دوای بیگرەو بەردەیەكی زۆرو ئەڕوات..ناڕوات، دواجار نەوتەكەی هەرێمی كوردستان فرۆشراو عەمبارەكانی بەندەری جەیهان لەزێڕی رەشی كوردستان بەتاڵكران. فرۆشتنی ئەو نەوتە بەبێ رەزامەندی حكومەتی عیراق، قۆناغێكی دیكە لەئاڵۆزییەكانی (هەرێم – بەغدا) دەبڕێتو وایدەبینم كە ئەمجارە لایەنی سێیەم تێكەڵ بەململانێكان دەبێت كەئەویش رێكخراوە نێودەوڵەتیو وڵاتێكی وەك ئەمریكایە. بۆیە ئەگەر پێشتر هەولێرو بەغدا سازشیان لەداواكارییەكان نەكردبێتو هەموو دەرگایەكیان بەڕووی یەكتردا داخستبێت، ئەوا ئەمجارە یاسا نێودەوڵەتییەكانو نێوەندگیریی دەرەوە، كێشمەكێشەكان یەكلادەكەنەوە.
ئیتر ئاخۆ بیانووەكانی كوردستان بۆ ناردنەدەرەوەی نەوتەكەی، دەبن بەپاڵپشتی یاساییو قەناعەت بەدەرەوە دەكەن كە ئەوەی دەیكەن یاخبوون نییە لەدەستوورو هەوڵی سەربەخۆییش نییە، بەڵكو مافەو پەرچەكرداریشە لەبەرامبەر بڕینی مووچەی هاونیشتیمانییەكانی؟ یان ئەوەتا دەوڵەتی عیراق كە ماوەی زیاتر لە 40 ساڵە وەك وڵاتێكی هەناردەكاری نەوت لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناسراوەو دانپیانراوە، ئەم شەڕە درێژخایەنە ناوخۆییە دەباتەوەو بە بەڵگەكانی وەرنەگرتنی ئیزنی فرۆشتنو «بەخاچاغ بردنی» نەوت، ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لەپاریسو ئەمریكاو ئەوروپا قایل دەكات؟. پێشبینی سێیەمیش لەئارادا دەبێت، كە پێدەچێت فرۆشتنی نەوتی هەرێم ئەو بۆچوونە لای ئەمریكاو ئەوروپا دروست بكات، كە پەیوەندییەكانی (هەرێم – بەغدا) گەیشتوونەتە بنبەستو ئەگەر نێوەندگیریی بۆ ئاشتكردنەوەی ئەم دوو لایەنە نەكرێت، ئەوە لەوانەیە كورد هەنگاوی فیعلی بۆ سەربەخۆیی بنێت.
بابێنە سەر ئەو پرسیارەی كە ئایە داهاتی ئەو نەوتەی كە هەرێمی كوردستان دەیفرۆشێ چەندەو بەراورد بەپشكی (17%)ەكەی لەبودجەی گشتیی عیراقدا، داهاتەكەی زیاد دەكات یاخود كەم دەبێتەوە؟. ئێستا هەرێمی كوردستان رۆژانە لەتوانایدایە بڕی 100 هەزار بەرمیل نەوت بنێرێتەدەرەوە (وەك ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پشتڕاستی دەكەنەوە)، ئەگەر نرخی جێگیری نەوت لەماوەی ساڵێكدا (90) دۆلار بێتو هیچ گرفتێكی تەكنیكیش دروست نەبێت، ئەوا داهاتی نەوتی هەرێم لەساڵێكدا دەكاتە نزیكەی سێ ملیارو 240 ملیۆن دۆلار، بەڵام ئەمە بەبێ دەركردنی پشكی كۆمپانیا نەوتییەكان كە رێژەی (40%)ەو كرێی گواستنەوەو عەمباركردن كە پشكی توركیایەو لەهەر بەرمیلێك نەوت بڕی دۆلارێك وەردەگرێت. كەواتە داهاتی نەوتی كوردستان لەنیوە كەمترە لەو پشكەی كە ساڵانە لەعیراق وەریدەگرێت. كە بۆ ئەمساڵ بڕەكەی زیاتر لە 16 تریلیۆن دینار بوو.
ئێستا وەزارەتی نەوتی عیراق سكاڵای یاسایی لەژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لەپاریس لەدژی حكومەتی هەرێمو توركیا تۆمار كردووە. ئەوەی روونە ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان لەدوو لایەنەوە بەرگری لەخۆی دەكات، لەڕووی سیاسییەوە بڕیارە تاكڕەوەكانی بەغدا دەخاتەڕوو كە دژایەتی پێشخستنی سێكتەری نەوت لەهەرێم دەكاتو بەدەر لەدەستوورو یاسا، دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر تەواوی نەوتی عیراقدا بسەپێنێت. لەلایەنی ئابووریش ئەوە رووندەكاتەوە، كە عیراق ئەمجارەش پێشێلی دەستووری كردووەو لەڕێگەی بڕینی مووچەو قووتی خەڵكەوە، ئابووریی كوردستانی خستۆتە مەترسییەوە. بۆیە تەنیا رێگەچارە لەدوای نەمانی گفتوگۆوە، ناردنەدەرەوەی نەوتەكەی بووە.
لەبەرامبەریشدا بێگومان عیراق قسەی خۆی هەیەو لەپێشەوەی هەمووشیاندا ئەوەیە كە هەرێم دەیەوێت بەپێی داواكارییەكانی خۆی نەوت بفرۆشێتو داهاتەكەی پەیوەست بێت بەژمارەیەكی بانكیی سەرۆكایەی هەرێمو بەغدا نەتوانێت مامەڵە بەو داهاتەوە بكات. كۆی ئەمانەش ئەوە دەگەیەنێت كە كوردستان سەربەخۆیانە نەوتەكەی دەفرۆشێتو نایەتە ژێرباری بڕیارو رێنماییەكانی تایبەت بەنەوتی عیراقەوە.
لەهەردوو بارەكەدا بۆچوونم وایە، نەهەرێمی كوردستان گرەوی ناردنەدەرەوەی نەوتەكەی دەباتەوەو نە تەحداكەشی سەردەگرێت، هاوكات بەغداش لەبەرامبەر كەلەڕەقیو ویستەكانی بۆ مامەڵەكردنی رەهای بەنەوتی هەرێمەوە، شكست دەهێنێت. بەڵكو نێوەندگیریی ئەوروپاو ئەمریكا بارەكە بەلایەكدا دەخات، كە لەبەرژەوەندی هەردوولادا دەبێت یان لەوانەیە هەندێك لەقازانجی بەغدادا بێت (بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سیاسی ئێستای عیراق، بەتایبەت عیراقی دوای 30/4)، بەڵام پێدەچێت ئەوەش چارەسەرێكی كاتیی بێت بۆ چەند ساڵێكو جارێكی دیكە كێشەكانی هەرێمو بەغدا لەسەر نەوت سەرهەڵبدەنەوە.
كوردستانی نوێ