روونكردنەوەی فڕۆكەخانەی سلێمانی لەسەر دەستپێكردنەوەی گەشتەكان

بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی بوونی بڕیارێكی رەسمی بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتەكان بۆ وڵاتانی دەرەوە رەتدەكاتەوە، لەكاتێكدا كۆمپانیای فڕۆكەوانی قەتەری وادەی دەستپێكردنەوەی گەشتەكانی بۆ هەرێم دیاریكردوە.

تاهیر عەبدوڵڵا بەرێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەبارەی دەستپێكردنەوەی گەشتەكانی دەرەوە لەڕێی فڕۆكەخانەكەیانەوە، راگەیاند: تائێستا هیچ بڕیارێكی رەسمی نیە بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەییەكان لەڕێی فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە،ئەوەشی هەندێك كۆمپانیای فڕۆكەوانی بڵاوی دەكەنەوە تەنها پروپاگەندەیە بۆ فرۆشتنی بلیتەكانیان.

ئەمرۆ 9ی كانونی یەكەمی 2017، سایتی كۆمپانیای قەتەر ئێروەیز بۆ فڕۆكەوانی بڕینی بلیتی گەشتەكانی بۆ هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و هەولێر لە رۆژی 30ی ئەم مانگە دیاریكردوەو داواش لەگەشتیاران دەكات كە دەیانەوێت بۆ ئەو دوو فڕۆكەخانەیە گەشت بكەن و بیلیت ببڕن سەردانیان بكەن.   

دوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی هەرێمی كوردستان، حكومەتی عیراق رۆژی 29ی ئەیلول بڕیاری راگرتنی تەواوی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكانی بۆ هەردوو فڕۆكەخانەی سلێمانی و هەولێر خستە بواری جێبەجێكردنەوە.

PUKmedia