سەربەخۆی دارایی ژن

ژنی كورد هەمیشە بەشێكی دانەبڕاوی سەرجەم شۆڕش ‌و خەباتە چەكداری سیاسیەكانی ئەم وڵاتە بوە، قوربانی پلەیەك ‌و سوتەمەنی‌ و بزوێنەری حەقیقی ئەم شۆڕشانە بو چاوەڕێ‌ دەكرا لەدوای راپەڕینی 1991 نەمانی ستەم ‌و زۆرداری بێگانە ‌و بەعس ژنی كورد لە جلی رەش ‌و فرمێسك ‌و هەواڵی شەهیدبونی هاوسەر و برا و باوك ‌و كەسوكاری دورو بێت، بەڵام بەداخەوە سەركردایەتی سیاسی ‌و حوكمڕانی كورد وەكو پێویست سەیری پرسی ژنیان نەكرد، وەكو هاوبەش ژیان بەدەم خەم و داواكارییەكانیان نەچون، بەڵكو لەدوای دامەزراندنی حكومەتی شەپۆلێك لە ژنكوشتن بێ‌حورمەتی كردن بە كەرامەت ‌و هەستی ژن دەستی پێكرد، ئەویش بەبیانوی پاراستنی شەرف، هەروەها ئیستیغلال كردنی لایەنی ئابوری ‌و هەژاری ژنان وایكرد ژنێكی زۆری ئەم وڵاتە بەرەوە لادانی كۆمەڵایەتی‌ و هەڵوەشاندنەوەی خێزان بچن، ئەمەش گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی‌ و خێزان.
لە ئێستادا هەرێمی كرودستان بە قۆناغێكی گەشەسەندن ‌و بوژانەوەی لایەنی ئابوری و وزە و زیادبونی بەشە بودجەی تێپەڕ دەبێت، لەم هەڵبژاردنەش سەرجەم حیزب‌ و لایەن سیاسیەكان، بەڵێن و گرەوی زۆریان بە هاوڵانیان‌ و چینی ژناندا چ لە رێگرتن لە ژنكوشتن‌ و بەرەزكردنەوەی توانای بژێوی ژیانی تاك ‌و خێزان ‌و برینەوەی موچە بۆ كابانی ماڵ، بۆیە ئیستا كاتی خۆیەتی سەرجەم فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمانی كوردستان خاوەن بەڵێن گفتی خۆیان بن لە ئاست دەنگدەرانم كاتی ئەوە هاتوە لە بەشە بودجەی ئەم هەرێمە حسابێكی تایبەتی بۆ ژنانی ماڵەوە ئەو ژنانە بكرێت، كە هیچ سەرچاوەیەكی دارایان نییە بۆئەوەی چیتر ژن چاوی لە خێر و دەستی پیاوان نەبێت، وەكو نیوەی كۆمەڵگا و هاوبەشی ژیان خاوەن ئیرادەو بڕیاری خۆی بێت ئەمەش بە دامەزراوەكردنی سەرچاوەی دارایی ژنان دەبێت.
ساڵانە سەدان رێكخراو بەناوی ژنان ‌و پرسی جێندەر سەدان هەزار دۆلار لە بودجەی ئەم هەرێمە بە هەدەردەدەن، ساڵانە سەدان ۆرك شۆپ‌ و سیمنیار و كۆڕ و كۆنفرانس ساز دەكرێت، بەبێ‌ ئەوەی تۆز قاڵێك لە خەم و ئازاری ژنان كەم بكاتەوە دەبێ‌ دەسەڵاتدارانی كورد بەتایبەتی حكومەتی هەرێم بەجدی بە خۆداچونەوە ‌و پلانێكی تۆكمە بۆ سەرف كردنی ئەو بودجە زۆرە لە بواری رێكخراوەكانی بەناو ژنان بكات، بۆئەوەی ئەم پارە زۆرە راستەوخۆ بگاتە خزمەتی ژنان، ئەویش لە رێگای بڕینەوەی موچەی شایستە بۆ ژنانی ماڵەوە و زیادكردنی موچە و دەرماڵەی تایبەتیش بۆ ئافرەتانی تازە دامەزراو، ئەمەش هیچ قورسایی لەسەر بودجە و داهاتی وڵات دروست ناكات، ئەگەر لە كەلێن‌ و كەموكوڕییەكانی بودجە‌ و نەهێشتنی بەهەدەردانی پارەی رێكخراو و سەنتەرەكانی بەناو ژنان بۆ بواری بێ‌ بایەخ. یاخود نەهێشتنی خانەنشینی و موچەی پلەی تایبەت لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەكان‌ و بڕینی بودجەی زەبەلاحی ئەو حیزبە كارتۆنیانەی، كە متمانەی خەڵكی كوردستانیان بە دەستنەهێنا لەم هەڵبژاردنە.