حکومەتی هەرێمی کوردستان شێوازی بنیاتنانی باڵەخانە تورکییەکان پەیڕەو دەکات، و سینان چەلەبی، وەزیری پیشەسازی و بازرگانیش دەڵێت “تورکیا نمونەیە بۆ ئێمە”.
سینان چەلەبی لەکاتی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ نیهات ئەرگون، وەزیری تەکنەلۆجیای تورکیا رایدەگەیەنێت کە هەرێمی کوردستان بەدوای ئەوەیە کە شێوازێکی بنیاتنان پەیڕەو بکات وەک ئەو شێوازە پێشکەوتووەی لە دروستکردنی خانوو باڵەخانە لە تورکیا بەکاردێت کە دامەزراوەیەکی تایبەتیان هەیەو ناسراوە بە ‘ئەنجوومەنی دروستکردنی خانووی بەکۆمەڵ لە تورکیا TOKI.
چەلەبی بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندووە کە تورکیا لەهەموو بوارێکدا نمونەیە بۆ هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی کە لاسایی هەمان شێوازی TOKI دەکەنەوە بۆ ئەوەی دامەزراوەیەکی هەمانشێوە بنیات بنێن و لەو بارەشەوە بەرەوپێشچوون روویداوە.
رۆژنامەی دەیلی میلییەتیش رایگەیاندووە کە هەرێمی کوردستان هەر بەوەوە نەوەستاوە، بەڵکو سود لە پسپۆڕانی دامەزراوەی TOKI دەبینێت تا هەمان دامەزراوە بنیات بنێن و ئەو پسپۆڕانە سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکەن.
چەلەبی هەوەها رایدەگەیەنێت کە کۆمپانیای بنیاتنانی تورکی رۆڵێکی گەورەیان هەیە لە هەرێمی کوردستاندا، ئەوەش دەخاتەڕوو کە حەزدەکەن وەبەرهێنەر و بازرگانی تورکی زیاتر ببینن لە هەرێمی کوردستاندا.
پێش چەند رۆژێکیش زافێر چاغلایان، وەزیری دارایی تورکیا رایگەیاندبوو “لە ئێستادا رێژەی وەبەرهێنان لەلایەن کۆمپانیا تورکییەکانەوە لە هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلار. ساڵی پاریش رێژەی هەناردەی تورکیا بۆ عێراق بایی 11 ملیار دۆلار بووە”.