کونسوڵی ھەنگاریا: ھاوکاریەکانمان بۆ کوردستان بەردەوامە

کونسوڵی ھەنگاریا سەردانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی کرد و لەگەڵ سەرۆکی ژوور و ئەندامانی ئەمجومەنی کارگێری ژوور لەبارەی ڕەوشی بازرگانی و ئابوری کوردستان کۆبۆوە.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی و کەمال سعید تەھا کۆی و عەتا ڕەجب ڕەحمان و عوسمان فەتاح و بەختیار محمود ملا ئەمین و کەمال حمەعلی ئەندامانی ئەنجومەنی ژوور پێشوازیان کرد لە د.چابا فیزێکێینی کونسوڵی گشتی ووڵاتی ھەنگاریا لە ھەولێر.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژوور ڕایگەیاند: بەگرنگیەوە لەپەیوەندییە بازرگانییەکانمان لەگەڵ وڵاتی هەنگاریا دەڕوانین و بەردەوام هەوڵی بەهێزکردنی ئەدەین و ھانی بازرگانان دەدەین کارەکانیان لەگەڵ ولاتی هەنگاریا زیاتر بکەن.

سەرۆکی ژوور ڕاشیگەیاند: لەئێستادا داخستنی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کاریگەری زۆری ھەبووە لەسەر کەرتی بازرگانی و پیشەسازی و پەیوەندیەکانمان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا ، ئەمە لەکاتێکدا ئێمە کێشەمان لەگەڵ حکومەتی عێراق نیە، تەنھا دەمانەوێت دەستور وەک خۆی جێ بەجێبکرێت.

سیروان محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد ”ژووری بازرگانی گرنگی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵداوە پشتیوانی کەرتی کشتوکاڵی دەکات تا بتوانن جوتیاران گرنگی زیاتر بەوبوارە بدەن و کورستان بەرھەمی ناوخۆی زیاتربێت”.

لای خۆشیەوە د.چابا فیزێکێینی کونسوڵی گشتی ھەنگاریا لە ھەولێر ڕایگەیاند: ووڵاتەکەمان و بازرگانان و ڕێکخراوەکان کێشەی وەرگرتنی فیزای عێراقیان ھەیە بۆ سەردانکردنی کوردستان کەدەیانەوێت خزمەت بەکوردستان بکەن.

کونسوڵی گشتی ھەنگاریا ڕاشیگەیاند: بەڵێن دەدەین بەردوام دەبین لە ھاوکاری کردنی کوردستان، بەتایبەتی پێشمەرگە بریندارەکان کە بەشێوەیەکی خێرا پێویستیان  بەچارەسەر کردن هەیە لەدەرەوەی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشدا: وەبەرھێنەرانی ھەنگاریا ئامادەن لەکوردستان وەبەرھێنان بکەن وە نوسینگەی کۆمپانیاکانی خۆیان بکەنەوە گرنگی بەکەرتی وەبەرھێنان و بازرگانی بدەن.

قونسوڵی ھەنگاریا ئەوەش ڕوندەکاتەوە: ھەنگاریا بەردەوام یارمەتی کوردستان دەدات بەتایبەت ئەوناوچانەی کەئازادکراون لەدەستی داعش بەڵام حکومەتی عێراقی فیزانادات بە ڕێکخراوە هەنگاریەکان  تاکو بێن بۆ کوردستان، ئەمەش کێشە لەبەردەم ڕێکخراوەکاندا دروستدەکات.