ئەندامێكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، وادەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر دانیشتوانی سەنتەری شارەكە ئاشكرا دەكات و راشیدەگەیەنێت: ئەو بڕە نەوتەی لەلایەن بەغداوە رەوانە دەكرێت، كەمە و بەشی پێداویستی ناكات.
مەهدی مەحمود، ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بە تؤڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندوە:” ئەمڕۆ 4ی كانونی یەكەمی 2017، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی كۆبووینەوەو گفتوگۆمان لەبارەی نرخ و كوالێتی بەنزین و چۆنیەتی دابەشكردنی ئەو نەوتە سپییەی كە لە بەغداوە رەوانەی سلێمانی دەكرێت.
وتوشیەتی: هەرچەندە ئەو نەوتەی لەلایەن حكومەتی عیراقەوە رەوانە دەكرێت، بڕەكەی كەمەو بەش ناكات، بەڵام پرۆسەی دابەشكردنی بەسەر خێزانەكان بەردەوامە.
لەبارەی وادەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر دانیشتوانی سەنتەری شاری سلێمانی، مەهدی مەحمود پێشبینی كرد لەهەفتەی داهاتووەوە پرۆسەكە لەناو شار دەستپێبكات.