لیرەی توركی پاشەكشێ دەكات ‌

هەڵئاوسان روو لەهەڵكشان دەكات
كێشە بنەڕەتییەكە لەوەدایە، لەكاتی ئەم پەرەسەندنانەدا، بانكی ناوەندیی توركیا بەدەست كەمی یەدەكی نێودەوڵەتییەوە ‏دەناڵێنێت، كەپوختەی یەدەكی نەختی بیانی رەخساوی بانكی ناوەندی بەنزیكەی (٤٢) ملیار دۆلار مەزندە دەكرێت، ‏ئەمەش بەشی دوو مانگی هاوردە دەكات، ئەمەش تێكڕایەكی ئێجگار نزمە، بێگومان ئەم رەوشە گومان لەسەر توانای بانكی ‏ناوەندیی توركیا دروست دەكات لەوەی بتوانێ بەرگری لەبەهای لیرەی وڵاتەكەی بكات. چونكە چوونە دەرەوەی سەرمایە ‏گوشارێكی زۆر دەخاتە سەر نەختی بیانی ناو ئابووریی توركیا، لەكاتێكدا بانكی ناوەندی پێویستی بەو سەرمایە هەیە تا ‏بەهۆیەوە تەمویلی كورتهێنانی تەرازوی پێدانی پێ بكات، بەمەبەستی دەستوەردانی لەبازاڕی گۆڕینەوەی بیانی بكات، بۆ ‏بەرگریكردن لەبەهای لیرەی توركیا.‏‎ ‎
لەگەڵ پاشەكشێی بەهای لیرەی توركیا، هەڵئاوسان روو لەهەڵكشان دەكات، هەروەها هەڵكشانی تێكڕای دەستهاتی بازاڕیی ‏سەنەداتی توركیا زیادبوونی تێكڕای سوودی لێدەكەوێتەوە، كەئێستا سەرەتاكانی دەركەوتووە، هەرچەندە هەڵكشانی ‏تێكڕای سوود ئاراستەكانی هەڵئاوسان سنووردار دەكات، بەڵام بەرزكردنی تێكڕای سوود كاریگەری سلبی لەسەر ئاراستەكانی ‏گەشەی ئابووری دەكات، ئەمەش بەمانای پاشەكشێی زیاتری لیرەی توركیا دێت.‏
توركیا رووبەڕووی ئاستەنگی زۆرتر دەبێتەوە
لەلایەكی ترەوە، قەرزی دەرەكی توركیا زۆر گەورەیەو ئێستا (٤٢٠) ملیاری دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەمە لەگەڵ كورتهێنانی ‏تەرازوی پێداندا، لەبەرامبەر پەرەسەندنە ئابوورییەكاندا لیرەی توركیا زیاتر هەستیار دەكات. رەنگە ئەم ژمارەیە بەلای ‏زۆر كەسەوە سەیر بێت، بەتایبەتی كەئەردۆگان لەكاتی خۆپیشاندەكانی مەیدانی تەقسیمدا رایگەیاند، توركیا هیچ ‏قەرزیكی دەرەكی لەسەر نەماوە، ئەوە شتێكی بچووكی راستی تێدابوو، جگە لەوتارێكی سیاسی بۆ هێۆركردنەوەی شەقام ‏هیچی تر نەبوو، چونكە ئەو تەنیا مەبەستی قەرزەكانی سندوقی نیودەوڵەتی نەخت بوو. كاتێك حزبی دادو گەشەپێدان ‏لەساڵی ٢٠٠٢دا حكومەتیان پێكهێنا، توركیا (١٣٠) ملیار دۆلار قەرزار بوو، بەڵام ساڵانە ئەو قەرزە دەرەكییە لەبری ‏ئەوەی روو لەكەمبوون بكات، بەرزبووەتەوە.‏
لەڕووی سیاسییەوە، زیادبوونی ناڕەزایەتییەكان دژ بەحكومەت، لەباخچەی (گیزی)یەوە دەستی پێكرد، تادەگاتە ‏ئابڕووچونەكانی گەندەڵی، كەزۆرێكی بەرپرسانی سەر بەحكومەتی تێدا تۆمەتبار كراون‌و ئەردۆگانی ناچاركرد سەدان ‏ئەفسەری دەزگای پۆلیس دەربكات‌و بەڵێنی ریشەكێشكردنی گەندەڵی لەتوركیادا، هەندێك لەچاودێران وای بۆ دەچن ‏ئەمساڵ ٢٠١٤، حكومەت رووبەڕووی ئاستەنگی زۆرتر بێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی كەململانێی گەندەڵی گۆڕا بۆ ‏ململانێ لەسەر دەسەڵات، داوای دەست لەكاركێشانەوەی ئەردۆگان دەكەن، دوای ئەوەی هەندێك لەوەزیرەكانی گۆڕی، ‏بەتایبەتی توركیا لەماوەی داهاتوودا لەسەروبەندی زنجیرەیەك هەڵبژاردنە. بێگومان ئەم كاتە بۆ حزبی دادو گەشەپێدان ‏كاتێكی گونجاو و لەبار نییە. لەمانگی ئازاری ٢٠١٤ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان‌و لەحوزەیرانیشدا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ‏دەكرێت.‏
بەردەوامبوونی ململانێ لەسوریا
لەهۆكارە سیاسییەكانی تر، بەردەوامبووی خراپی رەوشی سوریا، كاریگەری خراپی لەسەر هەموو دەوڵەتانی دراوسێی ‏دەبێت، لەگەڵ ئەوەی ئەگەرەكانی بەكارهێنانی هێزی سەربازی بۆ یەكاڵاكردنەوەی رەوشی سوریا دوورە، بەڵام ‏بەردەوامبوونی ململانێ لەسوریا، كەشێكی گونجاو نییە بۆ جێگیربوونی بەهای دراوی دەوڵەتە دراوسێكانی، بەتایبەتیش بۆ ‏دەوڵەتێكی وەك توركیا.‏‎ ‎
لەكۆتاییدا، رەوشی ئابووریی توركیا كاریگەری لەسەر جەماوەری بوونی حزبی دادو گەشەپێدان دەبێت، ئەوەش لەم ‏حكومەتە دەخوازیت كەئابووریی وڵاتەكەیان گورج بكەنەوەو ئاستی گەشەی ئابووری بەرزبكەنەوەو رێژەی هەڵئاوسان ‏كەمبكەنەوەو بەهای دراوەكەیشان كۆنتڕۆڵ بكەن‌و بۆ ئەوەی چیدی لەوە زیاتر بەهاكەی دانەبەزێت، ئەم هەموو ئامانجە، ‏لەڕووی ئابوورییەوە ئەركێكی ئێجگار قورسەو ئەستەمە حكومەتی ئێستای توركیا لەم هەلومەرجە ناوخۆیی‌و ئیقلیمی‌و ‏نێودەوڵەتییەدا بتوانێت هەنگاوێكی بچێتە پێشەوە.‏‎ ‎