به‌ژماره‌و زانیاری؛ ئابووریی مه‌عریفه‌ بنیات ده‌نرێت ‌

زانیاری ئه‌و سامانه‌یه‌ كه‌ئابووریی ده‌وڵه‌تانی له‌سه‌ر داده‌مه‌زرێت، له‌توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستییه‌وه‌، ده‌كرێ كۆمپانیایه‌كی ملیار دۆلاری دابمه‌زرێنرێت، ده‌رفه‌تی كار بۆ سه‌دان هه‌زار كرێكار بڕه‌خسێنێت، به‌رهه‌می ته‌كنه‌لۆژیای نوێ بخاته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌، له‌ڕێی زانیارییه‌كی نوێوه‌ ده‌كرێ ته‌رازووی هێزی ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو بگۆڕدرێت، سیاسه‌ته‌ گشتییه‌كانی ده‌وڵه‌ت بگۆڕدرێت، ئیمپراتۆریه‌تی گه‌وره‌ی بازرگانی بڕوخێت‌و كۆمپانیای نوێ شوێنی بگرێته‌وه‌، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای دۆزینه‌وه‌یه‌كی نوێ دابمه‌زرێت. ئه‌مه‌ ئه‌و ئابووریی مه‌عریفه‌یه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام باسی لێوه‌ ده‌كرێت، ئه‌و ئابوورییه‌یه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی پشت به‌و زانیاری‌و توێژینه‌وه‌ی زانستییانه‌ ده‌به‌ستێت كه‌به‌رده‌وام نوێ ده‌بنه‌وه‌و چۆڕبڕ نابن.
ژماره‌ هۆكارێكی گرنگی هاوكێشه‌ی به‌دیهێنانی ئابووریی مه‌عریفه‌یه‌، ئێمه‌ به‌رده‌وام پێویستمان به‌ژماره‌ هه‌یه‌، ژماره‌ی زۆرو هه‌مه‌جۆرو له‌هه‌موو بواره‌كاندا، پێویستمان به‌وه‌یه‌ بزانین ژماره‌ی دروستی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان چه‌نده‌؟، چه‌ندیان نیشته‌جێی شاره‌كانن؟، چه‌ندیان له‌گونده‌كاندان؟، چه‌ند كه‌س به‌كشتوكاڵه‌وه‌ خه‌ریكن‌و چه‌ندی به‌پیشه‌سازی‌و بازرگانی؟، رێژه‌ی بێكاری‌و هه‌ڵئاوسان‌و هه‌ژاری چه‌نده‌؟، چه‌ند كه‌س له‌هه‌رێمی كوردستاندا نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌یان هه‌یه‌؟، بزانین ژماره‌ی هاوسه‌رگیری‌و جیابوونه‌وه‌ چه‌ندن‌و له‌كوێ زۆره‌و له‌كوێدا كه‌مه‌؟، پێویستمان به‌وه‌یه‌ كه‌ بزانین نێوه‌نجی نرخی په‌یوه‌ندییه‌كان چه‌نده‌و توێژه‌كانی ته‌مه‌ن له‌هه‌رێم چه‌ندن؟، ئێمه‌ پێویستمان به‌ئاماری ژماره‌ی ئه‌و مامه‌ڵه‌ حكومییانه‌یه‌ كه‌ له‌هه‌ر فه‌رمانگه‌و دامه‌زراوه‌یه‌كی حكومی ئه‌نجام ده‌درێن، زانیاریی زیاتر سه‌باره‌ت به‌هێزی كڕینی تاك‌و قه‌باره‌ی پاشه‌كه‌وتكردن له‌بانكه‌كانداو… هتد.
هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ست كه‌مییه‌كی گه‌وره‌ی ژماره‌و ئاماره‌ ده‌ناڵێنێت، ته‌نانه‌ت له‌وپه‌ڕی ئه‌و ته‌حه‌دیاته‌ گه‌شه‌پیدانه‌ی كه‌ ئێستا هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌، پلان به‌بێ بوونی ژماره‌و ئاماری دروست‌و رۆشن داده‌نێین، هێشتا نازانرێت له‌هه‌رێمی كوردستان چه‌ند كه‌س خاوه‌ن خانووی خۆیه‌تی‌و چه‌ند لێی بێبه‌شه‌، ئه‌و پڕۆژانه‌ی وه‌به‌رهێنانی خانووبه‌ره‌ چی چاره‌سه‌ركردووه‌؟ چه‌ند له‌ئێمه‌ به‌ده‌ست كه‌می قه‌روێڵه‌ی نه‌خۆشخانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت؟، چه‌ند هاووڵاتی‌و پزیشكێكی پسپۆڕی به‌رده‌كه‌وێت؟، له‌راستیدا هۆكاره‌كه‌ی نازانم، ئایا هۆكاری نه‌بوونی ئه‌و ژماره‌و ئامارانه‌ نه‌بوونی شه‌فافیه‌ته‌ یان ته‌مه‌ڵی تۆماركردنی ئه‌و زانیاریانه‌یه‌؟.
هه‌ر ژماره‌یه‌ك وه‌ك سامانێكی گه‌وره‌ وایه‌، ده‌كرێ لێوه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی بازرگانی یان پڕۆژه‌یه‌كی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی لێوه‌ دابمه‌زرێت، بۆ نمونه‌ گه‌نجێك وه‌ربگره‌ كه‌ ده‌یه‌وێت، پلان بۆ دامه‌زراندنی پڕۆژه‌یه‌كی بچووك دابنێت، گریمانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كاره‌كه‌ی به‌كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر پێداویستییه‌كانی بازاڕ ده‌ست پێبكات، به‌ڵام له‌بری ئه‌وه‌ی به‌دوای رێسای زانیارییه‌كاندا بگه‌ڕێت، به‌قسه‌ی بن دیوارو ئه‌ملاو ئه‌ولاو پێم وایه‌و پێم وانییه‌ قه‌ره‌بووی نه‌بوونی زانیارییه‌كانی ده‌كاته‌وه‌، لاوان پێویستیان به‌سه‌نته‌رێكی وه‌رزشی هه‌یه‌ له‌ناحیه‌یه‌ك، كه‌می چێشتخانه‌ له‌قه‌زایه‌ك، قه‌زایه‌ك پێویستی به‌ناوه‌ندی فێربوونی زمانی بیانی هه‌یه‌، چه‌ندین خواستی تر، ئه‌گه‌ر هاتوو بنه‌مایه‌كی زانیاری‌و ژماره‌ هه‌بێت، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ ده‌بێ له‌ناحیه‌یه‌ك چه‌ند سه‌نته‌ری رۆشنبیری‌و وه‌رزشی‌و هونه‌ری هه‌بێت، بۆ قه‌زایه‌ك به‌پێی قه‌باره‌ی دانیشتووان‌و ژماره‌ی لاوه‌كانی، یان شارێك پێویستی به‌چه‌ند نه‌خۆشخانه‌و بنكه‌ی ته‌ندروستی هه‌یه‌، یان ساڵی پار چه‌ند كه‌س به‌شداریی خوله‌كانی هاوینه‌یان كردووه‌، ئه‌مساڵ پێویسته‌ چه‌ند خول بكرێنه‌وه‌.
له‌مه‌وه‌ وه‌ره‌ سه‌ر ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستاندا بڵاون، ئه‌گه‌ر بنه‌مایه‌كی زانیاری دروست له‌سه‌ر ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌و بنكه‌ ته‌ندروستییه‌كان‌و نۆرینگه‌ تایبه‌تییه‌كانی دكتۆره‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی هاووڵاتیان به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، ئه‌وا ئیمڕۆ خاوه‌نی سامانێكی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بووین، كه‌ئاسانكاریی بۆ داڕشتنی پلانی دامه‌زاندنی نه‌خۆشخانه‌و بنكه‌ی ته‌ندروستی‌و كردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌كانی خۆپارێزی‌و ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ده‌بێ ساڵانه‌ له‌كۆلیجی پزیشكی‌و په‌یمانگا ته‌ندروستییه‌كان وه‌ربگیرێن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین بۆ ئاینده‌ وه‌ڵامی داخوازی هاووڵاتیان بده‌ینه‌وه‌و به‌به‌رنامه‌و