سه‌رمایه‌دارانی‌ ناو فڕۆكه‌یه‌ك! ‌

په‌پێی‌ راپۆرتێكی‌ ئابووری‌ جیهانی‌ كه‌ ته‌واو سه‌رنجی‌ راكێشام‌و تووشی‌ سه‌رسامییه‌كی‌ زۆری‌ كردم، ئێستا جیهان له‌به‌رده‌م نایه‌كسانییه‌كی‌ ئابووریدایه‌ كه‌ مرۆڤ تووشی‌ شۆك ده‌كات‌و هه‌ست ده‌كات كه‌ مرۆڤ له‌م سه‌رزه‌مینه‌ خۆی‌ بۆ خۆی‌ چ فه‌زایه‌كی‌ نایه‌كسانی‌ دروستكردووه‌.
به‌پێی‌ ئه‌و راپۆرته‌، له‌سه‌دا هه‌شتای‌ خه‌ڵكی‌ سه‌ر زه‌وی‌ خاوه‌نی‌ هیچ داراییه‌ك نین كه‌ شایه‌نی‌ باسكردن بێت، واته‌ ئاستی‌ بژێویی‌‌و داهاتی‌ ئه‌م رێژه‌یه‌ له‌خه‌ڵك ئه‌وه‌نده‌ كه‌مه‌ كه‌ شایه‌نی‌ باسكردن‌و له‌سه‌روه‌ستان نییه‌. ئه‌مه‌ش پیشانمان ده‌دات كه‌ زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵك له‌سه‌ر زه‌وی‌ هه‌ژارن‌و ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ میدیاكان بۆ جۆرێك له‌ڕه‌فاهیه‌ت ده‌بینرێت كه‌مینه‌یه‌كه‌ كه‌ خۆی‌ له‌سه‌دا بیستی‌ خه‌ڵك ده‌دا.
له‌وه‌ش سه‌رنجڕاكێشتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌و راپۆرته‌دا خاڵێك هه‌یه‌ كه‌ به‌ته‌واوی‌ پیشانمان ده‌دات داهاتی‌ خه‌ڵك له‌گیرفانی‌ رێژه‌یه‌كی‌ كه‌می‌ خه‌ڵكدایه‌ له‌جیهاندا، واته‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ به‌هه‌ژاری‌ هێشۆته‌وه‌ بریتی‌ نییه‌ له‌هه‌ژاری‌ سه‌رزه‌مین خۆی‌ به‌ڵكو بریتییه‌ له‌ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی‌ ئابووری‌ له‌لایه‌ن نوخبه‌یه‌كی‌ بازرگانه‌وه‌. له‌ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌: سه‌رمایه‌ی‌ ته‌نها له‌سه‌دا دووی‌ خه‌ڵكی‌ سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه‌ به‌ئه‌ندازه‌ی‌ سه‌رمایه‌ی‌ نیوه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌یه‌تی‌. واتا سه‌رمایه‌ی‌ ئه‌و رێژه‌ كه‌مه‌ له‌سه‌رمایه‌دار بارته‌قای‌ نیوه‌ی‌ دانیشتوانی‌ سه‌ر زه‌وییه‌ ئه‌مه‌ش ناعه‌داله‌تییه‌كی‌ هێنده‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌ به‌ته‌واوی‌ تووشی‌ شۆكی‌ گه‌وره‌مان ده‌كان كه‌ چۆن ئابووری‌ ئه‌م هه‌ساره‌یه‌ بۆ نوخبه‌یه‌كی‌ كه‌می‌ سه‌رمایه‌داره‌كانه‌.
له‌ڕاپۆرته‌كه‌دا زیاتر هاتووه‌ كه‌ سه‌رمایه‌ی‌ ته‌نها 300 كه‌س به‌ئه‌ندازه‌ی‌ سێ بیلیۆن كه‌سه‌ له‌جیهاندا. ئه‌مه‌ زیاتر شی‌ كراوه‌ته‌وه‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ واتا سه‌رنشینانی‌ فڕۆكه‌یه‌كی‌ سێ سه‌د كه‌سی‌ له‌ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان، به‌ئه‌ندازه‌ی‌ هه‌موو خه‌ڵكی‌ ئه‌مریكا، به‌رازیل، هیند‌و چین، سه‌رمایه‌یان هه‌یه‌. ئه‌مه‌ش ناعه‌داله‌تییه‌كی‌ ئه‌وه‌نده‌ زه‌ق‌و دیاره‌ ته‌واو هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ین هه‌ژاربوونی‌ خه‌ڵكی‌ جیهان نه‌ بریتییه‌ له‌هه‌ژاری‌ سه‌ر زه‌مین‌و به‌ش نه‌كردنی‌ ئابووری‌ به‌دانیشتوانی‌ ئه‌م هه‌ساره‌یه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌ بریتییه‌ له‌ناعه‌داله‌تی‌‌و نایه‌كسانی‌ له‌دابه‌شكردنی‌ سامان‌و ده‌سبه‌سه‌راگرتنی‌ ئه‌م سامانه‌ له‌لایه‌ن نوخبه‌یه‌كی‌ سه‌رمایه‌داره‌وه‌ كه‌ به‌سیستم توانیویانه‌ ئه‌م هه‌موو سه‌رمایه‌یه‌ كه‌ڵه‌كه‌ بكه‌ن. له‌كۆتایی‌ راپۆرته‌كه‌دا ته‌نها به‌یه‌ك دێڕ ده‌ڵێت چاره‌سه‌ری‌ ئه‌م دۆخه‌ نائاساییه‌ ته‌نها گۆڕینی‌ رێساكانه‌.  
ئه‌وه‌ی‌ مایه‌ی‌ له‌سه‌ر وه‌ستانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سیستمی‌ سه‌رمایه‌داری‌ چه‌نده‌ هه‌ڵی‌ ئه‌وه‌ی‌ ره‌خساندبێت كه‌ مرۆڤ ئازاده‌ له‌وه‌ی‌ چۆن له‌بازاڕدا مامه‌ڵه‌ ده‌كات‌و چۆنی‌ پێی‌ بكرێت ده‌وڵه‌مه‌ند بێـت‌و سه‌رمایه‌ی‌ هه‌بێت، ئه‌وه‌نده‌ش ئیشكالی‌ هێناوه‌ به‌وه‌ی‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ مرۆڤی‌ كردۆته‌ ئالیه‌تێك بۆ ئه‌و سیستمه‌و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ وایكردووه‌ كه‌ ئه‌م ئازادییه‌ بۆ بازارو كه‌ڵه‌كه‌كردنی‌ سه‌رمایه‌، ده‌ستی‌ هه‌بێت له‌ناعه‌داله‌تییه‌كی‌ كوشنده‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌كرێت به‌هۆی‌ ئه‌م هه‌ڵه‌وه‌ كه‌مینه‌یه‌كی‌ سه‌رزه‌وی‌ سامانیان له‌زۆرینه‌یه‌كی‌ ره‌ها زیاتر بێت‌و دانیشتوانی‌ ناو فڕۆكه‌یه‌ك، سه‌رمایه‌دارانی‌ ناو ته‌نها یه‌ك فڕۆكه‌ سه‌رمایه‌كه‌یان به‌شی‌ هه‌زاران ملیۆن كه‌س بكات له‌سه‌ر زه‌وی‌.
سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ئێستا له‌سه‌رزه‌مینێكدا ده‌ژین كه‌ قه‌یرانه‌ ناوخۆییه‌كان له‌بواری‌ كێشه‌ی‌ ئابووری‌‌و سیاسی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ئازادی‌ كاتی‌ ئه‌وه‌مان پێنادات بیر له‌كێشه‌ گه‌ردوونییه‌كان بكه‌ینه‌وه‌، سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ خۆخه‌ریككردنمان به‌ژیانه‌وه‌ رێگه‌مان پێنادات كه‌ بیر له‌هه‌ساره‌كه‌مان  بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ گیرۆده‌ی‌ كۆمه‌ڵێك كێشه‌ هاتووه‌ له‌وانه‌ گه‌رمبوونی‌ زه‌وی‌‌و كێشه‌ی‌ ئاو و وشكه‌ساڵی‌‌و پیسبوونی‌ ژینگه‌و زۆری‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوان‌و چه‌ندانی‌ تر، به‌ڵام ره‌نگه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ ناعه‌داله‌تی‌ یه‌كێك بێت له‌خه‌مه‌ هه‌ره‌ قوڵه‌كانی‌ خه‌ڵك به‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ مرۆڤ به‌ده‌ستی‌ خۆی‌ بۆ خۆی‌ دروستكردووه‌. 
لێره‌وه‌ جیهان له‌ژێر ده‌ستی‌ نوخبه‌یه‌كی‌ بازرگاندایه‌ كه‌ سه‌رمایه‌ی‌ ئه‌م هه‌ساره‌یه‌یان خستۆته‌ نێو جانتاكانیانه‌وه‌و ئه‌وه‌ی‌ له‌دۆخێكی‌ خراپیشدا ده‌ژی‌ زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ جیهانه‌. بۆیه‌ له‌ئێستادا جیهان پێویستی‌ به‌ڕێسایه‌كی‌ تره‌، پێویستی