكی باشە بۆ كەم كردنەوەی ئەو پاڵەپەستۆیەی كە حكومەت تووشی دەبێت. بۆ نمونە ئەو كەرتانەی كە لەبواری كشتوكاڵو پیشەسازی یان كەرتی خزمەتگوزاریو بەرهەمهێنانو رێگاوبانو..هتد كار دەكەن، لەبەر ئەوەی بوارەكانیان جیاوازە، بۆیە هەلی كاركردن لەزۆر بواردا دەڕەخسێت. واتە لەلایەكەوە خەڵك هان دەدات كە روو لەكەرتی تایبەت بكەنو كاریان بۆ دەدۆزێتەوە، لەلایەكی تریشەوە رێژەی بێكاریو هەژاری كەم دەبێتەوە كە بوونی ئەمانە چەندان كێشە بۆ كۆمەڵگە دروست دەكەن.
گرنگە حكومەت دەرفەتی زیاتر بەكەرتی تایبەت بداتو ئاسانكارییان بۆ بكات تاسەرمایەدارو پیاوانی خاوەنكار سەرمایەكەیان بەكار بهێنن، بەتایبەتی لەو بوارانەی كە ئەو كۆمەڵگەیە زیاتر پێویستی پێی هەیە. لێرەدا كارەكە دوو لایەن دەبێت هەم سوودو قازانج بۆ كەرتی تایبەت دەبێت، هەم بۆ هاووڵاتیانو دانیشتووانی ئەو كۆمەڵگەیەش، بەڵام نابێ لەكەرتی تایبەتیشدا تەنیا بیر لەسوودو قازانجو پارەو سەرمایە بكەنەوە، بەڵكو لایەنی مرۆییو ئەخلاقیو ویژدانی لەبەرچاو بگرنو نابێ لەسەر حیسابی بەرژەوەندی گشتی كاربكەنو كەسیش نەبێت چاودێری كارەكانیان بكات. بۆ نمونە دەیان كۆمپانیا هەن كە لەبوارە جیاجیاكانی كەرتی نیشتەجێبوونو خانوو ئاوەدانكردنەوەو تەندروستیو رێگاوبان كار دەكەن، بەڵام كارەكانیان باش نینو لەم بوارەدا سەركەوتوو نەبوون، لەبەر ئەوەی ئەو كەلوپەلو پێداویستیانەی كە بەكاری دەهێنن یان زۆر هەرزانن، یاخود كوالێتیان باش نییەو كارەكانیشیان بەگرانو زۆر لەسەر هاووڵاتیان دەكەوێت، بۆیە ناكرێ رێگا بەم جۆرە كۆمپانیاو كەرتە تایبەتانە بدرێت.
كرانەوەی ئابووری لەكوردستان
ئەو كەسانەشی كە كەرتی تایبەت بەڕێوەدەبەنو سەرپەرشتی كارەكانی دەكەن، دەبێ كەسانی شارەزاو پسپۆڕو لێهاتووبن، بوونی پارەو سەرمایە بەس نییە بۆ وەبەرهێنانو كاری بازرگانی، بەڵكو دیاریكردنی سیاسەتو شێوازی كاركردنیش دەبێتە بنەمایەكی گرنگ بۆ سەركەوتووبوونو بەردەوام بوون.
لەكۆمەڵگەی خۆماندا بەتایبەتی لەدوای 2003وە كۆمەڵگەی كوردی تاڕادەیەك كرانەوەیەكی ئابووریو كۆمەڵایەتیو سیاسی بەخۆیەوە بینیوەو هاووڵاتیان وشیارییان زیاتر بووە، بۆیە بیر لەكەرتی تایبەت كراوەتەوە هەروەك دەیان كۆمپانیای ناوخۆ دروست بوون، كە لەبواری جیاواز كاردەكەنو تەنانەت دەرگا كردنەوە بەڕووی دەرەوە بۆتە هۆكار بۆ هاتنی هەزاران كۆمپانیای گەورە. هەرچەندە ئەمانیش بەدوای سوودو قازانجی خۆیان دەگەرێن، بەڵام سوودی بۆ كۆمەڵگەو هاووڵاتیانی ئێمەش هەبووەو دەرفەتی كاریان رەخساندووە. هەرچەندە گلەیی ئەوە لەهەندێ كۆمپانیا دەكرێ لەبەرئەوەی زۆر لەكرێكارەكانیان هی خۆیانن. بەمەش دەرفەتی كاركردن بۆ هاووڵاتیانی ئێمە كەم بۆتەوە، بەڵام هاووڵاتیانو ئەو كەسانەی كە كاریان لەگەڵدا دەكەن هەم لەڕووی مادییەوە، هەمیش لەڕووی پیشەییەوە دەتوانن سوودیان لێوەربگرن.
كوردستانی نوێ