بڕیاری حكومی بڕیارێكی گشتیو گشتگیرەو كاریگەری لەسەر ژمارەیەكی زۆری خەڵكی دەبێت، ئەو كاریگەرییەش ماوەیەكی درێژ دەخایەنێتو تەنیا كاریگەریی لەسەر تاكەكانی كۆمەڵگە نییە، بەڵكو بە بەدەستهێنانی سوودی كۆمەڵایەتیو بەرژەوەندییە باڵاكانی نیشتمانییەوە هەیە، گرنگترینیان جێگیریو هێنانەدی ئاسایشو درێژەدانە بەگەشەپێدانی ئابووریی. ئەگەر بڕیار بەمانای بژاردەكردن بێت لەنێوان شوێنگرە رەخساوەكاندا، ئەوا لێرەدا گرنگە وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە: چۆن دەتوانین بەو شوێنگرەوانە بگەین؟ پێوەرەكانی ئەولەویەتەكان چین؟ بۆچی هەندێك لەپرسو بابەتەكان بایەخێكی گەورەتریان لەسەر ئەجندای كاری حكومەتدا هەیەو هەندێكی تریان دەكەونە دەرەوەی ئەو ئەجندایەوە؟ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە، تێڕوانینێكی شیكاری بۆ پڕۆسەی دروستكردنی بڕیارە گشتییەكانو تێگەیشتنی ئەو هەلومەرجو هۆكارو گوشارانەی كاریگەرییان لەسەر داڕشتنی ئەو بڕیارانە دەبێت، دەخوازێت. ئایا بڕیارە گشتییەكان پشت بەپێوەرەكانی لێهاتوویی ئابووری دەبەستێت؟ بەڵێ، بەڵام بەشێوەیەكی تەواوكار نییە، لایەنی كۆمەڵایەتیو سیاسی رۆڵێكی گرنگی لەپێكهێنانی بڕیاری گشتییدا دەبێت. مەبەست لەلێهاتوویی، پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی پێویستە بەكۆمەڵگە، بەڵام زۆرجار دەبینین حكومەت خۆی بەناچار دەبینێت بۆئەوەی دەستبەرداری پێوەرەكانی لێهاتوویی ئابووریی بێت، بۆئەوەی بتوانێ دادپەروەری كۆمەڵایەتی بەدی بهێنێت، نەك هەر ئەوەش، بەڵكو رەنگە حكومەت لێهاتوویی لەسەر ئاستی سوودی گشتیی كۆمەڵگە بەپێشكەشكردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی كۆمەڵگەی پێویستی پێی دەبێت، بەدەست بهێنێت، بەڵام مەرج نییە ئەو لێهاتووییە ئابوورییە لەسەر ئاستی تاكەكان بەدەست بهێنێت. بەو مانایەی كە ئەو خزمەتگوزارییەی پێشكەشی دەكات لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە خواستراو بێت، بەڵام لەسەر ئاستی تاك ئەو خزمەتگوزارییە جیاواز بێت، ئەویش بەحوكمی جیاوازی ئارەزوو و پێداویستییەكانیان.
خراپ بەكارهێنانی دەرامەتەكان
لێرەدا دەبێ ئەوە وەبیربهێنینەوە كە بڕیاری گشتی بەیەكسانی بەسەر هەموواندا پڕاكتیزە دەبێت، بەبێ رەچاوكردنی ئارەزوو و حەزی جیاوازی نێوان تاكەكان، ئەمەش وادەكات بڕیارە گشتییەكان لەسەر ئاستی تاكەكان ئاستی لێهاتوویی ئابووری كەمترە. بڕیاری گشتی ناتوانێ پێداویستییە هەمەجۆرەكانی تاكەكانی كۆمەڵگە بەبەراورد بەكەرتی تایبەتی بەجێبهێنێت، كە لەكەرتی تایبەتدا گونجاندنێك هەیە لەنێوان ئەوە تاك ئارەزووی دەكاتو ئەوەی بەدەستی دەهێنێت، ئیشكالیەتی بڕیاری گشتی لەم ئاستەدا كۆتایی نایەت، بەڵكو پڕۆژە حكومییەكان كە تێچوونێكی زۆریان هەیە، كەی بڕیاری لەسەر درا دەبێ جێبەجێبكرێنو پاشەكشێی تێدا نەكرێ، لەبەرئەوە كاتێك هەڵە لەدەستنیشان كردن یان جێبەجێكردنی پڕۆژەیەك دەكرێ، ئەوا دەرهاویشتە ئابووریو كۆمەڵایەتییەكانی قورسو كاریگەر دەبن. ئەو تێچوونە تەنیا پەیوەندیی بەخراپ بەكارهێنانی دەرامەتەكانەوە نییە، بەڵام لەوە گرنگتر گەشەپێدانە نابەردەوامەكەیو كاریگەرە نەرێنییەكانیەتی لەسەر ژینگە كە ماوەیەكی درێژ دەخایەنێت، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە بەكارهێنانی خراپی دەرامەتی سروشتییەوە هەیە، وەك ئاو و خاكو دەرامەتە ئابوورییەكانی وەك نەوتو كانزاكان.
دروستكردنی بڕیارو بڕیاردان
بەو جۆرە دەبینین بڕیاری حكومی كاریگەرییەكی گەورەی لەئیدارەدانی كۆمەڵگەو بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی كۆمەڵایەتیو زامنكردنی بەردەوامیو بەرەوپێشبردنیدا هەیە. ئەو گرنگیو بایەخەی، زەرورەتی پێداچوونەكردن بەگرتنەبەری رێوشوێنەكانی بڕیارە گشتییەكانو چۆنیەتی گەیشتن بەدەرچوواندنی بڕیار دەخوازیت. لێرەدا دەبێ جیاوازی لەنێوان دروستكردنی بڕیارو بڕیارداندا بكەین. دروستكردنی بڕیار، لەبنەڕەتدا دامەزراندنی بڕیارە، ئەوەش پەیوەندیی بەدەسەڵاتی یاسادانانەوە هەیە، كە مەرجەعیەتی یاسایی بڕیارەكان دادەنرێت. بەڵام بڕیاردان پەیوەستە بەشێوازی جێبەجێكردنی یاساكانەوە، ئەویش لەكۆیدا هونەرییەو دەكەوێتە چوارچێوەی تایبەتمەندێتیی دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە (حكومەت). شایانی وتنە، جیاكردنەوەی ئەو دوو دەسەڵاتە زۆر زەرورەو لەدوو لاوە سوودی بۆ بەدیهێنانی لێهاتوویی بڕیارە گشتییەكانی حكومەت دەبێت، یەكەم هەموو دەسەڵاتەكان لەیەك لایەندا كۆنابێتەوە، چونكە ئەوكات دەبێتە دەسەڵاتی رەها، دەسەڵاتی رەها بەرەهایی گەندەڵە. لایەنی یاسادانان كاری وەرگرتنی رای گشتیو گفتوگۆو دانوستانە كە سەر بابەتو پرسە ناكۆكان، كە بیروبۆچوونی جیاوازی تێدا دروست دەبێت. دواتر بەدوای داڕشتەیەكی گونجاودا دەگەڕێن كە لانی كەمی بۆچوونی لایەنە بەشداربووەكانی پڕۆسەی سیاسی تێدا جێبكرێتەوە، بەڵام