قەیرانی دارایی و هاتنی وەرزی سەرما، بازاڕی کۆنە فرۆشانی گەرمتر کردووە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک، روو لە بازاڕی کۆنە فرۆشان دەکەن و لەوێ پێداویستییەکانییان بە نرخێکی کەمتر دەکڕن.
ئەو کەلوپەلانەی لەم بازاڕە دەخرێنە روو لە وڵاتانی ئەورووپاوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون، لە رووی کوالێتیی و نرخیشەوە بۆ هاووڵاتییان گونجاوە و جگە لە خەڵکی ئەم وڵاتانە، خەڵکی بیانی و پەنابەرانیش لە بازاڕەکە دەبینرێن و خەریکی کڕینی پێداویستی و کەلوپەلەکانن.
هاووڵاتییەک ئاماژە بەوە دەکات کە جاران تەنیا خەلکی هەژار و کەم دەرامەت روویان لەو بازاڕە دەکرد بەلام ئێستا خەڵکی هەژار و دەوڵەمەند سەردانی ئەو بازارە دەکەن و رۆژانی هەینی و رۆژە پشووەکان ئەم بازاڕە جممەی دێت.
هاووڵاتی سالار ئەحمەد وتی: “رۆژانە خەڵکێکی زۆر روو لەم بازارە دەکات و نرخەکانی هەرزانن، کوالێتیشی باشە و لە چینی هەژار و دەوڵەمەند رووی تێدەکەن و جۆرەها کاڵا و پێداویستییەکانی رۆژانەی تێدایە، جۆرەها خەڵک روو لەو بازارە دەکەن و لە هەموو وڵاتانی دونیا ئەو جۆرە بازارە هەیە، مەرج نییە تەنیا شتی کۆن لەو بازاڕە هەبێت چونکە شتی نوێشی تێدایە، لەگەڵ ئەوەشدا جاران تەنیا خەلکی هەژار و کەم دەرامەت رووی لەم بازاڕە دەکرد بەڵام ئێستا خەڵکی دەوڵەمەندیش بۆ کڕین روو لێرە دەکەن”.
ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە ئەوانیش هاوشێوەی هاووڵاتیانی دیکە بۆ کڕینی پێداویستی و کەلوپەلانییان روو لەو بازاڕە دەکەن، رەشاد ئیبراهیم پەنابەرێکی سوورییە و دانیشتووی هەرێمی کوردستانە، ئەو کە بۆ کڕینی جلوبەرگ هاتبووە ئێرە، وتی: “نرخی کاڵا و کەلوپەل لەو بازاڕە لەگەڵ مۆڵەکان زۆر جیاوازە و قەیرانی دارایی کاریگەری لەسەر بازاڕ هەیە و وایکردووە سەردانی ئێرە بکەین، کەمیی نرخەکانیش هۆکارێکە بۆ ئەوەی خەڵک زیاتر سەردانی بازاڕی کۆنە فرۆشان بکەن”.
بەشێک لە خاوەن دوکانەکان ئامادەنەبوون لەبەردەم کامێرا باسی بازاڕگەرمیی کۆنە بکەن بەهۆی ئەوەی ترسیان هەبوو کە خاوەن موڵکەکان دوای بیستنی هەواڵەکە کریێ دوکانەکانیان لەسەر زیاد بکەن، دارەوان رەشاد دوکاندارێکی بازاڕی کۆنە فرۆشانە و ئەو نەیشاردەوە کە بازاڕی لکۆنەفرۆشان گەرمە و جموجۆلی تێدایە.
دارەوان رەشاد وتی: “دوای قەیرانی دارایی، ئەوا بازاڕ زۆر گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە چونکە پێشتر خەڵک دەچوو قەمسەلەیەکی دەکڕی بە ٥٠ دۆلار و ئێستا لە بازاڕی کۆنەفرۆشان بەو پارەیە ٥ دانە قەمسەڵە دەکڕێت، بەگشتی جموجۆڵی بازاڕیش باشە و خەڵک زۆر روو لەو بازاڕە دەکەن و جموجۆڵی بازارگانی هەیە”.
بازاڕی لەنگە لە رۆژانی هەینی و رۆژانی پشوو، دەبێتە قەڕەباڵغترین شوێنی شار و خەڵکی بە گشتی رووی تێدەکەن.