SWIFT

شەن جەزا کەریم

بۆ ئەوەی لەسیستمی سوێفت تێبگەین پێویستە چەردەیەکیش لەمێژوو ماناکەی بزانین، سوێفت کورتکراوەی ( The Society for Worldwide Interbank Financial Telecommunications)‏ بەمانای ( کۆمەڵەی پەیوەندییە داراییەکانی جیهان لەنێوان بانکەکاندا)یە.

ئەم کۆمەڵەیە لەسالی ١٩٧٣دا دامەزراوەو بارەگا سەرەکییەکەی لەبەلجیکایەو چالاکییەکانی لەساڵی ١٩٧٧ دەستیپێکرد.

سوێفت ڕێکخراوێکی قازانج نەویستەو مەبەستی ڕێکخستنی کاری ئەندامەکانیەتی کە خاوەندارێتی ئەکەن. ئەندامەکانی پێکدێت لەزیاتر لە(٢٠٠ ) دوسەد وڵات ، کە زۆرێک لە وڵاتە عەرەبیەکان تیایدا ئەندامن بەعێراقیشەوە. هەروەها زیاتر لە (١٠٠٠٠) دە هەزار دامەزراوە، بەڵام مەرجە ئەو دامەزراوەیەی دەبێتە ئەندامی ئەم کۆمەڵەیە وڵاتەکەی کە دامەزراوەکەی تێدایە ئەندام بێت.

ئەم سیستەمە ئامانجی دابینکردنی نوێترین ئامرازی زانستییە لەبواری بەستنەوەو ئاڵوگۆڕی پەیام‌و زانیاری لەنێوان هەموو بازاڕە داراییەکان، لەڕێگەی ئەو بانکانەی بەرپرسن لەجێبەجێکردنی ئەمە لەوڵاتە جیاوازەکاندا، بەمەش بەشداربوو بتوانێت پێداویستییەکانی کڕیارانی بیانی‌و ناوخۆیی بەهەمان شێوە دابین بکات.

چالاکی ئەم کۆمەڵەیە بریتیە لەڕێکخستنی پەیوەندی بانکەکان، کۆمپانیاو دامەزراوەکان، ئاڵوگۆری زانیاری گواستنەوی پارەو ڕێکخستنی کارە بازرگانیەکان، لەڕێگەی بانکە ئەندامەکانی خۆیەوە، ئامانجی ئەم کۆمەڵەیە پێشکەشکردنی ئەو خزمەتگوزاریانە کە لەپرۆسەی ئاڵوگۆری بازرگانیدا ئەنجام ئەدرێت، وەک ئاڵگۆڕی نوسراوە فەرمیەکان‌و گشت زانیاریەیەکی پێویست بەبازاڕی دراوو هاوردەو هەناردەو بەخشینی متمانە بەهەردوو لایەن بەخێراترین‌و باشترین شێوازو ڕێکخستنی دارایی‌و نرخەکانی بۆرسەو کردە بازرگانیەکانی تر لەڕێگەی بانکەکانی کە لەو کۆمەڵەیەدا ئەندامن‌و بەرپرسن.

کەواتە هەر بازرگانێک لە ڕێگەی ئەم سیستەمەوە ئاڵوگۆڕە بازرگانیەکانی ئەنجام بدات ئەوا بەدور ئەبێت لەهەمو کارێکی نایاسایی‌و ناکەوێتە بەر هیچ ڕیسکێک. لەڕێگەی ئەم سیستەمەوە ڕۆژانە بەدەیان ملیۆن مامەڵەی بازرگانی بەبێ کێشە بەڕێئەکرێت، بەترلیۆنان دۆلار ئاڵوگۆڕی پێوە ئەکرێت.
سیستمی سوێفت ڕێگرە لەشتنەوەو سپیکردنەوەی پارەی نایاسایی، بەشێک لەوڵاتەکانی یەكێتی ئەوروپا لەدوای داگیرکردنی دورگەکانی قرمەوە لەلایەن روسیاوە داوای ئەوە ئەکەن روسیا لەسیستەمەکەدا بلۆک بکرێت، بەڵام هەندێکی تریان بەرگری لێئەکەن لەبەرئەوەی ئەزانن خۆیان زەرەرمەند ئەبن.

هەروەها گرنگترین ئامانجەکانی ئەم سیستەمە بریتییە لە” خێرایەکی زۆر بۆ گەیاندنی نامە بانکیەکان، پاراستنی نهێنی مامەڵە داراییەکان، ئٔاڵوگۆڕی حسابێک بۆ حسابێکی دیکە، گۆڕینەوەی دراوێک بۆ دراوێکی دیکە، بڕیاری فەرمانکردن بەکڕین‌و فرۆشتن، بەدۆکیۆمێنت کردنی مامەڵە داراییەکان” .

ئەوەی مەبەسمانە لێرەدا ئاماژەی پێبدەین بەخشینی عێراقە لەسیستمی سوێفت کە زیاتر لەپانزە ساڵە ڕێگەدراوە بەعێراق لەدەرەوەی سیستمی سوێفت کار بکات بەبیانوی ئەوەی زۆرێک لەپێداویستیەکانی عێراق لەڕێگەی ئێرانەوە دابین ئەکرێت‌و زۆرێک لەپێداویستی خۆراکی هەندێک جۆری سوتەمەنی، کە لەکۆتایی ٢٠٢٢ ئەو بەخشینە کۆتایی پێهات کە بەگەورەترین هۆکاری ناجێگری نرخی دیناری عێراق ئەژمار ئەکرێت، بەڵام مەرجە ئەوەش بزانین کە ئابوری عێراق تا ئەمڕۆ داهاتی نەوتیەکەی لەژێر کۆنترۆڵ‌و چاودێری وەزارەتی خەزانەی ئەمریکادایە، ئەم چاوپۆشینەش لەعێراق لەدەرەوەی سوێفت خراپ بەکارهاتوە، لەبەر ئەم هۆکارە ئەمریکا چیتر ڕێگە نادات لەدەرەوەی سیستمی سوێفت مامەڵە بکرێت.

ئیرانیش کە لەدەرەوەی سیستمی سوێفتدایە زۆرێک لەدراوە قورسەکەی عێراق ڕوی لەئیران کردوە، هەر ئەم هۆکارەشە کە عێراقی ڕوبەڕوی ئەم قەیرانە گەورەیە کردۆتەوە بەهای دینار ڕۆژانە دادەبەزێت بەرامبەر دۆلار، کەواتە بۆ فریاکەوتنی ئەوەی کێشەکە لەکۆنترۆڵ دەرنەچێت، ئەوەیە عێراق بەزوترین کات بچێتەوە ناو سیستمی سوێفت، مامەڵەکانی لەو ڕێگەیەوە ئەنجام بدات، ئەوکات بەهای دینار جێگیر دەبێت، بازاڕیش سەقامگیری بەخۆوە دەبینێت، رێگەش لەسپیکردنەوەو شتنەوەی پارە ئەگیرێت، بەو هیوایەی گەندەڵیش کەم ببێتەوەو باری ئابوری وڵاتمان لەمە لارتر نەبێت.