قه‌رز بۆ هه‌مووان ‌

قه‌رز، بڕه‌ پاره‌یه‌كه‌ كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ یان ده‌زگایه‌كی حكومی یان تایبه‌ته‌وه‌، ده‌درێته‌ كه‌سێك یان لایه‌نێكی تر به‌پێی هه‌ندێك مه‌رجی دیاریكراو بۆ كاتێكی دیاریكراوو به‌مه‌به‌ستێكی دیاریكراو. 
مه‌به‌ستی ئێمه‌ لێره‌دا قه‌رزی حكومه‌ته‌ بۆ هاووڵاتیان، هه‌رچه‌ند مه‌سه‌له‌ی قه‌رز پێدان بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانیش له‌مه‌سه‌له‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانه‌ كه‌ده‌بێت باس بكرێت‌و هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێت. له‌ئه‌ركه‌ دارایی‌و ئابوورییه‌كانی حكومه‌ته‌ نیشتیمانییه‌كاندایه‌ كه‌نه‌خشه‌و پلانی وردو واقیعیانه‌یان هه‌بێت بۆ گه‌شه‌پێدانی باری ئابووری وڵات به‌گشتی‌و تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ش به‌تایبه‌تی، چونكه‌ یه‌كێك له‌مافه‌ گرنگه‌كانی هاووڵاتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌بتوانێت به‌پشتیوانی حكومه‌ته‌كه‌ی خۆی باری ژیانی باش بكات‌و بتوانێت خۆی بۆ به‌ده‌ستهێنانی پێداویستییه‌كانی ژیان ئاماده‌ بكات، بۆ ئه‌وه‌ش پێویستی به‌دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كاری گونجاو ده‌بێت له‌داموده‌زگاو پڕۆژه‌و شوێنی كاردا، ئیتر ئه‌وه‌ هی حكومه‌ت بێت یان هی كه‌رتی تایبه‌ت.
پێدانی قه‌رزیش یه‌كێكه‌ له‌ئامرازه‌ زۆر گه‌رماو گه‌رمه‌كانی دابینكردنی هه‌لی كار بۆ هه‌مووان. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو ده‌بێت حكومه‌ت خۆی ئاماده‌ بكات بۆ پێدانی قه‌رزی بچووك بۆ مه‌به‌ستی به‌كاربردنیش لای هاووڵاتیان.
ئێستا له‌هه‌ندێك له‌بانكه‌ ئه‌هلیه‌كاندا قه‌رز پێدانێكی له‌و جۆره‌ هه‌یه‌ كه‌یارمه‌تی هاووڵاتی ده‌دات بۆ دابینكردنی هه‌ندێك پێداویستی به‌كاربردن، به‌ڵام ئه‌و قه‌رزه‌ ناعه‌داله‌تییه‌ك‌و نه‌تواناییه‌كیشی تیادایه‌:
1-ناعه‌داله‌تیه‌كه‌ له‌وێیه‌وه‌ كه‌پێش ئه‌وه‌ی هاووڵاتی قه‌رزه‌كه‌ وه‌ربگرێت سووده‌كه‌ی لێ ده‌سه‌ندرێت. واته‌ ئه‌گه‌ر هاووڵاتی داوای 10.000 هه‌زار دۆلار بكات، ئه‌وا 9000 دۆلاری پێده‌درێت بۆ ماوه‌ی ساڵێك‌و له‌و ساڵه‌شدا 10.000 هه‌زار دۆلاری لێوه‌رده‌گیرێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش له‌سێ لاوه‌ ناعه‌داله‌تیه‌. له‌لایه‌كه‌وه‌، داواكار پێویستی به‌ 10.000 هه‌زار دۆلاره‌ كه‌چی بانك 9000 هه‌زار دۆلاری پێده‌دات‌و ئه‌وه‌ش كاره‌كه‌ی مه‌یسه‌ر ناكات، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ یاسای قه‌رز پێدان به‌و جۆره‌یه‌ كه‌وه‌رگرتنه‌وه‌ی (سوود) له‌پاش تێپه‌ڕبوونی ماوه‌ی قه‌رزه‌كه‌ ده‌بێت نه‌ك پێش قه‌رزه‌كه‌، چونكه‌ سووده‌كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا نرخی پێدانی قه‌رزه‌كه‌یه‌ له‌بری ئه‌و ماوه‌یه‌ی قه‌رزدار سوود له‌و قه‌رزه‌ ده‌بینێ له‌لای سێ هه‌میشه‌وه‌ ناعه‌داله‌تیه‌كه‌ به‌و زیاد ده‌كات كه‌هه‌ر له‌مانگی یه‌كه‌می داوای قه‌رز پێدانه‌وه‌، بانك به‌قیست پاره‌كه‌ی وه‌رده‌گرێته‌وه‌ كه‌به‌وپێیه‌ بێت سووده‌كه‌ ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی ژمێریاری حساب بكرێت كه‌بڕی سووده‌كه‌ زۆر له‌و 1000 هه‌زار دۆلاره‌ كه‌متر ده‌بێت كه‌هاووڵاتی لێی وه‌رده‌گرێت. به‌ڵام له‌ڕاستی‌و به‌هه‌ق بێت ده‌بێت بانك له‌سه‌ری ساڵدا هه‌موو پاره‌كه‌ی وه‌ربگرێته‌وه‌و هه‌ر له‌وكاته‌شدا بڕی سووده‌كه‌ وه‌ربگرێته‌وه‌.
2-نه‌تواناییه‌كه‌ش له‌وه‌دایه‌، كه‌ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی هاووڵاتی پێویستی پێیه‌تی ئه‌گه‌ر 10000 هه‌زار دۆلار بێت، ئه‌وا بانكه‌ ته‌نها 9000 هه‌زار دۆلاری پێده‌دات، ئه‌مه‌ش توانای جێبه‌جێكردنی ته‌واوی پێویستیه‌كانی هاوڵاتی نییه‌.
ئه‌و بابه‌ته‌ی ئاماژه‌مان پێدا، بابه‌تێكی تر به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ ئه‌ویش پێدانی ئه‌و قه‌رزانه‌یه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌و به‌ئاسانكاریشه‌وه‌، چونكه‌ نابێت له‌و كاته‌دا حكومه‌ت له‌به‌رامبه‌ر داخوازیه‌ داراییه‌ هه‌نوكه‌یه‌كانی هاووڵاتیدا ده‌سته‌وسان بێت‌و هیچی بۆ نه‌كات، له‌كاتێكدا ده‌بێت هه‌موو بڕگه‌كانی بودجه‌ی ساڵانه‌ له‌خزمه‌تی بوژاندنه‌وه‌ی باری گوزه‌رانی خه‌ڵكدا بێت، چ راسته‌وخۆ، چ ناراسته‌وخۆ.
ئه‌ركی داموده‌زگا داراییه‌كانی حكومه‌ت‌و پلانڕێژه‌كانی ئابووری له‌و ئاقاره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ بكه‌ن‌و له‌سه‌ر ئاستی تاكه‌ كه‌سی كار بكه‌ن‌و چوارچێوه‌یه‌ك دیاری بكرێت بۆ پێدانی قه‌رزی به‌كاربردن‌و بخرێته‌ بواری جێبه‌جێكردن‌و ده‌ستگیرۆیی هاووڵاتیانه‌وه‌ ئه‌وش به‌و جۆره‌ بێت كه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ ئه‌و ناعه‌داله‌تیانه‌و ئه‌و ناتوانییانه‌ له‌پێدانی قه‌رزدا چاره‌سه‌ری بكات‌و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌جۆرێكی وا دابڕێژرێت هه‌موو هاووڵاتیان بگرێته‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی قیسته‌كان‌و سووده‌كه‌ش لانیكه‌م دوای تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر ماوه‌ی قه‌رزه‌كه‌دا ده‌ست پێبكات.