لوبنان سەرچاوەی فەرمی هەناردەكردنی پارەی ساخته‌یه‌ بۆ عێراق

ئاسایشی گشتیی لوبنان تۆڕێكی نێودەوڵەتی بۆ ساختەكردنی پارە و مامەڵە پێوەكردنی ئاشكرا كرد، كە پارەی ساختەیان لە نێوان لبنان و عێراقەوە ئاڵوگۆڕ پێ دەكرد و لە بازاڕەكان بڵاویان دەكردەوە.

میدیاكانی لوبنان بڵاویان كردەوە، ئاسایش و هێزە تەناهییەكانی لبنان یەكێك لە ئەندامانی ئەو تۆڕەیان گرتووە كە لە دایكبووی ساڵی 1974ە و ددانی بە هەموو تاوانەكان ناوە، دواتریش لە ڕێی ددان پێدانانی ئەوەوە كە سێكی تریش گیراوە، كە لە ماڵەكەیدا چاپخانەی دروستكردنی پارەی ساختە و 848 هەزار و 400 دۆلاری ئەمەریكی و 40 ملیۆن و 100 هەزار دیناری عێراقی ساخەتەیش لە تەك چاپخانەكە دەستی بەسەردا گیراوە.

لە بەشێكی تری ڕوونكردنەوەكەی هێزە تەناهییەكانی لوبنان هاتووە كە ئەو پارە ساختانەی لەلایەن ئەو گرووپەوە دروست كراوە، بە بەرنامە ڕەوانەی عێراق كراوە و لە بازاڕەكانی دراوی ئەو وڵاتە بڵاو كراوەتەوە.

ئاسایشی گشتی لوبنان لە ئەكاونتی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوی كردەوە، كە دەستیان بە لێكۆڵینەوەی ورد كردووە و بەردەوام لە گەڕان بە دوای ئەو كەسانەی تریشیان كە لەگەڵ ئەو تۆڕە ساختەكارە كاریان كردووە.

جێی باسە لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە شارە جیاجیاكانی عێراق، بەردەوام باس لە بوونی پارەی عێراقی و دۆلاری ئەمەریكی ساختە دەكرێ، بەو هۆیەوەیش چەندان كەس گیراون، بەڵام تا ئێستە سەرچاوەی هێنانی پارەی ساختە بۆ عێراق نەدۆزراوەتەوە و زانیارییەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، كە لوبنان سەرچاوەی فەرمی هەناردەكردنی پارەی ساختەیە لەلایەن گرووپە ساختەكارەكانەوە بۆ عێراق، پێشتریش چەندان كەس لە لبنانەوە لەوكاتەی هاتوونەتە فڕۆكەخانەی بەغدا بە بوونی ڕێژەیەكی زۆری دۆلاری ئەمەریكی گیراون و دواتر دەركەوتووە تەواوی ئەو پارەیەی پێیان بووە ساختەیە.