ئاژانسی ھەواڵی ئەسۆشێتد پرێس، ئەمڕۆ بڵاویکردەوە کە وەزیری ئابووری فەرەنسا، برونۆ لێ مایرێ، سکاڵای یاسایی تۆمارکردووە لەدژی کۆمپانیای زەبەلاحی بازرگانی ئەلیکترۆنی ئەمەریکی ئەمازۆن، بەھۆی سەپاندنی کۆمەڵێک کۆتوبەندی “نادادپەروەرانە” بەسەر کۆمپانیا فەرەنسیەکان لەوڵاتی فەرەنسادا.
گرتنەبەری ئەم ھەنگاوە یاساییە، لەلایەن وەزیری ئابووری فەرەنساوە لەدژی ئەمازۆن دوای ئەوەھات کە دەزگای کۆنترۆڵی ساختەکاری فەرەنسا ھەستا بەلێکۆڵینەوەکردن لەو دۆسیەو لەسەر راسپاردەی دەزگاکە وەزیری ئابووری فەرەنسا، سکاڵای لەسەر کۆمپانیا ئەمەریکییەکە تۆمارکردووە داوای ١٠ملیۆن یۆرۆ وەکو غەرامە لەکۆمپانیاکە دەکات.
لێکۆڵەرەوانی دەزگای کۆنتڕۆڵی ساختەکاری فەرەنسا ئاشکرایان کردووە کە کۆمپانیای ئەمازۆن کۆمەڵێک بەندی خراپ و نارەوای بەسەر کۆمپانیا ھاوبەشە بازرگانیە فەرەنسیەکاندا سەپاندووە بەجۆرێک کە کۆمپانیاکە یەک لایەنەو بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆمپانیا ھاوبەشە فەرەنسیەکان دەستکاری گرێبەستەکانی نێوان خۆی (کۆمپانیای ئەمازۆن) کۆمپانیە فەرەنسیەکان بکات و گۆرانکاریان تێدا بکات و تەنانەت یەک لایەنە بتوانێت گرێبەستەکانیش ھەڵبوەشێنێتەوە.
دەزگای کۆنترۆڵی ساختەکاری فەرەنسا ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە حکومەتی فەرەنسا دەیەوێت “بەشێوەیەکی باشتر کاری کۆمپانیا دیجیتاڵیە گەورەکان ڕێک بخات و پەرەی زیاتر بدات بە شەفافیەت و ھاوسەنگی و دڵسۆزی لەپەیوەندیەکانی نێوان کۆمپانیاکاندا.”
لەبەرامبەردا کۆمپانیای ئەمازۆن-ی ئەمەریکی ڕایگەیاندوە کە کۆمپانیاکە ھیچ لێدوانێک نادات لەسەر ڕێکارەیاسایی و دادوەریەکان لەدژی.