رێبوار عه‌لی ماوه‌ی سێ ساڵ زیاتره چاوه‌ڕوانی باشبوونی دۆخی دارایی ده‌كات تا خواست له‌سه‌ر شتومه‌کەكانی دوكانه‌كه‌ی روو له‌زیادبوون بكات و ئه‌و بێ بازاڕییه جێبهێڵێت كه توشی گرفتی كردووه.
ئه‌و كه‌ته‌مه‌نی 50 ساڵه‌و ماوه‌ی 10 ساڵه له‌سلێمانی دوكانی فرۆشتنی پێداویستی رۆژانه‌ی هه‌یه، ته‌واو نیگه‌رانی به‌چاوه‌كانییه‌وه هه‌ستی پێده‌كرا، كاتێك له‌باره‌ی بێ بازاڕییه‌وه قسه‌ی بۆ خه‌ندان ده‌كرد.
ئێستا رێبوار‌و دوكانداره‌كانی دیكه، هاوشێوه‌ی موچه‌خۆران چاوه‌ڕوانن حكومه‌ت موچه دابه‌شبكات، چونكه راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر بازاڕی ئه‌وان ده‌بێت و بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك بازاڕیان گه‌رمده‌بێت.
رێبوار وتی “كاری ئێمه په‌یوه‌سته به‌موچه‌وه، كه‌خه‌ڵك پاره‌ی پێنه‌بێت و موچه وه‌رنه‌گرێت ئێمه‌ش هیچ قازانجێك ناكه‌ین و فرۆشمان نابێت”.
تا چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر ئاواره عه‌ره‌به‌كان تاڕاده‌یه‌ك بێ بازاڕی رێبواریان كه‌مكردبووه‌وه، “ئه‌وان پاره‌یان پێ‌بوو تا ڕاده‌یه‌ك بێبازاڕیه‌كه‌یان شاردبوه‌وه، به‌ڵام ئێستا ئه‌وانیش نه‌ماون یان كه‌م بوونه‌ته‌وه بۆیه دۆخی بازاڕ سست بووه”.
زیاتر له‌سێ ساڵه بازاڕه‌كانی كوردستان روویان له‌سستی كردووه. دۆخه‌كه كه‌به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخ و گوزه‌رانی زۆربه‌ی هاوڵاتیان كردووه.
جه‌لیل محه‌مه‌د (62 ساڵ)، دوو عه‌لاگه‌ی به‌ده‌سته‌وه بوو له‌یه‌كێك له‌بازاڕه‌كانی سلێمانی شتومه‌كی كڕیبوو وتی “رۆژانه سه‌ردانی بازاڕ ده‌كه‌م بێزارییه‌كی زۆر له‌ڕووخساری هاوڵاتیاندا ده‌بینم و تێبینی ئه‌وه ده‌كه‌م كه خه‌ڵكێكی زۆر دووچاری هه‌ژارییه‌كی زۆر بوونه‌ته‌وه”.
هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌كرد، ناسراوی هه‌یه كه فه‌رمانبه‌ره یارمه‌تی ده‌دات چونكه موچه‌كه‌ی كه‌مه‌و دره‌نگ وه‌ری ده‌گرێت “داوای هه‌ر شتێك له‌حكومه‌ت ده‌كه‌ین جێبه‌جێی ناكات و هیچ سودێكی نییه، ئه‌گه‌ر به‌ته‌مای ئه‌وه بین حكومه‌ت كارمان بۆ بكات بێ شێو سه‌ر ده‌نێینه‌وه،نه‌ك سلێمانی هه‌موو كوردستان بێزاره”.
به‌هۆی خراپی دۆخه‌كه‌وه، به‌شێك له‌دوكانداران ناچارن به‌قه‌رز شتومه‌ك بفرۆشن به‌كڕیاره‌كانیان، له‌كاتێكدا پێشتر به‌ئاسانی به‌قه‌رز شتومه‌كیان نه‌ده‌فرۆشت.
هاوكار سلێمان خاوه‌نی مینی ماركێت وتی “خه‌ڵك زیاتر بۆ كڕینی خۆراك و كه‌لوپه‌لی زۆر پێویست روو له‌بازاڕ ده‌كات، وه‌ك ده‌زانین مووچه كه‌مكراوه‌ته‌وه دره‌نگ دێت، ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ر بێت له‌وانه‌یه موچه‌كه‌ی ته‌نها به‌شی قه‌رزه‌كانی بكات”.
وتیشی “موشته‌ری وام هه‌یه كه فه‌رمانبه‌ره ده‌ڵێت له‌موچه‌كه‌م ته‌نها 50 هه‌زار دینارم بۆ ده‌مێنێته‌وه كه ده‌بێت خه‌رجی مانگێك به‌و بڕه پاره‌یه بكه‌م، ئه‌وه‌شی كه كاسبكاره به‌هه‌مان شێوه كه‌سابه‌ت نه‌ماوه، بۆیه بازاڕ زۆر سسته كڕین و فرۆشتن زۆر كه‌مه”.
هاوكار رونیكرده‌وه “هه‌ندێ كه‌س دێن به هه‌زار دینار برنج یان فاسولیا ده‌كڕن، پێشتر ئه‌و موشته‌ریانه 10 كیلۆ یان زیاتریان به‌یه‌ك جار ده‌برد، هه‌ندێ خه‌ڵكیش داوای كڕینی كه‌لوپه‌ل و پێداویستییه‌كان ده‌كه‌ن به‌قه‌رز، ئه‌گه‌ر به‌قه‌رز شت بفرۆشیت پاره‌كه‌ت ده‌فه‌وتێ چونكه له‌و بارودۆخه خه‌ڵك قه‌رزی پێنادرێته‌وه، ئه‌گه‌ر به‌قه‌رزیش شت نه‌فرۆشین بازاڕ نییه”.
به‌وته‌ی ئه‌و فرۆشیاره، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بازاڕ له 25 تا 30 هه‌موو مانگێك زیاتر ده‌بێت چونكه له‌و ماوه‌یه مووچه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره عه‌ره‌بانه دێت كه له‌شاری هه‌ولێر نیشته‌جێن، ئه‌وان زیاتر دێن، بۆ بازاڕ كردن و كه‌لوپه‌ل و پێداویستی زیاتر ده‌كڕن.
به‌راورد به‌و دوكاندارانه‌ی كه شتومه‌كی رۆژانه ده‌فرۆشن، ئه‌وانه‌ی كه جلوبه‌رگ ده‌فرۆشن بازاڕیان زیاتر رووی له‌كزی كردووه.
ره‌نجده‌ر عه‌بدوڵا دوكاندار له‌بازاڕی له‌نگه باسی له‌وه‌كرد، خه‌ڵكێكی زۆر كه‌م روو له كڕینی جلوبه‌رگ ده‌كات، ئه‌وانه‌ش كه ده‌یكڕن ئه‌وه‌نده مامه‌ڵه ده‌كه‌ن قازانجێكی وا ناده‌ن كه بایی ماندوبونیان بێت
ره‌نجده‌ر كه پێشتر دوكانی جلوبه‌رگی نوێی هه‌بوو، ئێستا به‌ناچاری دوكانه‌كه‌ی كردووه‌ته جلوبه‌رگی له‌نگه “به‌نرخێكی كه‌م ئه‌و جلوبه‌رگانه ده‌فرۆشم، هه‌رچه‌ند قازانجه‌كه‌ی كه‌مه به‌ڵام خواستیان له‌سه‌ر زیاتره”.
له‌پاڵ بێ بازاڕی و ناڕه‌زایی دوكانداره‌كان، به‌رپرسانی ئیداری سه‌رقاڵی رێكخستنی بازاڕه‌كانن، له‌چه‌ند مانگی رابردوودا قایمقامیه‌تی سلێمانی هه‌ڵمه‌تێكی فراوانی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئه‌نجامدا، ئێستاش قایمقامیه‌تی هه‌ولێر سه‌رقاڵی ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌تێكی هاوشێوه‌یه.
نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید قایمقامی هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، شاره‌وانییه‌كان به‌رده‌وامن له‌رێكخستنی بازاڕه‌كان، هه‌ڵمه‌تێك كرا بۆ زیاتر رێكخستنه‌وه‌ی بازاڕی شێخه‌ڵا، پێش چه‌ند رۆژێكیش هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره كرا بۆ لادانی زیاده‌ڕۆی و ئه‌و كه‌پرانه‌ی له‌ده‌وربه‌ری بازاڕی له‌نگه دروستكرابوون، كه‌رێگربوون له‌به‌رده‌م هاتوچۆی هاوڵاتیان و وه‌ستانی ئۆتۆمبێل، به‌رنامه‌ی تریش هه‌یه له‌بازاڕه‌كانی دیكه ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه به‌رده‌وام بێت.
قایمقامی هه‌ولێر پێیوایه، له‌سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌وه جموجۆڵی زیاتر كه‌وتووه‌ته بازاڕ، كڕین و فرۆشتن زیادیكردووه، ئه‌مه‌ش ده‌گێڕێته‌وه بۆ دڵنیایی هاوڵاتیان له‌سه‌قامگیری ئاسایش.