ده‌کرێت دژی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت بین بۆ تورکیا؟

ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان به‌ بۆڕی بۆ تورکیا، یه‌کێکه‌ له‌و گرفته‌ گه‌ورانه‌ی له‌ نێوان حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی به‌غدا و تورکیادا هه‌یه‌، ئه‌مریکا و ئێران و رووسیاش قسه‌ی جدییان هه‌یه‌ له‌سه‌ری.
 
وه‌ک هاونیشتیمانییه‌کی کوردستان ده‌کرێت دژی بین ؟
 
گومان له‌وه‌دا نییه‌ که‌ گه‌وره‌ترین ده‌ستکه‌وت له‌ مێژووی حوکمڕانی هه‌رێمی کوردستاندا، راکێشانی بۆڕی نه‌وت ‌و غازه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ بۆ بازاڕه‌کانی جیهان، ئێمه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت پایه‌کانی ده‌وڵه‌تی کوردی دابنێین ئه‌مه‌ یه‌کێکه‌ له‌ به‌هێزترین پایه‌کانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌.
 
ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ پێویسته‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ین، راکێشانی بۆڕییه‌که‌ نییه‌ که‌ ئایا پێویسته‌ یان نا؟ به‌ڵکو هه‌نگاو و ده‌رهاویشته‌کانه‌ که‌ کاریگه‌ری و لێکه‌وته‌ و که‌موکورتییه‌کانی چین؟
 
عێراق بۆچی ناڕازییه‌؟
 
به‌بێ ره‌زامه‌ندی حکومه‌تی عێراق تاڕاده‌یه‌کی زۆر کاره‌که‌ ئه‌سته‌م ده‌بێت، چونکه‌ حکومه‌تی ناوه‌ندی چه‌ندین کارتی گوشاری به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، دیارترینیان بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان و دروستکردنی گوشاره‌ له‌سه‌ر گه‌شته‌ ئاسمانییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی.
 
هیوام وایه‌ حکومه‌تی ناوه‌ندی رازیبێت، به‌ڵام ئه‌سته‌مه‌، چونکه‌ حکومه‌تی ناوه‌ند ده‌ڵێت” نه‌وتی هه‌موو عێراق ده‌بێت له‌ رێگه‌ی بۆڕی نه‌وتی عێراقه‌وه‌ بڕوات ‌و کۆمپانیای سۆمۆ سه‌رپه‌رشتی فرۆشتنی بکات”. واته‌ رازی نییه‌ کورد خۆی نه‌وتی خۆی بفرۆشێت، با پاره‌که‌شی بچێته‌ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق.
 
حکومه‌تی عێراق، زانیاری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ که‌ نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان به‌ که‌متر له‌ نرخی جیهانی ده‌فرۆشرێت و ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر من سه‌رپه‌رشتی بکه‌م به‌ نرخی جیهانی ده‌یفرۆشم و هه‌رزانفرۆشی ناکه‌م و ئه‌مه‌ زیانگه‌یاندنه‌ به‌ دارایی عێراق.
 
به‌شێک له‌ شرۆڤه‌کارانی عێراقی، سه‌رگرتنی ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌ ده‌رگایه‌ک بۆ جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌ عێراق وه‌سفده‌که‌ن، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ش وه‌ک لێدانێک له‌ مالیکی به‌کاربێت له‌کاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا و بگوترێت: له‌سه‌رده‌می حوکمڕانی تۆدا کورد بووه‌ خاوه‌نی بۆڕی خۆی و رێگه‌ی جیابوونه‌وه‌ی خۆی دۆزییه‌وه‌.
 
دژایه‌تی رووسیا و ئێران بۆ؟
 
رووسیا و ئێران دوو ده‌وڵه‌تن قسه‌ی جدییان هه‌یه‌ له‌م پرسه‌دا.
 
رووسیا بۆ دژیه‌تی؟ ته‌واوبوونی بۆڕی غازی سروشتیی هه‌رێمی کوردستان و دابینکرنی غاز بۆ تورکیا و به‌شێکی زۆری ئه‌وروپا، زیانێکی زۆر له‌ ئابووریی رووسیا ده‌دات، به‌و پێیه‌ی به‌شێکی زۆری غازی ئه‌وروپا رووسیا دابینی ده‌کات و کارتی غازیش یه‌کێکه‌ له‌ گرنگترین ئه‌و کارتانه‌ی به‌ده‌ست رووسیاوه‌ بووه‌، به‌ ته‌واوبوونی پڕۆژه‌ی بۆڕی غازی کوردستان ئه‌و کارته‌ی رووسیا کاریگه‌ری نامێنێت.
 
ئه‌مریکا، له‌ 2004ه‌وه‌ کاری بۆ بێبایه‌خکردنی غازی رووسیا کردووه‌ له‌ رێگه‌ی پڕۆژه‌ی نابووکۆوه‌ که‌ بڕیاربوو 6 کۆمپانیای گه‌وره‌ی جیهانی به‌ڕاکێشانی غاز له‌ئێران و کازاخستانه‌وه‌ بۆ ئه‌وروپا پڕۆژه‌که‌ جێبه‌جێ بکه‌ن، به‌ڵام پڕۆژه‌که‌ شکستی هێناو ئێستا به‌شێک له‌ شاره‌زایان پڕۆژه‌ی بۆڕی غازی کوردستان به‌ جێگره‌وی نابووکۆ ده‌زانن.
 
سه‌رگرتنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ و رۆیشتنی نه‌وت و غازی کوردستان بۆ تورکیا زیانێکی گه‌وره‌ش به‌ ئێران ده‌گه‌یێنێت، به‌وپێیه‌ی به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌و وزیه‌ی که‌ بڕیاره‌ له‌ ئاینده‌دا له‌ کوردستانه‌وه‌ بچێته‌ تورکیا ئێستا ئێران دابینی ده‌کات، ئه‌مه‌ش قه‌یرانی دارایی له‌ ئێران زیاتر ده‌ک