سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سویسرا لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی راپەڕاندنی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل كۆبۆوەو چالاكیەكانی كۆمپانیاكە لەكەرتی نەوتی هەرێمدا گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
سایتی ڕەسمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردۆتەوە كە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ سویسرا بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆربەندی ئابووری جیهانی كە لە داڤۆس بەڕێوەدەچێت، چاوی بە رێكس پیلەرسۆن سەرۆكی ئەنجومەنی راپەڕاندنی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیلی ئەمریكی كەوتوەو لە دیدارێكیشدا سەرۆكی ئەنجومەنی راپەڕاندنی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل باسی لە چالاكیەكانی كۆمپانیاكەیان كردووە كە ماوەیەكە لە هەرێمی كوردستان كاری دۆزینەوەو دەرهێنانی نەوت دەكات، كۆبوونەوەكەش لەكاتێكدایە كە لەچەند رۆژی ڕابردوودا نوری مالیكی سەرۆكی وەزیرانی عیراق لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل كۆبۆوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چالاكییەكانی ئەو كۆمپانیایە لە عیراق كە بۆتە خاڵی ناكۆكی لەنێوان هەولێرو بەغدا، كۆمپانیای ئیسكۆن مۆبیلی ئەمریكی لەساڵی 2011دا شەش گرێبەستی نەوتی لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئیمزاكرد، لەكاردانەوەیەكیشدا حكومەتی فیدراڵی گرێبەستەكانی بەنایاسایی وەسفكردو هەڕەشەی ئەوەشی لەكۆمپانیاكە كرد كە ئەگەر واز لەو گرێبەستانەی نەهێنێت ئەوا ئەو گرێبەستەی هەڵدەوەشێننەوە كە بۆ پەرەپێدانی كێڵگەی نەوتی خۆرئاوای قورنە ئیمزای كردووە، لەئەنجامی ئەو فشارانەشدا كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل بڕیاریدا پشكەكانی لە كێڵگەی خۆرئاوای قورنە بفرۆشێتو لەهەرێمی كوردستان بەردەوامی بەكارەكانی بدات.