سوپاس کاک شێرکۆ سوپاس

کاک شێرکۆ سڵاو
 ئەزانی ساڵیادەکە چۆن بو، بوبوی بە پەیکەرێکی ملپێچ سور لەبەر درگای هۆڵەکەدا بە پاسەوانەکانت ئەوت کاکە ئەوە بۆلای من هاتون مەیان گەڕێن،  کاکە بۆ ئەیان گەڕێن ، کاکە ئەوە یا عاشقن یا هەژارن یا ژنانی شارن کاکە وازیان لێ بێنن ، کاکە مەیانگەڕین ،کاکە ئەمە هەم کۆڕی شیعرە ،هەم شیوەنی شیعرە ، کاکە وەڵا هەمویان ئەناسم ، ئەوە پیرەمێردە ، ئەوە شێخە ئەوە روناکە ئەوە قالەی ئایشەخانە ، ئەوە ڕیشەیە ، کاکە ئەوە چی ئەکەن ئەوە نەجمەدین مەلایە ئەوە باوکمە ، من ئەڵێم مەیان گەڕێن ، ئەمەشیان ئەناسم لە تیپی پێشڕەو بو وەرە کاکە لێمان زویر مەبە ، کاکە خۆت ئەزانیت من پێم ناخۆشە ئەتان گەڕێن بەڵام دنێاکەی خراپە چیبکەین کاکە ؟
هەزار جار گۆڕەکەت پڕ نورو پڕ گوڵو عەشقو جوانیو خەندەو هیوا ، مامۆستا گیان دەریایەک شیعرو ئۆقیانوسێک وشەی جوانت بۆ جێهێشتوین ، شیعرەکانت فێری عەشقی کردین  ، ڕوناکی بون ، ئارایشت بون بۆ ژنان ، چەکوش بون بۆ شکاندنی پێوەندی دەستو پێیان ،نانی گەرم بون ، پشکۆ بون بۆ کوانوی هەژاران ،ئاوێنەی باڵاڕوانی وڵاتمان بو ،تیر بون بۆ سەر سنگی زوڵمو ستەم ، پێم ناخۆش نیە با بمان گەڕێن ، لەسەر قسەکەی خۆت ، دنیاکەی خراپە !!!  من ڕەنگە ئەو زمانەم نەبێت  وەسفی شیعری تۆی پێبکەم ، بەڵام پەیامێکم هەیە  وابۆتی ئەنێرم ، هەم بۆ ئاسودە بونی ڕۆحت هەم با بزانیت ڕەنجت بە با نەچوە ، بزانە پەیامەکە دەرگای گشت ماڵە دێرینەکانی شاری ترازاندوەو  لە حاجی حانەوە پیا هاتوە بۆ سابونکەرانو تەکێڕوتەو گاورانو قەزازەکان و قاوخانەی سەرچیمەن ، نوری مەعریفەو ئازادی بۆ بردون ، من ڕێگە بە خۆم نادەم لە گۆڕیشدا سەرت بیەشێنم ، بەڵام دڵنێام کە مرواری شیعری تۆ ملوانکەیە لەملی کچانی  شارەکەتدا   ، من ئەم نامەیەم لەگەڵ دوفرمێسکی ساڵیادی تۆدا ئەدەمە دەست پەری شیعرو عەشق ئەویش  پاش دوسێ خول بەسەر شاردا ، لە سەر کێلی قەبرت قەرار  ئەگرێ و دڵنیابە هەواڵێکی خۆشی بۆ هێناوی .هەر بەویادەوە کە لە سوچی یانەکەدا ،لەگەڵ شانۆی پێشڕودا  کە ئەهاتینە سەر مێزەکەت ، بۆم نوسیوی کاک شێرکۆ گیان من هاتم بۆ ساڵیادەکەت ، با بە شێنەیی بۆت بگێڕمەوە چۆن بو  دوای ناودەرگای هۆڵەکە  کە بەخێرهاتنت کردین ،لەوهۆڵە گەورەیەی ڕٶشنبیرێدا کورسیەکان هەمو بوبون بە کورسی دوکەسی لەگەڵ هەموموندا کاک شێرکۆیەک دانێشتبو لەبەر ئاپۆراکە زۆرێکیش بێ کورسی بون  وەرچەرخامەوە چیم دی ؟ ئەوانەش کە بە پێوە ڕاوەستابون هەمو یەکی کاک شێرکۆیەک دەستی خستبوە سەرشانیان ئەوانەش کە لەسەر پێپیلکەوڕاڕەوەکاندا دانیشتبون هەمو کاک شێرکۆی خۆیان لەتەنیشتیانەوە بو ، منیش کاک شیرکۆی خۆم لە لامەوە دانیشتوە بێدەنگ ، وام زانی هەر کاک شیرکۆکەی من بێدەنگە ، بەڵام پاش تۆزێک سەری نزیک کردەوە لە سەرم وتی لە تۆوە دەست پێ ئەکەم  ، گوڵێکی سوری دامێو وتی ئەوە گوڵی عەشقە هەریەک گوڵە ، فێری بن بۆ عەشق هەر یەک گوڵی سور ، کە ئاوڕ  ئەدەمەوە هۆڵ  بوە بە باخچەو سور ئەچیتەوە ئینجا وتی بۆ هەمو بۆنەیەک گوڵی خۆی هەیە بەڵام ئەبێ لە عەشقەوە دەست پێ بکەین ، ئیتر من نازانم سەیر نەکەم یا بەڕەحەتی دابنیشم ، خۆت ئەمناسی کەمێ عەجولم، حەزم ئەکرد بچمە نێوان هەمو ئامادەبوانو کاک شێرکۆکانیانەوە بەلای ڕاستا ئەم ڕوانی بەڵای چەپا هەنژێجار بۆدواوەو ئاوڕم ئەدایەوە خۆم ئەبردە پێشەوەی کورسیەکەم لە وانەی بەردەمی خۆمم ئەڕوانی، هەندێکم هەر لەپشتەوە ئەناسیەوە ، وام حەز ئەکرد بزانم کێ هاتوە کێ نەهاتوە ، 
کاک شێرکۆ گیان ،هەمو شار لەوێ بو ئەوانەی تۆ زۆرت خۆش ئەویستن ، قەڵەمەکان زۆریان لەوێ بون قەڵەمی شینو سەوزو زەردو هەمو ڕەنگەکانی لێبو ، با بۆت باسکەم کێ هاتبو کێ نە هاتبو ، هەمو عەشقو عاشقان ئەوەندە زوو هاتبون یەک دو ڕیزی پێشەوەیان گرتبو هەمو گیانیان گردبو بە گوێ بۆ گوێگرتن لە باسی تۆ،لەشیعری تۆ ، ئەوە باسی گاوران باهەر نەکەم کەریمی ئەلەکە مامۆستا ولیەمە فەنی ، مام مەتی، جەرجیس، شەمعون ،کریکۆر بە سەبەتەیە لەواشەی گەرمەوە ، بەڵام ئەوی لای من خۆش بو قەشە یوسف پەری لە بەینی شێخی خاڵو مودەڕیسا دانێشتبو ، دەستی پیری مەییت گرتبو لە بەردمیاندا بەپیوە وەستابوی لەبەر ڕێزی ئەوان کەمێ خۆت چەماندبوەوە قسەت لەگەڵ ئەکردن ، ئەوە لای ڕاست لای چەپ چێوارچیخۆفی لەگەڵ خۆی هێنابو، وتیان بیهرەنگیش لەگەڵ مەحمودەروێش لەوێ بون ، من خۆم نەمدین لەبەر قەربالغیەکە ، هەرچی چاوشینو قژزەردی شار هەیە لەوێ بون ئەم هەمو کچە جوانە تازەپێگەیشتوانە ، با بیرم نەچیت ئەزانم ئەمەشت پێخۆشە ،نێرو مێ بەیەکەوە بە تێکەڵی دانیشتبوین ، لە هیچ لایە نەنوسرابو بۆ پیاوان یا بۆ