حکومەتی عێراق بەنیازە بەرهەمی خۆماڵی و نێوخۆیی سەرجەم ئەو کارگانە کە لە هەرێمی کوردستانن کاردەکەن بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق قەدەخە بکات.
بەپێی نووسراوێک، مونزر عەبدولئەمیر ئەسەد، بەڕێوەبەری دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق داوای لە وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، لەماوەی 60 رۆژدا سەرجەم کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان (کە ئەو بە باکووری عێراق ناوی بردووە)، دەبێت لە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق ناویان تۆمار بکەن، بەپێچەوانە بەرهەمەکانی ئەو کۆمپانیایانە رێگایان پێنادرێت.
مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، قەدەخەکردنی بەرهەمی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراق رێکارێکی “زۆر ترسناک و مەترسیدارە”، دەبێتە زیادبوونی بێکاری و ئابڵۆقەدانی زیاتری کوردستان.
بەوتەی مەسعود حەیدەر ئەو هەنگاوە، پێشێلکردنێکی روونی دەستووری عێراقە و هیچ بەهایەک بۆ دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان ناهێڵدرێتەوە وەک پارێزگایەک مامەڵەی لەگەڵ دەکات، لەکاتێکدا ئەو کۆمپانیانە لە کوردستان بە فەرمی ناویان تۆمارکردووە.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، لە دوایین کۆبوونەوەیاندا لەوبارەوە سەرۆکایەتی کۆمارییان لە “پێشێلکارییە مەترسیدارە” ئاگادارکردووەتەوە، ئەوانیش بەڵێنیانداوە بەدواداچوون بکەن.