لە ٣/٧/٢٠١٣دا سوپای میسر کۆتایی بە حوکمی محەمەد مورسی، سەرۆکی ئەو وڵاتە، هێنا. ئەم وەرچەرخانە مێژووییە جارێکی تر سەرنجی زۆرێک لە میدیاکانو چاودێرانی بۆ بەهاری عەرەبی راکێشایەوە.
دووبارە شرۆڤەی جۆراوجۆر بۆ هەڵکشانو داکشانی بەهاری عەرەبی دەکرێت. زۆرینەی گفتوگۆکان لەدەوری عەدالەتی کۆمەڵایەتیو پەراوێزی ئازادییەکانو دیموکراسییەتو جەدەلی بەیزەنتی نێوان ئیسلامیو عەلمانیدا دەسوڕێنەوە. پرسیارێکی گرنگ، بەڵام فەرامۆشکراو،ئەوەیە ئایا نەوت چ رۆڵێکی لەبەهاری عەرەبیدا هەبووە؟ لەچەند هەڵقەیەکدا هەوڵ دەدەم وەڵامی ئەو پرسیارەبدەمەوە. لەم هەڵقەیەدا تیشك دەخەمە سەر هاوکێشەی نێوان رێژە و بڕی داهاتی نەوت لە وڵاتە عەرەبییەکانو کاریگەری بەهاری عەرەبی لەسەر ئەو وڵاتانە. دەکرێت هاوکێشەی نەوتو بەهاری عەرەبی لە چەند خاڵیکدا روونبکرێتەوە:
یەکەم، بەهاری عەرەبی تەنها ئەو وڵاتانەی گرتەوەکە وڵاتی نانەوتین، یان نەوت سەرچاوەی سەرەکی داهاتی نیشتیمانییان نییە. واتە، هەموو ئەو وڵاتانەی بەر شەپۆلی بەهاری عەرەبی کەوتوون نەوت رێژەیەکی زۆر کەمی داهاتی نیشتیمانییان پێکدێنێت. بۆنموونە، نەوت هیچ سەهمێکی لە داهاتی تونسدا نییە، بەڵام ئەم وڵاتە دەروازەی بەهاری عەرەبییە. بەهەمان شیوە، بەگوێرەی دامەزراوەی (EIA)ی ئەمریکی، میسر لە ساڵی ٢٠٠٨ ەوە توانای هەناردەکردنی نەوتی نییەو نەوتەکەی تەنها بەشی پێداویستییە ناوخۆییەکانی دەکات. لە ٢٠١٠ بەولاوەش هەناردەی نەوتی سوریا و یەمەن لەنێوان١٠٠،٠٠٠ بۆ ٢٠٠،٠٠٠ بەرمیل لە رۆژێکدایە. سوریا و یەمەن لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە نزیکن لە سەعودییە، بەڵام رێژەی هەناردەکردنی نەوتییان کەمترە لە ٠٥% ی هەناردەی نەوتی سەعودییە. جێگای سەرنجە، بەحرەین تاکە وڵاتی کەنداوە کە روبەڕووی راپەرینو سەرهەڵدانی جەماوەری بۆتەوە، بەڵام، بەحرەینیش وڵاتێکی نانەوتییە،هەناردەی نەوتی لە ١٠،٠٠٠ تا٢٠،٠٠٠ بەرمیل تێپەڕناکات. رەنگە لیبیا تاکە وڵاتی نەوتی بێت کە لەم پۆلێنە جیاواز بێت. بەڵام، داهاتی نەوتی لیبیاش لەچاو وڵاتە کەنداوییەکاندا داهاتێکی کەمو سنوردارە. بۆ نموونە، ژمارەی دانیشوتانیلیبیا دوو هێندەی کوێتو سێ ئەوەندەی قەتەرە، کەچی نەوتی هەناردەکراوی تەنها سێیەکیهەناردەی کوێتو نیوەیهەناردەیقەتەرە.
دووەم، بەهاری عەرەبی ئەوەمان پێدەڵێت کە گۆرینو روخانی رژێمەکان لەو وڵاتانەی کە نەوتییان کەمترە ئاسانتر و ئاشتیانەترە لەچاو ئەو وڵاتانەی بڕێکی زۆر نەوتیان هەیە.بۆ نموونە، نەوتی هەر یەک لەیەمەنو سوریا لە هی تونسو میسر زیاترە و بەشی ئەوە دەکاتکە دارایی پێویست بۆ سوپا دابین بکات، بۆیە شۆڕشەکانی یەمەنو سوریادرێژخایەنتر و خوێناوی تربوون لە شۆڕشەکانی تونس و میسر. لیبیا لەهەموو ئەو وڵاتانە نەوتی زیاترە، شۆڕشەکەشی لەهەموویان خوێناویتر بوو. کورتخایەنیو سەرکەوتنی شۆڕشەکەش بەهۆی هێرشی راستەوخۆی سوپای ناتۆوەبوو نەک شۆڕشگێڕانی لیبی.
سێیەم، پەراوێزی ئازادییەکان، مافی مرۆڤ، دیموکراسییەت، رادەی گەندەڵی، شەفافییەت، مافی ژنانو عەدالەتی کۆمەڵایەتی لە تونس،میسر، یەمەن، تەنانەت سوریا و لیبیاش زۆر باشتر و فراوانتر بوو لەهی وڵاتە نەوتییەکانی وەک سەعودیە، قەتەر، عومان، کوێتو ئیمارات. بۆنموونە، بەگوێرەی داتاکانی دامەزراوەی “ترانسپەرەنسی ئینتەرناشناڵ”، لە ساڵی ٢٠١٠داتونس یەکێک لە شەفافترینو ناگەندەڵترین وڵاتی عەرەبی بووە. کەچی بەهاری عەرەبی لەوێوە دەستی پێکرد، بەڵام جوڵانەوەکە نەگەییشتە شیخنشینە خاوەن نەوتە گەندەڵەکانی کەنداو.ئەم هاوکێشەیە، لەلایەکەوە، کاڵو کرچی ئەو تێزەمان بۆ رووندەکاتەوە کە بەهاری عەرەبی بەتەجریدی دەبەستێتەوە بە نەبوونی دیموکراسیەتو دادپەروەریو ئازادییەوە، لەلایەکی تریشەوە، بەرجەستەی رۆڵی نەوت وەک فاکتەرێکی چارەنوسساز لە بەهاری عەرەبیدا دەکات.
بەکورتی، پەیوەندییەکی پێچەوانە لەنێوان داهاتی نەوتو بەهاری عەرەبیدا هەیە. ئەو وڵاتانەی نەوت رۆڵێکی لاوەکی لەداهاتی نیشتیمانیاندا دەبینێتئامادەیی زیاترییان بۆ شۆڕشو بەهاری عەرەبی هەبووە. بە پێچەوانەشەوە، ئەو کۆمەڵگایانەی کە نەوتسەرچاوەی سەرەکی داهاتییانەکەمتر مەیلی شۆڕشییان هەبووە و کەمتر کەوتونەتە ژێر کاریگەری شەپۆلەکە.