لە بنەڕەتدا حكومەت بنەما سەرەكییەكانی سیاسەتی وزە (Energy Policy) و هەنگاوەكانی گەیشتن بە ئامانجی ئەو سیاسەتە دادەڕێژێت، پاشان ئەم سیاسەتە لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیداری وزەو ژینگە و كەرتی تایبەت لە رێی سەرمایەگوزاری كەرتی تایبەت و حكومەتییەوە جێبەجێ دەكرێت.
حكومەت ئامانجی لە سیاسەتی وزەدا ئەوەیە كە گشت هاونیشتیمانیان بە شێوەیەكی بەردەوام بە وزەی پێویستی رۆژانەی خۆیان بگەن بەمەرجێك ژینگەش پارێزراو بێت. نرخی وزەش كاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان بەتایبەتی و پیشەسازی و ئابووری بەگشتی، هەربۆیەش دەبێت ئامانجی سیاسەتی وزەی وڵاتەكان ئەوە بێت كە وزە بە بەردەوامی و بەنرخێكی گونجاو بگاتە دەستی هاووڵاتیانیان.
بەكورتی گرنگی ئامانجی سیاسەتی وزە لەوەدایە كە كاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر كەرتی ئابووری و پاراستنی ژینگەی وڵات.
لەم نووسینەدا هەوڵ دەدرێت چوارچێوەی تێڕوانینی سیاسەتی وزە روونبكرێتەوە و شرۆڤەی ئەو پرسیارانە بكەین كە بۆچی سیاسەتی وزە بۆ هەر وڵاتێك گرنگ و پێویستە؟ هەروەها كێشە گرنگەكانی نێو سیاسەتی وزە چین؟
خاڵە گرنگەكان لە سیاسەتی وزەدا بریتین لە روئیا (Vision)، ئەویش بەرچاوڕوونیی حكومەتە كە دەیەوێت لە ماوەیەكی دیاریكراودا بەهۆی ئەو سیاسەتەوە بگات بە چ خاڵێك و چ ئامانجێك! پاشان ستراتیجیەت (Strategy)، ئەویش حكومەت چۆن و بە كام رێگا دەیەوێت ئەو ئامانجە دیاریكراوە بپێكێت؟ پاشان تاكتیكەكانی گەیشتن بەئامانجەكە چین؟ ئایا حكومەت سوود لە بواری تەكنیكی یاخود ئابووری یاخود كۆمەڵایەتی وەردەگرێت بۆ پێكانی ئامانجی سیاسەتی داواكراو؟ هەروەها ئایا گەیشتن بەو ئامانجە چوارچێوەی كاری یاسادانانی پێویستە؟ یاخود گۆڕانكاری لە بودجە و سیاسەتی وڵاتدا؟ بەگشتی لە جیهانی مۆدێرنی ئەمڕۆكەدا سیاسەتی وزە خاوەنی سێ پرەنسیپی گرنگە كە هەرسێكیان كارتێكەرییان لەسەر یەكدی هەیە، ئەوانیش بریتین لە ئاسایشی دابینكردنی وزە، پاراستنی ژینگە و كارایی (بڕوانە هێڵكاری 1).
سەرەتا بۆ تێگەیشتن لە بواری وزە پێویستە كۆمەڵە چەمكێك روونبكەینەوە، وزە توانایی ئەنجامدانی گشت كارێكە، وزە هەڵسوڕێنەری چەرخی پیشەسازی و ئابووریە لە گشت وڵاتێكدا، ئەمڕۆكە توانای ئابووری گشت وڵاتەكان و پلەی خۆشگوزەرانییان بە بڕی سوودلێوەرگیراوی ساڵانەی وزەی بەكاربەریان دەپێورێت و ئەو وڵاتانەی كە وزەیەكی زۆر وەردەگێڕن، خۆشگوزەرانترن لە وڵاتە ئەفریقاییەكان كە ساڵانە پێویستیان بە وزەیەكی كەمترە.
جۆرەكانی وزە خۆی لە وزەی كیمیاوی (Chemical Energy)، وزەی ئەتۆمی (Nuclear Energy)، جوڵە وزەی میكانیكی (Mechanical energy)، وزەی پۆتینسیاڵ (Potential Energy) و وزەی گەرمایی (Heat Energy) دەبینێتەوە. لە هەمانكاتیشدا گرنگترین سەرچاوەكانی وزە بریتین لە وزەی مادە فۆسیلیەكان واتە نەوتی خاو، غازی سروشتی و خەڵووزی بەردین (Fossil fuels – coal، oil، natural gas)، وزەی ئەتۆمی لە مادەی یۆرانیۆم (uranium) و وزە نوێبووەكان (Renewable – solar، hydro، wind، biomass، geothermal،).
لێرەدا سیاسەتی وزە خۆی بە پرسیارەكانی چۆنێتی گەیشتن و هاوردەكردن و هەناردەكردنی ئەم وزانە بۆ دەرەوەی وڵات و بڕی پێویستی ساڵانەی ئەم وزانە بۆ وەرگێڕان لە وڵاتدا سەرقاڵ دەكات. سیاسەتی وزە لە جۆری سەرچاوەكان دەكۆڵێتەوە كە ئایا كام لەم سەرچاوانەی وزە هەتاهەتایین و كامەیان هەردەم لە نوێبوونەوەدان؟ سیاسەتی وزە پێماندەڵێت ئەم واتایانە چۆن لێكدەدرێنەوە؟ سیاسەتی وزە بیر لە ئاسایشی دابینكردنی وزەی وڵات دەكاتەوە كە ئایا ئەو هۆكارانە چین ئاسایشی دابینكردن و هەناردەكردنی وزەی وڵات دەخەنە ژێر مەترسی خۆیانەوە؟ سەقامگیری رێگاكانی هەناردەكردن یاخود دابینكردنی وزەی وڵات لە فاكتە گرنگەكانی نێو ئەجێندای ئاسایشی دابینكردنی وزەن.
كاریگەری وەرگێڕانی ئەم جۆرە وزانە و كاردانەوەیان لەسەر ژینگەی وڵات كۆمەڵە پرسیارێكی رامیاری گەلێك گرنگن بۆ داڕشتنی چوارچێوەی سیاسەتی وزە، بەڵام بەداخەوە رێساكانی ئەم پاراستی ژینگەیە لەلایەن وڵاتە دواكەوتوو یاخود تازە پێگەیشتووەكانەوە (لە نموونەی هەرێمی كوردستان) هەردەم گرنگی ئەوتوی پێنادرێت و لە ئەجێندای كاری سیاسی رۆژانەی حكومەتەكاندا نییە، بۆیە لە داهاتوودا بەڵاكانی پۆخڵی و وێرانبوونی ژینگە زۆر زوو ئاوقەی ئابووری و یەكڕاستە ژیانی ئاسایی هاونیشتیمانیانمان دەگرێت كە چارەسەركردنی و پاراستنی ژینگە هەزێنەیەكی