ئێران لەگەمارۆکانی سەر قەتەڕ لەرووی ئابوورییەوە سوودمەندی یەكەمە


توێژەرانی ئابووری دووپاتی دەكەنەوە دوای دروستبوونی تەنگژەی نێوان قەتەڕ و چوار وڵاتە عەرەبییەكە، ئێران لە رووی ئابوورییەوە سوودمەندی یەكەم بووە و ئابووری قەتەڕی تاڵان كردووە.

بەپێی بەدواداچوونێكی رۆژنامەی ئیتحادی ئیماڕاتی، دەركەوتووە یەكەم سوودمەند لە تەنگژە نێوان قەتەڕ و چوار وڵاتە عەرەبییەكە، ئێران بە راگەیاندنی پاڵپشتی بۆ قەتەڕ، توانیویەتی سوودمەندی یەكەم بێت لە تەنگژەكە. شارەزایان وتوێژەرانی ئابووری دووپاتیان كردووەتەوە، ئێران هەلپەرستانە دەیەوێ خۆی بەسەر ئابووری قەتەڕ بسەپێنێ. 

دوای ئەوەی هەر یەكە لە ئیمارات و بەحرێن و سعوودیە و میسڕ پێوەندییان لەگەڵ وڵاتی قەتەڕ پچڕاند، ئێران پاڵپشتی خۆی بۆ قەتەڕ راگەیاند و پێوەندی ئابووری خۆی لەگەڵ ئەم وڵاتە بەهێزكرد. ئابووریناسان هۆشیاری ئەوە دەدەن، كە بەشێوەیەكی نیمچە ئاشكرا ئێران دەستی بەسەر بەرهەمەكانی قەتەڕ گرتووە و  بەشێوەیەكی هەرزان دەیبات و لەهەمان كاتیش قەتەڕی كردووەتە بازاڕێك بۆ ساخكردنەوەی كەلوپەلەكانی.

دكتۆر ئیسلام شاهین سەرۆكی یەكەی توێژینەوەی ئابووری لە ناوەندی شەرق ئەوسەت بۆ توێژینەوەی ستراتیژی بۆ رۆژنامەكە دەڵێ”  تەنگەژەی چوار وڵاتەكە لەگەڵ قەتەڕ، بۆ ئێران هەلێكی زێڕین بوو”  ئەم توێژەرە هۆشیاری دەدات، لەوەی ئێران سیاسەتی بەتاڵانبردن لەگەڵ قەتەڕ بەكاردەهێنێت.

وەك توێژەران باسیان كردووە، ئێران لە چەند بوارێك توانیویەتی لە ڕووی ئابوورییەوە سوودمەند بێت، یەكەمیان لە بواری فڕۆكەوانی و گەشتی ئاسمانی، چونكە چوارە وڵاتە عەرەبیەكە ئاسمانی خۆیان بە ڕووی كۆمپانیا قەتەڕییەكان داخست، ئەمەیش وای كرد ئێران تاكە رێگەیەك بێت، بۆ گەشتەكانی قەتەڕ. دووەم لەبواری فرۆشتنەوە، بەدواداچوونەكەی رۆژنامە ئیماراتییەكە دەری دەخات، كە رۆژانە 1100 تەن خۆراكی ئێران رەوانەی قەتەڕ دەكرێت و رێژەی هەناردەكردنی كەلوپەلی ئێرانی  بەڕێژوەی % 60.57 زیادی كردووە.