حكومەتی عیراق خەریكی وردبینیكردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەو بەوتەی پەرلەمانتارێكی نزیك لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراقیش 683 هەزار فەرمانبەر پەسەندكراوەو لەمانگی داهاتوەوە مووچەكانیان ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
جاسم بەیاتی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و نزیک لەحیدەر عەبادی رایدەگەیەنێت ”لیستێکی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نێردراوە بۆ بەغدا بەڵام نا رێکخراوە و لەئێستادا وردبینی بۆ دەکرێت چونکە ناوی وەهمی تێدایە وەزارەتی دارایی توشی سەرلێشوان کردوە”.
بەیاتی ئاماژەی بەوەش کردوە ” ئەو لیستەی ڕەوانەی بەغدا کراوە ملیۆنیک و ١٣٠ هەزار موچە خۆر لەخۆ دەگرێت بەڵام بەشێکی زۆریان ناوی دوبارەن و بەشێکی تریان تەمەنی ٧٠ ساڵیان تێپەراندوە کە دەبوو بەپێی یاسا خانەنشین بکرێن”.
ئەو هەواڵە لەكاتێكدایە كە حكومەتی هەرێم تەئكیدی كردۆتەوە، كە هیچ لیستێكی مووچەی ڕەوانەی بەغدا نەكردووە، تاوەكو وردبینی تێدا بكەن.
جاسم بەیاتی جەخت لەوەش دەکاتەوە بەغدا وردبینی بۆ لیستی موچەخۆرانی هەرێم کردوە و تەنها 683 هەزار فەرمانبەر بەموچەخۆری رەسمی پەسەند دەکات ئەوانی تر دەبێت حکومەتی هەرێم چارەسەرێکیان بۆ بدۆزێتەوە.