به‌درێژایی مێژووی سه‌ده‌ونیوی رابردوو، زێڕی ره‌ش رۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه له‌دیاریكردنی ره‌فتارو بریاری سیاسه‌تمه‌داران له‌هه‌ر شوێنێك بوو بن. ئه‌م ماده‌یه له‌یه‌ك كاتدا له‌پشت گه‌شه‌و له‌پشت وێرانكردنهوهیه. ئه‌زمونی ئهمهریكاو به‌ریتانیا به‌رامبه‌ر به‌ئه‌زمونی عهرهبو كورد له‌هه‌رێمی كوردستان دوو حیكایه‌تی جیاواز له‌سه‌ر دیوه ره‌شه‌كه‌ی ئه‌م زێڕه ده‌گێڕنه‌وه.
زێڕی ره‌ش یه‌كێكه لهوهسفه باوه‌كانی نه‌وت. زێڕ واتای شتێكی به‌نرخ، به به‌ها، هه‌رچی وشه‌ی “ره‌ش”ه له‌م وتاره‌دا دیوه تاریكه‌كه‌ی نه‌وته، نه‌ك ره‌نگی ماده‌كه. ئه‌گه‌ر له‌دیوه روناك‌و به‌نرخه‌كه‌ی نه‌وته‌وه ده‌ستپێبكه‌ین، تا ئه‌دیسۆنی زانای ئه‌مه‌ریكی له‌چاره‌كی كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده گڵۆپی دۆزیه‌وه، ئه‌وه نه‌وت بوو له‌سه‌ره‌تای دۆزینه‌وه‌ی له‌ئه‌مه‌ریكا له‌ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌وه به‌شداری كرد له‌رزگاركردنی مرۆڤ له‌تاریكی. ئه‌گه‌ر نهوتو به‌رهه‌مه‌كانی نه‌بونایه ره‌نگ بوو هینری فۆرد له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست كۆمپانیای فۆردی دروست نه‌كردایه، شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كانی ئهمهریكاو ئه‌وروپا نه‌ده‌كه‌وتنه سه‌ر سكه، فڕۆكه‌كانیان ئاسمانی نهدهبینیو كاڵاكانیان به‌جیهاندا بڵاونهدهبونهوه. ساڵ له‌دوای ساڵ، نه‌وت بوو به‌بڕبڕه‌ی پشتی گه‌شه‌ی پیشه‌سازی لهئهمهریكاو به‌سه‌ر ئه‌م بڕبڕهیهدا كۆمه‌ڵگه له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ده‌ره‌به‌گایه‌تی كشتوكاڵی دواكهوتوهوه گواسترایه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پیشه‌سازی. له‌دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه، كه‌م پیشه‌سازی هه‌بوو پێویستی به‌نه‌وت نه‌بێت.
به‌ڵام دیوه ره‌شه‌كه‌ی نه‌وت له‌زۆر كاتدا لهبهنرخی ئه‌م ته‌ڵایه‌ی كه‌مكردۆته‌وه. سوڕانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بهجیهانداو نزیكبونه‌وه‌ی زۆر لهزلهێزهكانی دونیا لێیه‌وه له‌كاتی جه‌نگه‌كاندا لهرویهكهوه به‌هۆی هه‌بونی نه‌وت بووه. ره‌فتاری سیاسه‌تمه‌داران له‌هه‌ندێ روه‌وه وابه‌سته‌ی بون‌و نه‌بونی نه‌وت بووه، له‌كاتی نه‌بونیدا سیاسی شه‌ره‌نگێزی به‌رهه‌مهێناوه. گه‌ر به‌ریتانیاو ئه‌مه‌ریكا نه‌وتی پێویستیان هه‌بوایه ره‌نگ بوو شوێنپێی سیاسیهكانیانو كۆمپانیاكانیان له‌سه‌ر خاكی موسڵ‌و بابه‌گورگور له1925و 1927 جێ نه‌مایه، كه ههزارانو ملیۆنان مرۆڤی كردۆته قوربانی. هه‌میشه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌نگاوی سیاسه‌تمه‌داراندا حیكایهتو خورافه‌ی بێ بنه‌ما دهبیستینو ده‌بنه راستی له‌لای زۆرینه. له‌و ساڵانه‌دا هاتنی به‌ریتانیاو دوایی ئه‌مه‌ریكا وه‌ك شه‌ریكه‌به‌ش (سه‌رباری فه‌ره‌نساش) به‌ناوی گه‌ڕان به‌دوای نه‌وتدا نه‌بوو، به‌ڵكو پێدانی په‌یمانی “سه‌ربه‌خۆیی سیاسی دوای جه‌نگ” ده‌رگای سنوره‌كانی له‌به‌رده‌مدا واڵاكردن.
له‌مێژوی هاوچه‌رخی نزیكتردا، به‌شێك له‌په‌لاماری عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه، واته به‌شێك له‌و دڕنده‌ییه‌ی له‌جۆرج بوش‌دا بینرا به”گه‌ڕان به‌دوای نه‌وت”دا لێكده‌درێته‌وه. جێفری ساشی پرۆفیسۆری ئابوری له‌زانكۆی كۆلۆمبیا له‌وتارێكیدا له(پرۆجێكت سایندیكه‌یت) به‌ناوی (نه‌وت مۆتیڤی ئه‌مه‌ریكایه بۆ جه‌نگ) رای وایه هێنانی دیموكراسی بۆ عێراقێك له 2003ه‌وه زیاتر له(20) بیست هه‌زار كه‌س ساڵانه تیایدا كوژراوه درۆیه‌كی گه‌وره‌یه وه‌ك درۆی بونی “چه‌كی كۆمه‌ڵكوژ” كه ئێستاش بۆیان نه‌دۆزرایه‌وه. عێراق دووه‌مین گه‌وره‌ترین وڵاتی سه‌رزه‌وییه له‌یه‌ده‌كی نهوتداو نه‌ده‌كرا سڕ بكرێت، به‌ڵام گرفته‌كه ئه‌وه بوو دیكتاتۆرێكی وه‌ك سه‌دام له‌جڵه‌و ده‌رچو بوو. جێفری ناهه‌قی نیه، له‌گوگڵ بپرسه بۆ زانینی هاورده‌ی نهوتو به ئاسانی ده‌بینیت وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له(2012)دا نزیكه‌ی له(40%)ی پێداویستی نه‌وتی هاورده كردووه، له‌ساڵی(1992-2011) رێژه‌ی هاورده‌ی نه‌وتی له‌مه‌ش به‌رزتر بووه. ئه‌گه‌ر سه‌دامی دڕنده هێنده‌ی ئه‌میره دیكتاتۆره‌كانی سعودیه مه‌یلی ملكه‌چبونی بۆ رۆژئاوا هه‌بوایه ده‌گونجا تا ئێستاش بمایه. دڕنده‌یی سه‌دام زه‌خیره‌ی سیناریۆی هێرشكردنه سه‌ر عێراق بوو، به‌ڵام مهبهستو ئاكامی ئه‌م هێرشه تا ئێستا ئه‌وه‌یه كه عێراقی كورتكردۆته‌وه له‌ناردنی نه‌وت بۆ به‌شه‌كانی تری جه‌سته‌ی سیستمه نێونهتهوهییهكه، به‌تایبه‌تی به‌شه رۆژئاواییه‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی گه‌ده‌و زه‌وقی عه‌ره‌ب لهعێراقو كورد له‌هه‌رێم بۆ ساغكردنه‌وه‌ی كاڵاكانیان دوای گه‌یشتنی پاره‌ی نه‌وت.
كه‌واته ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا نه‌وتی پێویستی هه‌بوایه بۆ گه‌شه‌ی پیشه‌سازی ره‌نگ بوو بوشی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا پێنج هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی له(2003)ه‌وه به‌كوشت نه‌دایه. به‌ڵام لایه