پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیەنێت، حكومەتی عیراق بۆ بودجەی وەبەرهێنانی ساڵی 2018ی سەرجەم پارێزگاكان بەهەرێمی كوردستانیشەوە تەنها 400 ملیار دیناری تەخانكردووە.
كامل زەیدی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لەپەرلەمانی عیراق رایگەیاند، چەند خەرجییەك هەیە لەبودجەی گشتی وڵاتدا نابێت دەستكاری بكرێنو كەم بكرێنەوە، بەڵام حكومەت بودجەی وەبەرهێنانی ساڵی 2018ی كەمكردۆتەوەو بۆ سەرجەم پارێزگاكان عیراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە تەنها 400 ملیار دیناری دیاری كردووە، ئەوە لەكاتێكدایە ساڵی 2017 حكومەت بەتەنها بۆ پاریزگای بەغدا زیاتر لە یەك ترلیۆن دیناری تەرخان كردبوو.
راشیگەیاند، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق لایەنە سیاسیەكانی ئاگادار كردۆتەوە، كە هیچ بڕە پارەیەكی تر بۆ بودجەی ساڵی داهاتوو زیاد ناكەن، چونكە حكومەت لەتوانایدا نییە پارە بۆ وەبەرهێنانو پەرەپێدانی وڵات زیاد بكات.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، عەبادی تەئكیدی كردۆتەوە جگە لەمووچەی فەرمانبەرانو خانەنیشینانو یارمەتی كۆمەڵایەتی، سەرجەم خەرجییەكانی دەوڵەت كەمكراوەتەوە.