ئایندەی كەرتی پیشەسازیی كوردستان بەرەو كوێ؟ ‌

‏1 – 2 ‏
ئاشكرایە كەرتی پیشەسازی كەرتێكی گرنگ‌و كاریگەرە لەسەر ژیان‌و گوزەرانی هەموو كۆمەڵگەیەك. كەرتی پیشەسازی یەكێكە لەو پێوەرانەی كەئاستی گەشەو پێشكەوتن‌و خۆشگوزەرانی ‏كۆمەڵگەو هاووڵاتیانی پێدەپێورێت. جا هەرچەندە ئەو كەرتە گەشەسەندوو و پێشكەوتووبێت، ئەوا كۆمەڵگەش خۆشگوزەران‌و ئاستی ژیان تیایدا بەرزدەبێت‌و بەپێچەوانەشەوە. بۆیە ‏گرنگیپێدانی ئەم كەرتە ئەركێكی لەپێشینەو گرنگی حكومەتی هەرێم‌و وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازییە.‏
بەگشتی عیراق‌و بەتایبەتیش هەرێمی كوردستان، بنەمای وڵاتێكی پیشەسازییان تیادایە، بەهۆی بوونی سەرچاوەو مەوادی خامی هەمەجۆری پیشەسازییەكان لەنەوت‌و كانزا سروشتییە ‏جۆراوجۆرەكان لەلایەك‌و لەلایەكی تریشەوە بوونی عەقڵ‌و تواناو هێزی كارو زانستی زۆرو زەوەند. كەئەم دوو هۆكارە بنەمای سەرەكین بۆ دامەزراندن‌و گەشەدان‌و پێشكەوتنی بواری ‏پیشەسازی، سەرەڕای بوونی بودجەو پارەی پێویست‌و بەرنامەو پلانی زانستی‌و واقعی.‏
پیشە بەناوبانگەكانی سلێمانی
كوردستان بەگشتی‌و شاری سلێمانی بەتایبەتی، هەر لەمێژەوە سیمای هەرێم‌و شارێكی پیشەسازییان پێوە دیاربووە. ئەوەتا شاری سلێمانی هەر لەدامەزراندنیەوە لەساڵی 1784وە لەچەندین ‏بواری پیشەسازیدا جێگەی دەست‌و ناوبانگی هەیە كە لەسەر ئاستی تاكەكەس‌و میلی هەندێ‌ پیشەی تیادا بڵاوبووە وەك: (كارگەچی، سابونچی، موتابچی، مسگەری، ئاسنگەری، دارتاشی، ‏خومچێتی، شیرگەری، چەخماخسازی، پێستەخۆشكردن، دەرمانسازی، دروستكردنی خشتی قوڕ، بەردی نەقاڕی، عەتارچێتی، دروستكردنی گەزۆی كوردەواری(حەڵواچێتی، میوەو ‏شەربەت(شەربەچێتی)، دروستكردنی مافورو بەڕە، رستن‌و چنینی خوری‌و گوریس‌و قەیاسە، كۆپاندروویی، بەرگدروویی)‌و دروستكردنی گەلێك خواردنی كوردەواری كەشاری سلێمانی ‏بەكەبابە بەلەزەتەكەی زۆر بەناوبانگەو گەلێكی تریش.‏
یەكەم كارگەی ئەهلیش لەساڵی (1927 – 1928) لەسلێمانی دامەزراوە، بۆ سۆدەو سیفۆن‌و لیمۆ‌و پێیان دەوت (ناملێت). كارگەكە خاوەنەكەی مستەفا بەگ بووە. لەسەر ئاستی حكومیش ‏ئەوەتا یەكەم كارگەی بەرهەمێنی حكومی‌و گەورە لەساڵی 1957دا كەوتۆتە كاركردن‌و بریتی بووە لەكارگەی چیمەنتۆی سەرچنارو دوای ئەویش لەساڵی 1956دا بەردی بناغەی كارگەی ‏جگەرەو پوختەكردن‌و ترشاندنی تووتن لەسلێمانی دانراوەو لەساڵی 1961شدا كەوتۆتە بەرهەمهێنانی جگەرە. دواتریش كارگەی رستنی خوری لەشارۆچكەی كفری لەساڵی 1978داو ‏بەدواشیدا هەرسێ‌ كارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجەو شەكرو جلوبەرگی ئامادەكراو لەشاری سلێمانی‌و كارگەی ئاوی كانزایی بانی خێڵان لەشارۆچكەی دەربەندیخان لەساڵانی هەشتاكاندا، ‏كەهەموو ئەم كارگانە گەورەو ستراتیژین‌و رۆڵ‌و كاریگەرییان هەبووە لەسەردەمی خۆیاندا لەكوردستان بەگشتی‌و بەتایبەتیش لەسلێمانی هاوكاربوون لەدەستخستنی پێداوستی ناوخۆ ‏لەلایەك‌و لەلایەكی تریشەوە دەستخستنی دروای قورس بۆ وڵات‌و لەلای سێهەمیشەوە كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری لەگوندو شارو شارۆچكەكانی كوردستاندا.‏
بێ پلانی حكومەت
هەر لەهەمان بواردا توانراوە كارگەی گەچی بازیان لەشارۆچكەی تەكیەو كارگەی خوێی یۆدی بازیان‌و شۆردنەوەی خوری تەقتەق دابمەزرێنرێت‌و بەرهەمیان هەبێت. بەم شێوەیە شاری ‏سلێمانی هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە روویەكی پیشەسازی پێوەدیاربووەو ناوبانگی پەیداكردوە. تائێستاش سلێمانی زۆرترین كارگەی گەورەو مامناوەندو بچووكی پیشەسازیی تێدایە.‏
لەدوای راپەڕین‌و وەدەرنانی دامودەزگاكانی رژێمی بەعس‌و سازدانی یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمان لە 19/5/1992داو دواتر دامەزراندنی یەكەمین كابینەی حكومەتی هەرێم لە ‏‏4/7/1992داو كەتائێستا حەوت كابینەی حكومەت پێكهێنراوەو كابینەی هەشتەمیش بەڕێوەیە، لەئەنجامی دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە لەڕێكەوتی 21/9/2013دا سازدرا، ‏سەرجەمیان گرنگی تەواویان داوە لەسەرەتادا بەوەزارەتی پیشەسازی‌و وزەو ئێستاش بەوەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی‌و ئەم وەزارەتە رۆڵ‌و كاریگەری هەبووە لەسەرپەرشتیكردن‌و ‏بەردەوامبوونی بواری پیشەسازی، بە‌وەی كە لەتوانایدا بووە كەهەرچەندە لەجێگەی خواست‌و ویستەكانی كۆمەڵگەدا نەبووە، كەئەمەش هۆكاری بابەتی‌و خۆیی خۆی هەبووە. لەوانەش ‏حكومەتی هەرێم وەك سیاسەتێكی مەركەزی هیچ بەرنامەو پلانی نەبووە بۆ بوژاندنەوەی زیاترو گەشەپێدانی ئەم كەرتە هەستیارو زێدە گرنگە لەدامەزراندنی كارگەی پیشەسازی ‏گەورەو ستراتیژی لەبوارە جیاوازەكانی پیشەسازیدا.‏
هەرچەندە هەندێ‌ هەوڵ‌و هەنگاو هەبووە وەك دامەزراندنی كارگەی جبسۆم بلۆك‌و بەردی مەڕمەڕو گرانێت لەماوەت‌و كارگەی دۆشاوی تەماتەو ئاوی میوە