رۆژنامەی شەرقئەوسەت ئاشكرایكردوە، داخستنی فڕۆكەخانەكانی هەولێرو سلێمانی، رۆژانە 400 هەزار دۆلار زیان بەهەرێمی كوردستان دەگەیەنێتو هاتووچۆی گەشتیارانیش لەسەدا 72 دابەزیووە.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی شەرق ئەوسەت، بەهۆی داخستنی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرو سلێمانی لەلایەن حكومەتی عیراقەوە، هاتووچۆی گەشتیاران لەسەدا 72 دابەزیووە، ئەوەش لەكاتێكدایە لەماوەی رابردوودا لەسەدا 33ی سەرجەم گەشتەكانی عیراق لەو دوو فڕۆكاخانەوە ئەنجام دراوە.
راپۆرتەكە رونیكردۆتەوە، ساڵی رابردوو لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رۆژانە 50 تا 60 گەشتی ئاسمانی ئەنجام دراوە بەڵام لەئێستا بۆ 5 تا 6 گەشتی ناوخۆی لەڕۆژێكدا دابەزیووە، لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیش ژمارەی گەشتیاران لەهەزارو 500 گەشتیاری رۆژانەوە بۆ 350 گەشتیار كەمیكردووە، ئەوەش وایكردوە رۆژانە هەرێمی كوردستان بڕی 400 هەزار دۆلار زیانی لێبكەوێت.