ده‌نگۆی هاتنی سوپای توركیا بۆ ناو ده‌روازه‌ی سنوریی ئیبراهیم خه‌لیل ره‌تده‌كرێته‌وه‌

ده‌نگۆی هاتنی سوپای توركیا بۆ ناو ده‌روازه‌ی سنوریی ئیبراهیم خه‌لیل ره‌تده‌كرێته‌وه‌و به‌وته‌ی‌ جێگری بەڕێوەبەری گشتیی دەروازەكه‌، “ئەوەی هەیە تەنیا ئاڵوگۆڕکردنی هێزەکانی تورکیایە كه‌ لەناوچەی باشیکن”.

محه‌مه‌د تاهیر جێگری بەڕێوەبەری گشتی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل، ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ باس له‌هاتنی هێزی سه‌ربازیی توركیا بۆ ناو ده‌روازه‌ی سنوریی ئیبراهیم خه‌لیل ده‌كه‌ن‌و دوپاتیكرده‌وه‌ كه‌ هیچ هێزێکی تورکیا نه‌هاتۆته‌ دەروازەکەوه‌.

ناوبراو به‌میدیای‌ پارتی‌ راگه‌یاندووه‌، “ئەوەی هەیە تەنیا ئاڵوگۆڕکردنی هێزەکانی تورکیایە كه‌ لە ناوچەی باشیکن‌و هیچ هێزێکی دیکە لەسنورەکەمان داخل نەبووە.”

پێشتر چەند میدیایەکی عێراقی ئاماژه‌یان به‌وه‌دابو كه‌ سوپای تورکیا چۆتە ناو دەروازەی ئیبراهیم خەلیله‌وه‌.

لەدوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ له‌ساڵی 2014، حکومەتی تورکیا هێزێکی سه‌ربازیی هێنایە ناوچەی باشیک‌و تائێستا له‌و ناوچه‌یه‌ ماونه‌ته‌وه‌.