پڕۆسەی دانانی جۆزەی 20 ئەمپێری دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە

بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا، پڕۆسەی دانانی جۆزەی 20 ئەمپێری لە سنووری شارۆكەی شارەزووری سەر بە پارێزگای سلێمانی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەرپرسێكی باڵای پارێزگاكەش دەڵێت بەدانانی ئەو جۆزەیە، لە شەو و رۆژێكدا 20 سەعات كارەبای نیشتیمانی دەبێت.

لەوبارەیەوە رزگار غەفوور، قایمقامی شارۆكەی شارەزوور، راگەیاند، لەگەڵ بەڕێوەبەر و بەرپرسانی باڵای بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كارەبای سلێمانی، گفتوگۆمان كردووە سەبارەت بە بەدواداچوون بۆ دانانی جۆزەی 20 ئەمپێری بۆ سنووری شارۆكەی شارەزوور و هەفتەی رابردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كارەبای سلێمانی رەزامەندی پێشان داوە و بە نووسراو قایمقامیەتی شارەزووریان ئاگەدار كردووەتەوە و ئێستە دڵنیایی تەواومان پێ دراوە، بۆ دەستكردن بە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆسەیە، كە سوودێكی زۆری بۆ باشتركردنی رەوشی كارەبا لە سنوورەكەمان و پارێزگای سلێمانی دەبێت.

وتیشی، لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا دەست دەكرێت بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە لە سنوورەكەماندا و ئێستە ژمارەیەك كۆمپانیای كەرتی تایبەت راسپێردراون تا ئەو جۆزانە لە دەرەوە بۆ ناوەوەی هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی هاوردە بكەن.

هاوكات ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، رایگەیاند ”بێگومان دانانی جۆزەی 20 ئەمپێری لەسەر داخوازی هاووڵاتییانە و  داخوازییەكەیان ئاڕاستەی بەڕێوبەرایەتی گشتیی كارەبای سلیمانی دەكەن، ئەوانیش بە دەم داخوازییەكەوە دەچن و  ئەم جۆزەیە لە زۆربەی شارۆكە و شارەدێییەكان ئێستە دانراوە”.

روونی كردەوە، ئەگەر دانیشتوانی ناو شاری سلێمانیش داوا پێشكەشی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كارەبای سلێمانی بكەن، داوایەكەیان قبووڵ دەكرێت بۆ ناو شاریش دای دەنێین.

بەرپرسەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، جەختی لەوە كردەوە، بەدانانی ئەو جۆزەیە، لە ماوەی 24 سەعاتدا دەتوانرێت ماوەی 20 سەعات كارەبا دابین بكرێت، بەوەش كێشەی كەمی كارەبا تا ڕادەیەك چارەسەر دەكات.

شایەنی باسە، لەدوای سەركەوتنی ئەزموونی دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتی لە سنووری شارۆكەی پێنجوێن، كە كارەبای بەردەوام لە رێگەی دانانی جۆزەی (16) و (20) ئەمپێری بۆ هاووڵاتییانی سنوورەكە، ماوەیەكە خواستنی دانانی ئەو جۆزەیە بۆ چارەسەركردنی گرفتی بڕانی كارەبای نیشتیمانی لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان رووی لە زیادبوون كردووە.


وشە