بەشێك لە جووتیاران بەرهەمی خۆماڵی لە هەنار دروست دەكەن و دەنكی هەنار و توێكڵەكەیشی بە چەند شێوازێكی جیاواز بەكاردەهێنن بۆ دروستكردنی ترشی هەنار و بەكارهێنانی لە مرەبای هەنار و سودوەرگرتنی بۆ ئالیكی ئاژەڵ.
هەزاران تۆن هەنار
ساڵانە لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی هەنار لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە و ناوچەی هەورامان، جووتیاران و خاوەن باخەكان سەرەڕای فرۆشتنی بڕێكی زۆر لە هەنار و هەروەها دروستكردنی روبەهەنار و شەربەتی هەنار، دواجار سودیش لە دان و توێكڵی هەنارەكە وەردەگرن بۆ چەند بەرهەمێكی جیاواز و بەكار هێنانی بۆ ئالیكی ئاژەڵ.
سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە بوونی بەرهەمی هەنار بەناوبانگە و وەك رێباز نەجیب، یەكێك لە جووتیارانی گوندی بەكراوا-ی سەربە پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاندوە: ساڵانە بە هەزاران تۆن هەنار بەرهەم دەهێنرێت لە سنووری هەڵەبگەز، ئەوەش وایكردووە كە تەنها سود لە خودی هەنار وەرنەگیرێت، بەڵكو لە دوای تەكاندنی هەنار و گوشینی ئاوەكەی بە مەبەستی روبەهەنار، لە چەند بوارێكی دیكەشدا سوود لە توێكڵ و دەنكی هەنارەكەش وەردەگرن.
وەك ئالیك بۆ ئاژەڵ
ئەو جووتیارانەی كە ئاژەڵیان هەیە و لە وەرزی زستانیشدا كەمتر لەوەرگا هەیە، توانیویانە سود لە دەنك و توێكڵی هەنار وەربگرن وەك ئالیك بۆ ئاژەڵەكانیان. رێباز نەجیب-ی جوتیار دەڵێ: «دەتوانن راستەوخۆ لەدوای تەكاندنی هەنارەكە و گوشینی ئاوی هەنارەكە، توێكڵەكە و دانەكەی بخرێتە بەردەمی ئاژەڵ، هەروەها هەندێك لە خاوەن ئاژەڵیش دەنك و توێكڵی هەنارەكە وشك دەكەن و دواتر دەیكەن بە ئاشدا و دەیهاڕن و لەوەرزی زستاندا و لەكاتی بەفرباریندا بەكاریدەهێنن بۆ ئاژەڵەكانیان».
جووتیاران رەخنە لە بێ پلانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگرن كە نەیتوانیوە كارگە دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی سودی زیاتر لە بەرهەمی هەنار وەربگیرێت، ئەو هاوڵاتییەی گوندی بەكراوا باسی لەوە كرد، بێ پلانی حكومەت لە ئاستێكدایە كە ئامادەیە لە توركیا و ئێرانەوە بە بڕە پارەیەكی زۆر ئالیكی ئاژەڵ هاوردە بكات، كە كەس نازانێت چۆن و لەچی دروستكراوە لەكاتێكدا دەیتوانی بە دامەزراندنی كارگەیەك لە توێكڵ و دانی هەنار زۆرترین ئالیكی ئاژەڵ لە باشترین جۆر و بەنرخێكی هەرزانتر بۆ خاوەن ئاژەڵەكان دابین بكات و ببیتە سەرچاوەیەكی داهات بۆ حكومەت و رەخساندنی هەلی كار بۆ ژمارەیەك هاوڵاتی بێكار، بەڵام ئەوەشی نەكردووە.
ترشی و مرەبای هەنار
هەروەها حەپسە ساڵح، ژنێكی دانیشتووی شاری هەڵەبجە لەبارەی چۆنێتی بەكارهێنان و سوود وەرگرتن لە دەنكی هەناررایگەیاندوە: سەرەڕای ئەوەی كە دەتوانرێت دەنكی هەنار بۆ ئالیكی ئاژەڵ سودی لێوەربگیرێت لەهەمان كاتیشدا لە مێژەوە هاوڵاتیان و خاوەن باخەكان سودیان لێوەرگرتووە بۆ دروستكردنی ترشی هەنار و هەروەها لە دروستكردنی مرەبای هەنار و لەهەندێك خواردن و چێشتی كوردەوارش بۆ خۆشكردنی تامەكەی بەكار دەهێنرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەگەر دەنكی هەنار لە دوای تەكاندنی هەنارەكەوە هەڵبگیرێت و نەخرێتە بەرخۆرەتاو ئەوا دەتوانرێت وەك ترشی هەنار و بۆ بەكارهێنانی چێشت و مرەبای هەنار سوودی لێوەربگیرێت كە زۆربەی هاووڵاتیان لە هەڵەبجە و هەورامان بەم جۆرە سوودی لێوەردەگرن و دواتر وەك ترشی هەنار لە بازاڕدا دەفرۆشرێتەوە، بەڵام ئەگەر دانی هەنار خرایە بەرخۆرەتاو وشككرایەوە ئەوا زیاتر بۆ ئاژەڵ سودی لێوەردەگیرێت.
خواستێكی زۆری لەسەر
ئەو ژنە جووتیارە هەڵەبجەییە ئەوەشی وت: «بەهۆی ئەوەی بە بەرارود بە رابردوو لە ئێستادا گۆڕانكاری بەسەر شێوازی لێنانی چێشت و خۆراكی رۆژانەی هاووڵاتیاندا هاتووە و كەمتر چێشتە كوردەوارییەكان لێدەنرێن، بۆتە هۆی ئەوەی كە چێشتە كوردەوارییەكان تام و چێژی تایبەتییان هەبێت و لەكاتی لێنانیشیاندا خواستێكی زۆری لەسەر بێت».
رۆژ نیوز