ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی بەمەبستی تاوتوێکردنو چارەسەرکردنی کێشەکانی بازرگانان لەدەروازە سنوریەکان کۆبونەوەیەکیان لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیاکانی پشکنین بۆ رێکدەخات.
ئەمڕۆ دوشەممە ١٨ / ١٢ / ٢٠١٧، لەژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی کۆبونەوەیەکی بەرفروان لەنێوان بازرگانانی بواری خۆراکو کارەبایو گواستنەوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی پشکنین بەرێوەچوو. لەکۆبونەوەکەدا بازرگانان کێشەو گیروگرفتەکانی خۆیانو سەرنجو تێبینیەکانیان گەیاندە نوێنەرانی کۆمپانیاکانی پشکنین لەدەروازە سنوریەکانو ئەوانیش وەڵامی پرسیارو سەرنجو تێبینەکانی بازرگانانیان دایەوە.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند “ئێمە ھەوڵئەدەین سەرجەم ئەو کێشەو گرفتانەی بازرگانان کە رۆژانە لەمبارەوە پێماندەڵێن لەم کۆبونەوەیەدا چارەسەر بکەین و کارێک ئەنجام بدەین کە لەسودی بازرگانان و ھاوڵاتیان بێت”٠
سەرۆکی ژوور وتی “ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی بەردەوام هەوڵیداوە بازرگانان هانبدات بۆ ئەوەی کاڵاو شمەکەکانیان بەباشترین و بەرزترین کوالێتی هاوردە بکەن”.
لەبەرامبەریشدا، ئاسۆس کەمال، نوێنەری ئەو کۆمپانیایەی گرێبەستیان لەگەڵ حکومەت هەیە بۆ پشکنین لەدەروازە سنوریەکان رایگەیاند “بەھەموو توانامانەوە ھەوڵئەدەین بەباشترین شێوە کارەکانمان بەرێوەببەینو ساڵانە تازەترین ئامێری پشکنین بۆ ئاسانکردنی کاروباری بازرگانان و خزمەتکردنی ھاوڵاتیان بھێنینە دەروازە سنوریەکانو بەوپەڕی تواناوە ئاسانکاری بۆ بازرگانان بکەینو سەرنج و تێبینەکانی بازرگانان بەھەند وەردەگرینو کاری لەسەر دەکەین، لەھەموو دەروازە سنوریەکانیش بەیەک جۆر ئامێری پشکنینو میکانیزم کار دەکەین”.
راشیگەیاند “ئێمە لەیەکەم ھەنگاوی کارکردنمانداینو ھاتوین لەم کۆبونەوەیەدا بەئامادەبوونی سەرۆکی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی پێتانبلێن چی بکەین بۆ ئەوەی بەباشترینو بەرزترین کوالێتی شتومەک بێتە کوردستانەوەو ئاسانکاری تەواویش بۆ بازرگانان بکرێت بەمەبەستی زیاترکردنی جوڵەی بازرگانی لەدەروازە سنوریەکان”.