به‌م نزیكانه‌ یه‌كلاییمان بكه‌نه‌وه‌

قه‌یرانی‌ كه‌می‌ سوته‌مه‌نی‌ و گرانی‌ نرخه‌كه‌ی‌ یه‌كێكه‌ له‌ گرفته‌ به‌رده‌وامه‌كانی‌ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ ماوه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ ساڵێكه‌ به‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراوی‌ ماوه‌ته‌وه‌ و نرخی‌ یه‌ك لیتر به‌نزینی‌ جۆری‌ موحه‌سه‌نیش له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ هه‌زار و په‌نجا دینار به‌ده‌ستده‌خرێت و له‌ به‌غداده‌كه‌ی‌ پایته‌ختیش به‌ 450 دینار ئه‌توانیت به‌ ده‌ستی‌ بهێنیت.!
له‌ كاتێكدا له‌ به‌رپرسانی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئه‌پرسیت چاره‌سه‌رتان چیه‌ بۆ ئه‌و دۆخه‌، ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ 5 مانگه‌ به‌ هاوڵاتیان ده‌ڵێن به‌شی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ به‌نزین له‌ پاڵاوگه‌ی‌ نه‌وتی‌ بازیان ده‌كه‌نه‌وه‌ و وه‌ك خۆشیان ده‌ڵێن سه‌رجه‌م كاره‌كانی‌ ته‌واو بووه‌ و (به‌م نزیكانه‌ ده‌كه‌وێته‌ كار)و ته‌نهاش به‌ هۆی‌ هه‌ڵه‌ی‌ ته‌كنیكی‌ و كه‌می‌ نه‌فتاوه‌ نه‌یان توانیوه‌ به‌رهه‌می‌ به‌نزین بخه‌نه‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌،كه‌ بڕیار وایه‌ به‌ كردنه‌وه‌ی‌ ڕۆژانه‌ یه‌ك ملیۆن لیتر به‌نزین به‌رهه‌م بهێنێت و به‌سه‌ر پارێزگاكانی‌ هه‌رێمدا دابه‌شبكرێت. 
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌شڵێن چاره‌سه‌ری‌ ته‌واوی‌ كێشه‌ی‌ سوته‌مه‌نی‌ ناكات، به‌و پێیه‌ی‌ وه‌ك به‌رپرسانی‌ دابه‌شكردنی‌ به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ سلێمانی‌ ده‌ڵێت: ئه‌و بڕه‌ به‌ته‌نها به‌شی‌ سلێمانی‌ ناكات.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا هێشتا ئومیده‌وارین خه‌ڵك زیاتر بێهیوا نه‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر به‌رچاو ڕونیتان نیه‌ به‌ڵێن به‌ هاوڵاتیان مه‌ده‌ن و چیتر ئه‌و (ته‌كنیكه‌ داماوه‌و ئه‌و نه‌فتا بێ‌ شانسه‌) مه‌كه‌ن به‌ هۆكار بۆ ته‌واو نه‌بوونی‌ كاره‌كانی‌ پاڵاوگه‌كه‌ و ڕاستی‌ بڵێن و سه‌بری‌ خه‌ڵك تێست مه‌كه‌. به‌م نزیكانه‌ یه‌كلایمان بكه‌نه‌ وه‌یان بڵێن كه‌ په‌له‌تان كردووه‌ و ده‌ه‌بوو به‌ شێوازێكی‌ تر توڕه‌یی‌ خه‌ڵك دابمركێننه‌وه‌.