تۆڕی میدیایی رووداو کەمپەینێک بەناوی “رووداوی دەربەندیخان” بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەی دەربەندیخان رادەگەیێنێت.
کەمپەینی رووداوی دەربەندیخان بە بەشداری بەرپرسانی حکومی، سەرمایەداران و بازرگانان، ئەمشەو (شەممە 16-12-2017) لە کاژێر 21:00 بۆ 23:00 رادەگەیێندرێت و بۆ ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام دەبێت، تێیدا کۆمەکی خەڵکی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزە لە دەربەندیخان دەکرێت، کە لەنێو شارەکەی خۆیاندا ئاوارە بوون.
خەڵکی دەربەندیخان ئێستا بەهۆی مەترسی روودانی بوومەلەرزە و پاشلەرزەی بەهێز لەدەرەوەی ماڵەکانیان دەمێننەوە. بەپێی ئاماری لیژنەی ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، بەهۆی بوومەلەرزەکەی دەربەندیخان: هەزار و 500 خانوو زیانیان پێگەیشتووە، 435 خانوویان بەکەڵک نەماون و پێنج خانووش بە تەواوی داڕماون.