ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق ئاشكرای دەكات، بەهۆی ئەو گەندەڵیەی لەگومرگو دەروازە سنورییەكاندا دەكرێت، لەهەر چركەیەكدا عیراق 263 دۆلار زیانی پێدەگات.
هەیسەم جبوری ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە، بەرپرسانی دەروازە سنورییەكان لە گەندەڵییەكی گەورەوە تێوەگلاونو بەهاوكاری كەسانی دەست ڕۆیشتوو، لەرێگەی دەستكاریكردنی بڕو كوالێتی كاڵای هاوردەكراو و گۆڕینی بڕی باجی سەر ئەو كاڵایانە، قازانجێكی زۆریان كردووە و رۆژانە بەسەدان بارهەڵگری پڕ لەكەلوپەلی هاوردەكراو، بەبێ وەرگرتنی باج داخڵ دەكرێن، بەو هۆیەشەوە عیراق لەهەر چركەیەكدا 263 دۆلار زیانی بەردەكەوێت.
جبوری ئاماژەی بەوەشكرد، داهاتی گومرگەكان بەگوێرەی قەبارەی هاوردەكردنو فرۆشتنی بانكی ناوەندی 9 ملیار دۆلارە، بەڵام ئەو داهاتەی كە لەدەروازە سنورییەكانەوە رادەستی خەزێنەی گشتی دەكرێت لە 500 ملیۆن دۆلار كەمترە، ئەمەش بەپێی نرخاندنی گومرگی، كە لەیاسای تەعریفەی گومرگیدا هاتووە، ناگاتە رێژەی لەسەدا 7ی داهاتی راستەقینە.