پڵاوی خانەقا

هەرگیز بەنیاز نەبوم ڕۆژێ لە ڕۆژان کۆمێتێکی توانج ئامێز بکەمە پلاری ناڕەزاییم بیگرمە ئەو حکومەتەی کە خەوم پێوە ئەدی منیش وەک خواپێداوان ساحیبی بم  هەر بۆیە هەمیشە  وبەهەر پاساوێک بوبێ بیانوم بۆ خۆم دۆزیوەتەوە تا بێدەنگ بم ، هەرهیچ نەبێ چەوتوچیلەو  کەلەبەرەکانی نەبینم ، هەندێ جار چاویشم نوقانوە ،جگە لە هەندێ ڕەخنەی دروستکەر یا بونیاد نەر هەرگیز حەزم نەکردوە خراپ بێژم ، بەڵام وا پێئەچێ ئەم دامو دەزگایە بەرد بێنێتە قسە ،لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و لە گۆڕنانی دکتاتۆرە گەوجەکەی بەغدا، کیسەو باخەڵی حکومەتی هەرێم گەرم داهات ، بیانو نەما بۆ خنەخنکردن لە کارو فرمان و دانەمەزراندنی دەوڵەتی نێشتمانی، بە دامودەزگاکردنی ئەم هەرێمەی بێنازتان کرد. 
ئەوەی جێی سەرسوڕمانە حکومەت زۆربێباکانە کەوتە چاوپۆشین لە جۆرەها گەندەڵی کەهەندێ لەو گەندەڵیانە داهێنانو ئارایشتیشان تیاکراوە ، کە لەم دەڤەرەی لەمەڕ ئێمە ئەگوزەڕێ ، وەڕێ خۆشکەرێش بوە بۆ هەندێک تا لە ڕوی هەڵلوشینی سامانی گشتیدا کەم پشک نەبن ، بەردەوامی لەگەندەڵی ، ناعەدالەتی ، نا شەفافی دەیان نای تر بێوەڵام ماونەتەوە ، بون بە و پرسیارانەی حکومەتی هەرێم وەک قوتابی تەمەڵ تیا چەقیوە و وەڵامی بۆ نادرێتەوە . 
ئەرێ جەنابی حکومەت بەو سیفەتەی باوکی میلەتی و باوکیش ئەرکی سەرشانیەتی بێ پێچو پەنا وەڵامی ئەولادەکانی بداتەوە  ئەمە لە کاتێکدایە وابزانم ئێمە لە ئەولادە صاڵحەکانین ،بەڵگەش ئەوەیە، نە کەممان قوربانی داوە نە دواش کەوتوین …….
وا چەندپرسیارێک ئەخەینە سەر خەرمانی پرسیارەکانمان کە وەڵام نەدراونەتەوە !!!!! با نۆش لەبانی دەی بێت .
کوا پلانی درێژ خایەن ؟ کوا ئاسایشی نەتەوەیی ؟ کوا ئاسایشی خۆراک ؟ کوا ئاوەدانی گوندەکان ؟  کوا بەرهەمی ناوخۆ؟ کوا دادگایی تاوان بارانی شەڕ؟ کوا کەرتی کشتو کاڵ ؟ کوا هەناردەی بەرهەمی کوردستانی ئازاد ؟ چەند مەتر دوجا لەخاکی کوردستان گەڕاوەتەوە سەر هەرێم ؟ تەراتێنی سوپای کام دەروجیران قەدەغە کرا ؟ کەی یاسا جێی ڕێخراوە کۆمەڵایەتیەکان ئەگرێتەوە ؟ کەی وێنەی قەد دیوارەکان کەم ئەکەنەوە ؟ کەی عەدالەتی کۆمەڵایەتی پیادە ئەکەن ؟کەی ئەمان کەنە خاوەن ڕاگەیاندنێکی نیشتمانی ؟ کەی پرۆسەی پەروەردەی نەتەوەیی دەستپێئەکات ؟ هەزار کەی و هەزار چەندو هەزار کوای تر هەن ،نیشانیەی پرسیرمان لەبن نایەت !
ئەوی ئێستا پرسیارە ئەوەیە تاکەی چاوەڕێی پێکهێنانی حکومەت بین ؟ ئایا جارێکیترداوامان لێئەکەن بچین بۆ دەنگدان ؟ئەو نەوتەی بەتەنکەر ئەڕوا بۆ کوێ ئەچێت ؟ ئەی پارەکەی چیلێدێ  ؟ بۆ نانی ئێمە بەدەست مالیکیە ؟ بەتەمابین جگە لەئێوە کەسێکی تر بتوانی پۆستێکی باڵا وەرگرێ ؟ من بڵێم سەدان ئێوە ئەڵێن هەزاران کەس خۆی کردە قوربانی بۆ کوردستانی بونی ئەم خاکە ، بۆ لە سایەی ئەم حکومەتەدا هەولێر ئەبێتە پایتەختی گەشتیاری عەرەب ؟ ئەمەیان ناوئەنێن چی ؟
شێخ ڕەزای تاڵەبانی غەرقی ڕەحمەت بێت ئەفەرموێ 
سێ ئیسم هەن بێ موسەمما هەروەکو ئاوی بەقا
تەیری عەنقا ، شاری جابوڵقا ، پڵاوی خانەقا 
ئەم پیاوە مەزنە سەری سوڕماوە لەم سێ نهێنیە کە دوانیان هەر ناون ،بونیان نیە ، پڵاوی خانەقاش تائێستا هەر پەنهانە ، بۆ ؟ بە چ بۆنەیەکەوە لێنراوە؟ بۆبەخشراوەتەوە ؟ سکی کام برسی تێر کردوە ؟ئێستا ئێمە نەک سیان ، سەدان کەموکورتیمان هەیە ، ناومان بۆ نادۆزرێتەوە !ئەگەر ئێمە نابەڵەدو نە شارەزاین پێمان بڵێن ، ئەگەر نا پردی تەحەمول ڕۆژێ دێ ئەپچڕێ .