ئایدیاو ئابوری له‌هه‌ڵبژاردندا

له‌مێژووی ئایدیادا هه‌میشه‌ دیدوتێگه‌یشتن‌و تێڕوانینی مرۆڤ وێناكراوه‌ بۆ جیهانی ده‌وروبه‌ر به‌هه‌ردوو لایه‌نی ماددی‌و مه‌عنه‌وی، هه‌ر ئایدیایه‌ك (ئایدۆلۆجی) جیهانبینی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ بۆ لێكدانه‌وه‌ی جیهانی ماددی‌و مه‌عنه‌وی كۆمه‌ڵگاو ئابوری‌و ژیان، بۆیه‌ ئه‌بینین جیاوازی له‌نێوان ئایدۆلۆجیه‌كان به‌تایبه‌ت ئایدۆلۆجیه‌ بنیادگه‌راكان (Fundamentalist) به‌ڕوونی ئه‌بینرێ به‌ڵام خاڵی هاوبه‌ش بۆ هه‌ر ئایدۆلۆجیایه‌ك یان جیهانبینیه‌ك له‌سه‌ر ئابوری زانستی ئابوریه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌لایه‌نه‌ زانستیه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌ك ئامار مۆدێلی بیركاری، كارگێڕی، بازاڕ خستنه‌ بازاڕ‌و چه‌نده‌ها لایه‌نی زانستی تر كه‌ به‌به‌شێك له‌زانستی ئابوری داده‌نرێت.
له‌سه‌دده‌ی (18)‌و (19)ه‌وه‌ ئابوری بوو به‌بابه‌تی سه‌ره‌كی جه‌ده‌لی ئایدۆلۆجی، ئه‌م جه‌ده‌له‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌‌و به‌رده‌وام ئه‌بێ له‌ناوه‌نده‌ سیاسی‌و فكریه‌كانی دنیادا كه‌ له‌دوو ته‌وه‌ره‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێ: 
1-ئایا ئابوری ده‌وڵه‌تی بێ، واته‌ ده‌وڵه‌ت خاوه‌نی ئابوری بێ‌و بازاڕ له‌ده‌ست ده‌وڵه‌تدا بێ؟ ئه‌مه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی به‌ڵێ یه‌ لای په‌یڕه‌وانی چه‌پ به‌رابه‌ری فكری كارل ماركس.
2-ئایا ئابوری ئازاد بێ‌و بازاڕ ئازاد بێ‌و خه‌ڵك خاوه‌ن به‌رنامه‌و كاری ئابوری بێ؟ ئه‌مه‌ش وه‌ڵامه‌كه‌ی به‌ڵێ یه‌ له‌لایه‌ن په‌یڕه‌وانی بیری لیبرالیزم‌و راستره‌وه‌كان به‌رابه‌ری فكر ئاده‌م سمیس.
هه‌ر پارتێكی سیاسی ئه‌مڕۆی دنیا له‌ئایدۆلۆجیا‌و به‌رنامه‌ی ئابوری خۆی یه‌كێ له‌م دوو ڕێگایه‌ی سه‌ره‌وه‌ی هه‌ڵبژاردوه‌ به‌تایبه‌ت رادیكاله‌ چه‌پ‌و راسته‌كان، هه‌ندێ حزبی تریش بۆ نموونه‌ وه‌ك سۆسیال دیموكرات دوای ریفۆرمكردن له‌ماركسیزمدا له‌لایه‌ن (كائۆتسكی) له‌به‌رنامه‌ی ئابوریان كه‌ڵك له‌هه‌ردوو دنیابینی وه‌رئه‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی چینی ناوه‌ڕاست گه‌شه‌ پێبكه‌ن‌و فراوان بكه‌ن به‌مه‌ش ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی دابینبكه‌ن. هه‌روه‌ها سۆسیال لیبرال كه‌ ئه‌مانیش به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ره‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌م لیبرالیزم هه‌م بیری سۆسیالیزم تا ئه‌ندازه‌ یه‌ك قبوڵ ده‌كه‌ن.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، ته‌واوی گروپه‌ سیاسیه‌كان له‌ئه‌مڕۆدا كه‌م یان زۆر له‌به‌رنامه‌و ئایدۆلۆجی خۆیاندا (الهام) له‌یه‌كێ له‌م دوو ئایدۆلۆجیه‌ یان قوتابخانه‌ فكریه‌ی ئاده‌م سمیس‌و كارل ماركس وه‌رده‌گرن هه‌تا حیزبه‌ سیاسیه‌ دینیه‌كان ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌مافی خاوه‌نداریه‌تی‌و دادی كۆمه‌ڵایه‌تی بێ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو قوتابخانه‌ فكریه‌دا یه‌ك ده‌گرنه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا ده‌بینرێ له‌كوردستان به‌ئاسانی هه‌ستی پێده‌كرێ كه‌ لایه‌نی ئایدۆلۆجی ئاماده‌ نیه‌‌و خیتابی‌ پوپیولستی ته‌واو زاڵه‌، ئه‌مه‌ش بۆ خۆی ده‌بێ شرۆڤه‌ی له‌سه‌ر بكرێ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵناسان‌و كه‌سانی ئه‌هلی فكر.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مه‌شدا هه‌ر ئه‌بێ جیاوازی ببینرێ له‌نێوان لیسته‌كاندا‌و له‌سه‌ر جیاوازیان هه‌ڵسه‌نگێنرێن‌و ده‌نگیان پێ بدرێ كه‌ كامه‌ لیست له‌هیواو خه‌ون‌و خه‌مه‌كانی‌و ئازاره‌كانی خه‌ڵك‌و وڵات نزیكه‌ بۆ ئێستا‌و داهاتوو له‌گه‌ڵ ژیانی ئابووری تاك‌و كۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ حه‌قخوازی.