“ئێران بڕیارێک بۆ کردنەوەی مەرزی پەروێزخان و حاجی ئۆمەران دەردەکات”

بەرپرسی لیژنەی دیبلۆماسی لەكۆمسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران، مورتەزا سەفاری بە میدیای وڵاتەكەی راگەیاند پێویستە تاران پەیوەندییە بازرگانیەكانی لەگەڵ هەرێم دەستپێبكاتەوە.
 
مورتەزا سەفاری، ئاماژەی بەوەشكردوە لەماوەی رابردو كۆماری ئیسلامی ئێران، ئابورییەكی بەهێزی هەبوە‌و پێویستە پارێزگاری لەو ئابوریە بكرێت، پێشی وایە ئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتەكەی بریارێك بۆ كردنەوەی دەروازە سنورییەكانی مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران‌و پەروێزخان، لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەردەكات.
 
دوای ئەنجامدانی ریفرادۆمی لە25-9-2017 هەرێمی كوردستان، كۆماری ئیسلامی ئێران وەك دروستكردنی فشار‌و دژایەتی كردنی پرۆسەكە بریاریدا بە داخستنی سەرجەم مەرزە نێودەوڵەتیەكانی لەگەڵ هەرێم، جگە لەكردنەوەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماغ، تا ئێستاش هەردو مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران‌و پەروێزخان نەكراونەتەوە.