دوای بڵاوبونەوەی ئەو دۆكیۆمێنتانەی وەزارەتی دارایی ،كە حكومەتی هەرێم نزیكەی 4 ملیار و 100 ملیۆن دۆلاری داوەبە قەرز بە بانكەكان،بەشێكیان بۆ بانكە بازرگانییەكان و بەشەكەی تریشیان بۆ بانكە پسپۆرییەكان
لێرادا قسە لەسەر ئەو قەرزانە ناكەین كە دراون بە بانكی خانوبەرە یان بۆ سندوقی نیشتەجێكردن و قەرزی پیشەسازی و كشتوكاڵی یان بۆ پێشینەی هاوسەرگیری كە تێبینیشمان لەسەری هەیە، بەڵكو قسە لەسەر ئەو بڕ پارە زۆرە دەكەین كە لەكاتی خۆیدا حكومەتی هەرێم بە ئامانجی پێشخستنی وڵات بۆ گەشەپێدان و ئاوەدان كردنەوەی كوردستان بە قەرز بە كۆمپانیا ئەهلییەكانی داوە،وەك زانراوە وەزارەتی دارایی هەرێم لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانە كە ئێستا لە هەمو كات زیاتر حكومەت پێویستی پێیەتی .
پێمان باشە لێرەدا ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رۆڵی كاریگەری خۆی هەبێت بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە ، بەجۆرێك كە بە قازانج بۆ هەمو لایەك تەواو بێت و ئامۆژگاریان بكرێت كە ئەو كۆمپانیایانەی قەرزیان لە حكومەت وەرگرتوە ناچار بكرێن بەوەی كۆمپانیاكانیان بكەن بە كۆمپانیای پشكدار،بەمەش چەند ئامانجێك بەدەستدەهێنرێت.
1-وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانە بەزوترین كات لە كۆمپانیاكان .
2-بەشداریكردنی هەمو هاوڵاتیان لە پرۆژە گەورەكان بە جۆرێك كە سەرجەمیان تێیدا سودمەند ببن .
3-نەهێشتنی قۆرخكاری كە بە تەنها چەند كەسانێكی دیاریكراو لە پرۆژە گەورەكاندا سودمەندن .
4-چالاك كردنی بازاڕی كاغەزە دراوییەكان (بورصە) كە دەبێتە گەشەكردنی ئابوری كوردستان
5-دروستكردنی متمانە بۆ بانكەكان
بەختیار مەحمود مەلا ئەمین
ئەندامی ئەنجومەنی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی
14-9-2014