کاتێک (هیو بیڤەر)ی بەڕەگەز ئینگلیز کە لە کارگەی بیرەی گینیس ئەندازیار بو لە ڕۆژێکی پشودا بۆ ڕاوە نەورەس چوبوە کەناری ڕوباری تایمس بڕوای وابوو باڵندەی زەقزاق تیژ ڕەو ترین باڵندەیە. ئەو بیرۆکەیەی لا دروست بو کە لیستێ دروست بکا بۆ تۆماری ئەو شتانەی ژمارە پێوانەییەکان ئەبەزێنن ، کە لای ئێمە بە چاکو خراپ لە زاری گەورەکانەوە ناوی هێڵی سوری لێ ئەنێن. ،كاتێك ئاواتەکەی هاتەدی ، بۆ یەکەم جار بەناوی کارگەکەیەوە کتێبی ( ئینسکلۆپیدیای گینیس)ی بە چاپ گەیاند لەرۆژی ٧/ئۆگۆستی ١٩٥٥ دا. ئیتر لەوڕۆژەوە هەر شتێک ژمارەی پێوانەیی بشکێنێت ناوی ئەچێتە کتێبی گینیسەوە . وەک باڵابەرزترین پیاوی دنیا ، کورتترین ژن ، قەڵەوترین بەرخ ، جوانترین ئەسپ ، خیراترین ئۆتۆمبێل ، درێژترین قژ ، و هەمو ترینەکانی ترو عاجباتیەکان بەقەڵبو قولاپەکانیشیانەوە .
زۆر کەس پارەیەکی زۆر خەرج ئەکەن بۆ ئەوەی ناویان بچێتە ئەوکتێبەوە. ئەم کتێبە تایبەت نیە بە گەلێک یا نەتەوەیەک یا وڵاتێک ، بەڵکو جیهانیە هەمو سەر زەمینی داگیر کردوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە واپێئەچێ ئێمە تەنها لە شوتیا بەختمان سپی بێنێ تا ئەمڕۆ شانسی ئەوەمان نەبوە ناومان بچێتە ئەو کتێبەوە . دوساڵێ لەمەوبەرهەوڵێک درا کە هەڵپەڕکێیەک ساز بکرێت بازنەکەی فراوان بێت، تا بگاتە ئاستێک ببێتە پشتێنەیەک بەقەد بازنەی قەڵاکەی شاری هەولێری هۆلاکۆ بەزێن ببێت ، لە مەشا بەخت یاوەرمان نەبو کورتی هێنا ، نەزانرا هۆی شکستی ئەم هەوڵە چیبو ، دیسانەوە ناومان نەکەوتە سەر لاپەڕەی ئەو کتیبەی کە تیراژەکەی سەد ملیۆن بو لە دواهەمین چاپیدا .
لەساڵی ڕابوردودا ئێمەو وڵاتی لوبنان هەڵبژاردنمان ئەنجامدا، ئەوان بە هەمو ئەو تیرەو تایەفە ومەزهەبانەوە، وە ئەو مۆزایکە ئاڵۆزەی کە لێی پێک هاتون، دوهەفتە لەمەوپێش دوای ژانێکی دە مانگی حکومەتەکەیان لەدایک بو شافل خێریان لێکردو کێکی دەسەڵات لوشدرا.
ئێمە زۆرجار بڕێ پارە وەک دەسخۆشانە یا بەخشیش ئەدەین بۆ هەڵواسینی رەسمی سیاسیەکانمان لە وڵاتێکی فەڕەنگیدا یا هێنانی گۆرانیبێژێک لە وڵاتیکی بیانیەوە. بەگوناح نەبێت ونەقڵی کفر بە کفر نەبێ, ئەڵێن بە بەرتیل ئەو چالاکیانە چێدەبن. ئیترهەرچۆنێبێت لە میدیایەکەوە بۆ چەند چرکەیەک ناومان ئەچیتە ناو ناوانەوە، بەڵام کتێبەکەی گینیس خوا نەکا .
لەم خەراباتەی لەمەڕ ئێمەش وا زیاتر لە شەش مانگ بەڕێئەکەین هەڵبژاردنمان چێکردوە بەڵام حکومەت ونە . حیزبەکانمان داوای سەبری ئەیوبمان لێئەکەن ، حکومەتی هەرێم نە خاوەنی بەرزترین باڵەخانەی دنیایە نە گەورەترین گۆڕەپانی دنیا هی ئێمەیە ، ئەوەی لای ئێمە دەست ئەکەوێت ڕەنگە گەورەترین بەڵێنی درۆ بێت ، لە گەندەڵیشا قوسورمان نیە، ئەمانەش ڕوی مەجلیسیان نیە و بۆ ئەو کتێبە نەگریسە ناشێن ، بۆیە ئەگەر حیزبەکانمان تۆزێ پشویان درێژ بێت لەگەل ئەم میلەتەو بۆڵەو خوتەمان لێ قبول بکەن،ساڵانمان خایانوە مانگانمان ماوە ، ئەو سەبری ئەیوبەی لە ئێمەی داوا ئەکەن بۆ خۆیان بیخەنە گەڕ ،چوارمانگێکی تر خۆیان بگرن و دە مانگێک زیاتر ،شتێ سڵاوی بەنەوە و بۆڕی لوبنان ئەدەینەوە ئەوسا بە پێی مەسڵحەتی حیزبەکان حکومەتەکە تەشکیل بکەن و لەجیاتی کێک ناوساجی دەسەڵات بەشکەن و . ئەوسا بێ بەخشیش و بێ بەرتیل ، هیچی ناوێ ناومان ئەچێتە کتێبە بۆرەوە ، ، کەوابو لێخوڕن بۆ گینیس . هەر هیچ نەبێ با ئەوەمان پێببڕێ .
دلاوەر سۆفی کەریم