سلێمانی لەو ڕۆژەوە ناوکی بڕراوە بیرو ڕای جیاوازی تیا بوەو هەمیشە پێشەنگی داهێانو تازە گەری بوە هەرگیز ملی کەچ نەکردوە شاهیدی ڕاستەقینە لە مەولانا خالیدی نەقشبەندیەوە دەست پێ ئەکات . ئەم شارە خاوەنی مامەیارەو دوانزە سوارەی مەریوانە . پەنجەی ئەم شارە چو بە جاوی ئەدمۆنزا،
سلێمانی دکتاتۆرە ڕەنگ زەردەکەی بەغاشی سەغڵەت کردبو،
کاتێ لە کوردستاندا ڕۆژنامەیەک نەبو پیرەمێرد ژیانی ئەکرد بە بەر ژیاندا ، لە گردەکەی یارە ئاهەنگی جەژنی نەورۆزی ئەگێڕا ،کاتێ نەجمەدین مەلا بە کلچێوکی مەعریفە چاوی کاسب کارانو پیاوانی ئەم شارەی ئەڕشت و شەڕی نەهێشتنی نەخوێندەواری ئەکرد ،هێشتا دوەڵەت بیری لە کەمپینی نەهێشتنی نەخوێندەواری نەکردبوەوە ،ئەم شارە هەم شاری غەزنە بوەوە هەم شاری ڕەخنە ، حەمدی کەڵە شاعیر مەلێکی کوردستان و حکومەتەکەی ئەدایە بەر تیغی ڕەخنە ، پێش زیاتر لە هەشتا ساڵ لەم شارەدا ژن سنگی کردە قەڵغانی گولە لە بەر دەرکی سەرا .
ئەوا سلێمانی ماچی ئازادیشی خستە سەر ئەو لیستەی ناوی سەرای ئازادی تیا تۆمار کرا لە قاموسی شارا .
ئەوماچەی وەک بۆمبایەک دەنگی دایەوە ، مەسیجێکە بۆ زۆر لایەن بە چەندین مانا .
ئەوانەی دژی ڕوناکین چاویان لە تاریکیدا نەبێت نابینێت با ماچ مەمنوع نەکەن با ماچ نەخەنە بەر شمشێری حەڵاڵ و حەرامەوە، با دژی فرەژنی و ژن کوشتن بوەستن .
ئەگەر ماچکردن حەرام بێت ، کەواتە با دیوانی شاعیرەکانمان بسوتێنین لەبەر ئەوەی شاعیرێکمان نیە بە چەندین ماچ قەسیدەکانیان نەڕازاندبێتەوە شیعریان بۆ ماچ نەنوسێبێ ،ئەگەر ماچ عەیب بێت ئەوا نالی جگە لەمەزەی ماچی لێون لەسەر قەسیدەکەی مەستورە ئەبێ لە سێدارە بدرێ ، ئەگەر ماچ عەیب بێت . چی لە گورانیەکانمان بکەیەن . گۆرانی بێژەکانمان شاربەدەرکەین ؟ خۆ گورانیمان نیە تەکلیفی ماچی تیا نەبێ ،دەبا ماچی غەریبانو دایکانو مناڵانیش مەمنوع بێ لە بەر خاتری ئەمیرو سوڵتانەکان . ڕەوڕەوەی پێشکەوتنی سلێمانی ناوەستێ .
سلێمانی خۆی پیشان ئەدا بە گولە وەڵامی ئەدەنەوە ، دایکانی شەهیدان بە پێ لە سلێمانیەوە بە تاجەگوڵینەوە ئەگەنە بەردەم عەرشی سەرۆک وەڵام نادرێنەوە ، مان ئەگرن بەڵێنی درۆیان ئەدەنێ . ئەم شارە بە خاوەن تفەنگە ژەنگاویەکان ئەڵی باوی تفەنگ نەما ، بە خاوەن بەڵینەکان ئەڵێ باوی بەڵێنی درۆ نەماوە ، پێتان ئەڵی باوی وتاری بێتام نەماوە .
ئەو ماچە نەک ماچێکی سێکسی نەبو بگرە ماچی عەشقیش نەبو بەڵکو نامەیەک بو بۆ ئەوانەی دادگاو یاسا ئەکەنە وەسیلە بۆ بێ داد ی و پێشێل کردنی یاسا .
بۆ بۆماچێ قیامەتتان هەڵسان ، ئەی بۆ یاسا تاڵانی وڵاتێ نابێنێ ، ئەی ناکرێ لێپرسینەوەیە لەوانە بکرێ کە قەڵەمە باڵا بەرزەکان تیرۆر ئەکەن ئەی دادگایی بکوژانی خۆپیشاندان لەکوێن ، ئەی بۆ لێپرسینەوە لە پرۆژە سەقەتەکان ناکەن .سلێمانی دوژمن تۆقێنە ، ئەو دەنگە نوساوانەی جوانیەکان کوێریان ئەکا بە ماچ سەغڵەتن ئەوانە جوانیە ئاسمانیەکانیشیان
ناشیرین کرد ، دوژمنانی خۆشەویستی پەیکەری خۆشەویستی ئەسوتێنن کێلی جوانترین شیعر ئەشکێنن ، هەر بۆیە سلێمانی بە یاساو بە عاشقانی تاریکی ئەڵێ ئێوە لەمانای ماچ تێنەگەشتون و تێناگەن ئێوە جوانی نابینن . حاشا ئێوە نەوەی ئەم شارە نین.