عەبدولرەزا رەحمانی فەزڵی وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ دەروازە سنوورییەكانی پەروێزخانو حاجی ئۆمەران بەڕووی هەرێمی كوردستان بكرێنەوە.
لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ وەفدێكی ژووری بازرگانی ئێران رەحمانی فەزڵی رایگەیاند، بەهۆی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا بڕیارێكی هاوبەشماندا بۆ ئەوەی سنوورەكانی پەروێزخانو حاجی ئۆمەران لەگەڵ هەرێمی كوردستان دابخەیەن، لەسەرەتاشدا بڕیاردرا سنوورەكان لەماوەی 2 بۆ 3 هەفتە بكرێنەوە.
وەزیری ناوخۆی ئێران وتیشی، هەروەك بەرنامەرێژی بۆكراوە بڕیارە ئەمڕۆ هەردوو دەروازەی سنووری پەروێزخانو حاجی ئۆمەران كە لەو ماوەیەدا داخرابوون بكرێنەوە، دوای كۆبوونەوەكەش بەدواداچوون بۆ ئەوە دەكەم كە كراونەتەوە یاخود تا ئێستاش داخراون.
لای خۆشیەوە عەلی تۆفیق سەرپەرشتیاری مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان بەگەلی كوردستانی راگەیاند، تائێستا هیچ نوسراوێكی رەسمیان بۆ كردنەوەی مەرزەی پەروێزخان پێنەگەیشتوەو تەنها لەراگەیاندنەكانەوە ئەو هەواڵەیان بیستووە.