په‌یكه‌ربه‌ندكردنه‌وه‌ی ئیداری‌و وه‌به‌رهێنانی مرۆیی ‌

هه‌مووان ئه‌و راستییه‌ ده‌زانن، كه‌دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ده‌ست زۆری فه‌رمانبه‌ره‌وه‌ ده‌ناڵێنن، كه‌بۆته‌ سه‌رچاوه‌ی خوڵقاندنی جۆرێكی تری بێكاری كه‌ به‌بێكاریی داپۆشراو ناسراوه‌، كه‌ئه‌میش به‌ڕۆڵی خۆی، راسته‌وخۆ بۆته‌ هۆكاری دابه‌زاندنی ئه‌دای ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌و دواتریش دامه‌زراوه‌كان، كه‌دواتر بۆته‌ جینێكی ویراسی نه‌وه‌ له‌دوای نه‌وه‌ بۆ یه‌كتری به‌جێده‌هێڵن. ئاستی به‌رهه‌مداریی فه‌رمانبه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش دابه‌زیوه‌و به‌ره‌و خوارتریش ده‌ڕوات ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م شێوازه‌ به‌رده‌وام بین، ئه‌وه‌ی كه‌ده‌كرێ به‌سه‌عاتێك ئه‌نجام بدرێت، دوو رۆژی پێده‌چێت، ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر فه‌رمانبه‌رێكی چاپوكیش هه‌بوو هه‌وڵیدا كاره‌كه‌ باشترو به‌خێراتر بیڕوێنێت، ئه‌وا به‌حوكمی سیستمی دامه‌زراوه‌كه‌ رووبه‌ڕووی هه‌مان چاره‌نووس ده‌بێته‌وه‌. ره‌وشه‌كه‌ هێنده‌ خراپ بووه‌، به‌و ئاسته‌ی ئه‌گه‌ر هاتوو به‌ڕێوه‌به‌رێك هه‌وڵی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مداریی فه‌رمانبه‌ره‌كانی بدات، ده‌بێته‌ به‌ڕێوه‌به‌رێكی شكستخواردوو كه‌هیچ لێهاتووی سه‌ركردایه‌تیكردنی تێدا نییه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌ركه‌وتوو له‌دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كاندا ئه‌وه‌یه‌ كه‌فه‌رمانبه‌ره‌كانی دڵخۆش ده‌كات‌و به‌لێهاتوویی هه‌ڵه‌و كه‌موكورتییه‌كانیان ده‌شارێته‌وه‌، كه‌دواتر ره‌نگه‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی لێبكه‌وێته‌وه‌. هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌ده‌بێ ئه‌نجامی بده‌یت، ته‌ماشاكردنی فه‌رمانبه‌ره‌كانی به‌رده‌ستن، بیربكه‌یته‌وه‌ كه‌چۆن ده‌توانێ دڵخۆشیان بكه‌ین، ده‌بێ زۆر بیر له‌به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مدارییان نه‌كه‌یته‌وه‌، ده‌بێ هه‌موو ئه‌وانه‌ بكه‌یت، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌به‌ڵگه‌نامه‌ ره‌سمییه‌كاندا به‌دیار نه‌كه‌ون، به‌ڵگه‌یه‌ك نه‌بێت كه‌ له‌ئه‌نجامدانی كاره‌كانی خۆت‌و فه‌رمانبه‌رو فه‌رمانگه‌كه‌یشدا هیچ لاساری یان كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك هه‌یه‌، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ده‌بێ به‌ڵگه‌نامه‌كان ئه‌وه‌ بسه‌لمێنن كه‌كاره‌كان وه‌ك خۆی بگره‌ باشتر له‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چن.
داموده‌زگا حكومییه‌كان پێویستییه‌كی ئێجگار زۆریان به‌دووباره‌ په‌یكه‌ربه‌ندكردنه‌وه‌ هه‌یه‌، تا به‌هۆیه‌وه‌ ئاستی به‌رهه‌مداریی فه‌رمانبه‌ره‌كانیان به‌رزبكه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك فه‌رمانبه‌ری حكومی ببنه‌ به‌رهه‌مهێن، سروشتییه‌، ئه‌و دامه‌زراوه‌ حكومییانه‌ رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگ ببنه‌وه‌ كاتێك پراكتیزه‌ی ئه‌و په‌یكه‌ربه‌ندییه‌ ده‌كه‌ن، ئاسان نییه‌، فه‌رمانبه‌رێك كه‌ئاسته‌كه‌ی له‌ماوه‌ی چه‌ندین ساڵی رابردووی كاركردنیدا نزمه‌، داوای لێبكه‌یت له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا ئاسته‌كه‌ی به‌رزبكاته‌وه‌، ده‌بێ دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كان ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگرێت‌و له‌دروستبوونی ئه‌و دابونه‌ریته‌ خراپه‌ی كه‌لای فه‌رمانبه‌ران تێبگات، ده‌بێ ده‌ست به‌پراكتیزه‌كردنی په‌یكه‌ربه‌ندییه‌كه‌ بكات، به‌شێوازێك كه‌كاریگه‌ری له‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ره‌ كۆنه‌كان نه‌كات، كه‌گۆڕینی شێوازی كاركردنیان ئێجگار قورسه‌، چه‌ند شاره‌زاییت له‌كاركردندا زیاتر بوو، هێنده‌ كاریگه‌ریی په‌یكه‌ربه‌ندی ئیداریت له‌سه‌ر كه‌متر ده‌بێت، پێچه‌وانه‌كه‌یشی دروسته‌. چه‌ند شاره‌زایی كاركردنت كه‌متر بوو، زیاتر ده‌كه‌ویته‌ ژێر كاریگه‌ری په‌یكه‌ربه‌ندكردنه‌وه‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مدارییه‌وه‌، له‌ده‌ستپێكی ئه‌م پراكتیزه‌كردنی ئه‌و تیۆره‌دا، ده‌بێ مه‌شق‌و راهێنان به‌فه‌رمانبه‌ره‌ نوێیه‌كان بكرێت له‌پێناو به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مدارییان، به‌وه‌ ده‌توانرێ شێوازی كاری فه‌رمانبه‌ره‌ حكومییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی پله‌ به‌پله‌ بگۆڕدرێت، ده‌بێ فه‌رمانبه‌ره‌ كۆنه‌كان ئاگادار بكرێنه‌وه‌ تانه‌بنه‌ رێگر له‌به‌رده‌م فه‌رمانبه‌ره‌ نوێیه‌كاندا، ئه‌وانه‌ی مه‌شق‌و راهێنانیان پێده‌كرێت، به‌گشتی فه‌رمانبه‌ری نوێ ئاره‌زووی كاركردنی باشی هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێ ئه‌و گیانی كاركردنه‌ی هه‌یانه‌ ئیستغلال بكرێ‌و دوور بخرێنه‌وه‌ له‌و ره‌وشه‌ باوه‌ی ئیداره‌، به‌جۆرێك كه‌ ریتم‌و شێوازی نوێی كاركردنیان له‌لا گه‌ڵاڵه‌ بێت.
به‌ڵام چی له‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ بكه‌ین، كه‌دوای پراكتیزه‌كردنی په‌یكه‌ربه‌ندییه‌ نوێیه‌كه‌ پێویستمان پێیان نابێت؟ وه‌ڵامه‌كه‌ به‌ساكاری، ده‌بێ بگوێزرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و فه‌رمانگانه‌ی ده‌كرێ لێوه‌ی به‌هایه‌كی زێده‌ لای موراجیعه‌كان دروست بكه‌ن: بخرێنه‌ ئه‌و به‌شانه‌ی كه‌خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به‌هاووڵاتیان ده‌كه‌ن، تامامه‌ڵه‌كان به‌خێرایی ته‌واو بكرێن. بێنه‌ به‌رچاوی خۆت كاتێك ده‌چیته‌ شاره‌وانی‌و ژماره‌یه‌كی زۆری فه‌رمانبه‌ر ده‌بینی كاره‌كانی هاووڵاتیان به‌ڕێده‌كه‌ن،